2010-07-17

جەمال گردەسۆری:

 

بە هەر دوو رەگەز و سەرجەم چین و توێژەكانی كورد، ئەوانەی لەو ساتەی دەفامن كەسی دڵسۆزی بە وەفای كوردپەروەری لەلا خۆشەویستە، چونكە كورد تاوەكو ئێستا لەبەرگریدایە، لە بەرامبەر ئەو هەموو ناحەز و دوژمنانەی هەن، كە دژی ئەوەن كورد بە مافی رەوای خۆی بگات و لەم رێگایەشدا خاوەنی هەزاران شەهید و مەرگەسات و داستانی قارەمانی تۆمار كراوین، هەروەها خاوەنی هەزاران لێهاتوو كە توانیویانە خزمەت بە كوردستان بكەن، یەكێ لەوانە كە خاوەن مێژوویەكی پاكە و دڵسۆزی و قارەمانێتی و بەرخودانی تۆمار كردووە شەهید حەسەن حەیرانە، لە خوێندنەوەی مێژووی ئەو دڵسۆزە راستییەكان دەكەونە بەرچاون حەسەن حەیران ژیانی هەرە زۆری لەنێو شۆڕشدا بەسەر برد وەك پێشمەرگەیەكی قارەمان و هەم خاوەن دەنگێكی بە سۆز، ئەوەی شارەزای شۆڕش و بەرگری بێت ئەوە مەحاڵە حەسەن حەیران نەناسێت، وەك پێشمەرگەیەكی ئازا و بە جەرگ بەشداری چەندین داستانی كردووە و ئازایەتی و دڵسۆزی بۆ رێبازەكەی پارتی و بارزانیی نەمر نیشان بدات، جگە لەوەی لە گەرمەی هێرش بۆ سەر دوژمنانی كوردستان حەسەن حەیران بە دەنگە بە سۆزەكەی حەیرانی دەچڕی كە گوزارشت بوو لە ورەبەرزی خودی خۆی و ئەو دڵسۆزانەی لەگەڵیدا بوون، ئەو هەر زوو ئەوەی دەردەخست پێشمەرگە نابەزێ و سەردەكەوێت بەسەر دوژمندا، جگە لەوەش دوای هەر سەركەوتنێك لە پشوودا یاخود لە نێو مەجلیسدا حەیرانی دەچڕی، ئەگەر كەسێكی بە جەرگ و ئازا و چاونەترس لە پێشمەرگەدا شەهید بوویایە ئەوە بە لاواندنەوە یاخود لاوك باسی نەبەردی ئەو پێشمەرگەیەی دەكرد، هەندێك لەوانە كە تۆماركراون شەهید عەلی حوسێن، محەممەد مەحموود رۆستەم، حەمید و ... هتد. گومان لەوەدا نییە حەسەن حەیران خۆشەویستی هەرە زۆرینەی كوردە، چونكە ژیانی لە پێناو كوردستان بەخشی بە دڵسۆزی، جگە لەوەش لەگەڵ هاوڕێكانی زۆر بە وەفا و پاك بوو، هەردەم دژی كەسانی خۆفرۆش بوو، لە دونیای حەیران جگە لە وەسفی عاشقانی پاكی كوردەواری ئەوی دیكەی گوزارشت لە خۆشەویستی هەستی نەتەوەیی دەكات، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ببێت بەو حەیرانبێژە بەناوبانگە، حەسەن حەیران تەمەنی 47 ساڵ بوو، 23 ساڵی رەبەقی لەناو شۆڕشدا بەسەر برد تاكو رێكەوتی 16/7/1984 لە گەشتێكی نێوان نەغەدە و رەزاییە بە كارەساتی ئۆتۆمبێل شەهید دەبێت و لەسەر وەسیەتی خۆی لە ساڵی 1990 تەرمە پیرۆزەكەی بە قاچاغ دەگوازنەوە گوندی تەلەخیمی گەورە زێدی باوك و باپیری لەتەك شەهیدان حەمەد عەلی، ئەنوەر تاهیر، عەزیز قادر خەلیل و دەروێش خەلیلی برا گەورەی دەنێژرێت، ئەوەی پێویستە بگوترێت حەسەن حەیران بووە مرۆڤێكی نەمر، چونكە لە هەر دوو رێچكەی پیرۆزی پێشمەرگە و حەیران چڕین ژیانی بەسەر بردووە، وەك مرۆڤێكی پاك و دڵسۆز و بە ئەمەكی نەتەوەكەی لاپەڕەكانی مێژووی تۆماركراوێكی پڕ لە شانازی رێبازێكی پیرۆزە، ئەو رێبازەی كە لەلایەن باوكی روحی كورد بارزانیی نەمر نەخشەی بۆ كێشراوە ئەویش قوتابخانەی كوردایەتییە.

 هەزاران سڵاو لەسەرجەم شەهیدانی رێبازی كوردایەتی.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌