2010-07-18

خەبات- محەمەد زەنگەنە:

سەركەوتنی دیپلۆماسییەتی كوردستان وكرانەوەی دەرگاكانی بەڕووی جیهاندا خاڵی هەرە سەرنجڕاكێشی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسیی ئەو هەرێمە بوو بەگشتی بەسوود وەرگرتن لەدەرفەتی داننانی یاسایی ودەستووریی حكوومەتی ئێراق بەم قەوارە جوگرافییەی كە خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی لەڕووی جیاجیاوە.بۆیەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەیاساییكردنی پەیوەندییەكانی لەسۆنگەی بڕوابوون بەدامەزراوەیی وڕێكخستنی حكوومی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی خۆی لەوڵاتانی دەروەدا ڕێكخست بەم ڕێگەیەش ئاسۆیەكی تازە لەبەردەم پەیوەندیی نێودەوڵەتیی نێوان كوردستان وجیهاندا كرایەوە بەتایبەتی لەگەڵ ئەورووپا. لەمبارەیەوە خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا دەربارەی پەرەسەندنی پەیوەندیی نێوان كوردستان وبەریتانیا لەدیمانەیەكی تایبەتدا بۆ خەبات هاتە دوان.

پەرەسەندنی پەیوەندیی نێوان كوردستان و ئەورووپا

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا ئاماژەی بەوەدا پەیوەندیی نێوان كوردستان وئەورووپا بەتایبەتی دوای گەشتە دیپلۆماسییەكەی سەرۆكی كوردستان بۆ چەند وڵاتێكی ئەورووپایی قۆناغێكی دیكەی پەرەسەندنی بەخۆوەبینی بەتایبەتی لەڕووی سوود وەرگرتن لەدەرفەتی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان، نوێنەرێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەسەردانی بەریتانیاو سەردانی ئەمساڵەی فەڕەنساو چەند دەوڵەتێكی ئەورووپادا بەتایبەتی دوای ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ فەڕەنسا، هەروەها گوتی: پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا بەتایبەتی لەم2 ساڵەی دواییدا پەرەسەندنێكی زۆری بەخۆوە بینی ناشتوانین بڵێن گرفت نییە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەڕووی بازرگانی و وەبەرهێنان ومیدیاییەوە پەیوەندیمان ڕۆژ بەڕۆژ لەبە هێزبووندایە لەبەریتانیا بەبەڵگەی گرێدانی كۆنفرانسی وەبەرهێنانی نێوان كوردستان وبەریتانیا كەشاندێكی بەرزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی د.بەرهەم ساڵح سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ناسینی حكوومەتی تازەی بەریتانیا

خاتوو بەیان ئاماژەی بەدوایین سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا بۆ بەریتانیا كەبووە دەرفەتێك بۆ ناسینی حكوومەتی تازەی بەریتانیا وگرێدانی دیدار لەگەڵ وەزیرو بەرپرسانی نێو ئەم كابینە حكوومییە كە حكوومەتێكی تەوافوقییەو حزبی پارێزگاران تیایدا زۆرینەیە بەسەرۆكایەتیی دیڤید كامیرۆن، هەروەها بۆ گرێدانی كۆنفرانسی بازرگانی و وەبەرهێنان بوو بۆ زیاتنر ناساندنی كوردستان بەبەریتانیا وجیهان كەبەكۆنفرانسێكی سەركەوتووی لەقەڵەمدا هەروەها گوتی: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەم سەردانەدا دیدارێكی لەگەڵ ولیەم هەیگ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گرێدا كە جاران سەرۆكی حزبی پارێزگاران بوو ئەمە جگە لەدیداری لەگەڵ وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا ومیر ئەندرۆ كوڕی شاژن ئەلیزابێس كە نوێنەری بازرگانیی بەریتانییە كۆبۆوە ئەمەش بووە دەرفەتێك بۆ ناسینی حكوومەتی تازە.

كۆنفڕانسێكی سەركەوتوو

خاتوو بەیان دووپاتیكردەوە ئەنجامی زۆر باش لەو كۆنفرانسە هاتەدی بەتایبەتی لەڕووی ناسینی هەرێمی كوردستان دووپاتیشیكردەوە پلانی كۆنفرانسەكە لەسەردمی كابینەی پێنجەمەوە دانرابوو بڕیار وابوو ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بەشداریی تیادا بكات، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردن وپێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەت مەسەلەكە دواخرا هەروەها گوتی: مەبەستی ئێمە لەو كۆنفرانسەدا كۆكردنەوەی بازرگانانی كوردو جیهان بوو لەلەندەن بۆ ناسینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كەخەڵكانێكی زۆر لەئەمەریكاو ئوستورالیاو فەڕەنسا ئیمارات بەشدارییان تیاداكرد، هەروەها دەمانویست پەیامی خەڵكی كوردستان بگەینینە دەرەوەو كوردستان لەهەموو ڕوێكەوە بەكوردستان بناسێنین. پێشمان باشبوو لەمانگی شەش گرێبدرێ لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكوومەتی تازە،دەشتوانم بڵێم كۆنفرانسەكە سەركەوتوو بوو بەبەڵگەی ئەوەی كۆنفرانس بۆ 300 كەس ئامادەكرابوو كەچی پتر لە600 كەس تیایدا ئامادەبوون، بۆیە لێرەدا پێمخۆشە سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو نووسینگەی تایبەتیی د.بەرهەم بۆ سەركەوتنی ئەو كۆنفرانسەی كە لەڕووی میدیایی و ئامادەبوونی بەرپرس و كۆمپانیاكانی جیهانی سەركەوتووبوو بەتایبەتی لەڕووی ئامادەبوونی 210 كۆمپانیای جیهانی.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان دووپاتیكردەوە هێشتا ماوە جیهان كوردستان بەتەواوی بناسێت وبزانێت دەرفەتی بزنسی تیادا هەیەو ئاسایش تیایدا بەرقەرارە، بەڵام نوێ،ەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا لەمبارەیەوە كۆڵنادات بەبەڵگەی گرێدانی دوایین كۆنفڕانسی وەبەرهێنان وبازرگانی كوردستان لەلەندەن كەتوانی پەیامێكی باش بەجیها بگەیەنێ وبەقۆناغی یەكەمی ناساندنی كوردستان بەجیهان لەقەڵەمدا، هەروەها گوتی: زۆر كەس نەیدەزانی بارودۆخی كوردستان چۆنەو دەترسان بەهۆی بارودۆخی ئێراقەوە بێنە كوردستان، بەڵام كەهاتنە كۆنفڕانسەكە ئێمە دەرفەتی دانیشتنمان پێدان لەگەڵ شاندی كوردستان ومیدیاكانی جیهانیش وەكو BBC و CNN و زۆری دیكەش گرنگییان بەم كۆنفرانسە دا ئەم هەفتەیەش شاندێكی گرنگی بازرگانی بەریتانی لەكوردستانە بۆیە هیوادارین ئێمە بتوانین كوردستان زیاتر بەوان بناسێنین بڕیاریشە لەمانگی 10 ی ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی بەریتانیا بەهێزەوە بەشداریی پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بكات بەپاڵپشتیكردنی چەندین كۆمپانیای گەورەی بەریتانی كە لەوانەیە لە30 كۆمپانیا زیاتر بن بەپێچەوانەی پار كە 1 كۆمپانیا بەشداریی كرد.

ناساندنی كورد بەبەریتانیا

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا تیشكی خستە سەر چالاكییە سیاسی و كولتورییەكانیان لەبەریتانیا بەگرێدانی چەندین سیمینارو كۆبوونەوەو ئاماژەی بەسیمینارێكی گەورەی كوردی لەپەرلەمانی بەریتانیا دا بەبۆنەی ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵبەجەی شەهید لەمانگی ئاداری ڕابردوودا بەبەشداریی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و شارەزایانی بواری جینۆسایدو شایەدحاڵەكانی ڕووداوەكە بەپاڵپشتیی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا گرێدرا.

هەروەها گوتی: ئێمە بەپلەیەك جەختمان لەسەر بواری ئەنفال وجینۆساید كردووە بەمەبەستی ناساندنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بەجیهان لەلایەكی دیكەشەوە ئێمە دەمانەوێ كولتووری كورد بەجیهان بناسرێت و وهونەرو ڕۆشنبیرییەكەی لەبەردەستی هەموو خەڵكدا بێت وخەڵك بیزانن، ئێمە پارساڵ پاڵپشتی فیلم فستیڤاڵی كوردیی لەندەنمان كرد،پێراریش پاڵپشتیی هەمان فستیڤاڵی مانچستەرمان كرد وپاڵپشتیی زۆر گرووپی مۆزیكی كوردیشمان كردووەو ئەمساڵیش فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەبارەی ژیانی خەڵك لەلادێیەكی كوردستان بەزمانی ئینگلیزی بەرهەمهێنراوە ولەوانەیە لەمانگی 10 یان 11ی ئەمساڵ نمایش بكرێ، هەروەها گووتی: ئێمە پاڵپشتیی پەنابەرو قوتابیانی كورد دەكەین لەبەریتانیا بەتایبەتی ئەو قوتابیانەی بەپارەیەكی كەمەوە دێنە بەریتانیا وئێمە توانیمان بەهاوكاریی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و دارایی هەرێمی كوردستان توانیمان ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین،حەز دەكەم ئاماژە بەوە بكەم ئێمە پاڵپشتیی هونەرمەندی نەخشەساز عوسمان ئەحمەد كردووە كە وێنەو نەخشەكانی تەعبیر لەئەنفال دەكەن ولەمۆزەخانەی زۆر بەناوبانگ نمایش دەكرێن هەروەها ئێستاش بۆ یەكەمین جارە كوردێك ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیایە كە نازم زەهاوییە وخەڵكی خانەقینە وئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵی هەیەو بۆ ئێمە زۆر گرنگەو ئێمە پاڵپشتیی دەكەین وئامادەین لەهەموو ڕوێكەوە یارمەتیی بدەین.

دیكۆمێنتە دەگمەنەكانی

كورد لە بەریتانیا

خاتوو بەیان نیشانیدا ئەوان وەكو نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا دەتوانن ڕۆڵیان لەدەستكەوتنی ئەو دیكۆمێنتە گرنگانەی پەیوەست بەمێژووی كورد وبەتایبەتی ئەوانەی بەكەركووكەوە پەیوەستن بەتایبەتی ئەگەر لەگتێبخانەی گشتیی بەریتانیا بوو كە كتێبخانەیەكی جیهانییە ونیشانیدا خەڵكی بەریتانیا دەتوانن زانیارییان لەوێدا بەدەستبكەوێت ونوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لەمبارەیەوە ڕۆڵببینێت بەتایبەتی ئەگەر شارەزایانی مێژوویی كورد داوای یارمەتییان كرد لەمبارەیەوە.

پرسی پەنابەرانی كورد لەبەریتانیا

بەیان سامی عەبدولڕەحمان نیشانیدا سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر پەنابەران یەك سیاسەتە بەبێ جیاوزی وئەوكەسەی مافی پەنابەرێتیی نەبێت ئەوا دەنێردرێتەوەو و گوتی: ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕامانگەیاندووە نامانەوێ خەڵك بەزۆری بنێردرێتەوە، بەڵام ئێستا حزبی پارێزگاران لەبارەی پەنابەرانەوە زۆر توندە وئێمەش لەسەر سیاسەتی خۆمانەوە بەردەوامین بە قبووڵنەكردنی گەڕأنەوەی بەزۆری پەنابەرانی كورد، بەڵام پەنابەرانی كورد بەگشتی لەوێ هەمەجۆرن هەنە مرۆڤی سەركەوتوون بەتایبەتی لەبواری پزیشكیدا كەسانی دیكەش هەن بارودۆخی مادییان خراپە وتائێستا هیچ گرفتێكی واگەورە لەنێوان كورد وڕەوەندی دیكە ڕوویان نەداوەو بەداخەوەش تائێستا ئامارێكی تەواومان بۆ ڕەوەندی كورد لەبەریتانیا نییە، چونكە لەوێ كوردی توركیاو سووریا وئێران و ئێراق وهەموو جیهان هەن، كوردی ئێراقیش هەموو بەئێراقی ناویان نووسراوە بۆیە زەحمەتە ژمارەیان بزانین، بەڵام لەهزرماندایە ئەم ئامارەمان هەبێت، ئەم مەسەلەیەش بووە گرفتێك بۆهەڵبژاردن بەتایبەتی بەنەبوونی ناسنامەیەك بسەلمێنێ لەفڵانە شار لەدایكبوونە و كەسانێكی زۆریش لەدەنگدان بێبەش بوون، ئێمە زۆر داوامان كرد كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكات، بەڵام كەچارەسەر نەبوو كەسانێكی زۆر لەدەنگدان بێبەش بوون وگرژییەكی زۆریش دروستبوو تەنانەت لەسەرەتاوە نەماندەزانی كوردی بەریتانیا مافی دەنگدانی هەیە یان نا بۆیە هیوادارین ئەمجارە ئەو گرفتە دووبارە نەبێتەوە دەمەوێ ئاماژە بەوەش بكەم من لەسەرەتاوە پێشبینیی ئەوەم دەكرد گرفت لەمبارەیەوە دروست ببێت بەتایبەتی بەوەرزی سەرمای بەریتانیا.

سیاسەتی ئیجابی بەریتانیا

بەرامبەر بەكورد

خاتوو بەیان نیشانیدا تائێستا بەهاتنی حكوومەتی تازەی بەریتانیا هیچ گۆڕانێكی سلبی لەشێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەدی نەكراوەو نیشانیدا چاوەڕوان ناكرێ ئەو پەیوەندیی دیپلۆماسییانە تێكبچنەوە بەبەڵگەی دوایی سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیاو دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومەتی بەریتانیا ودووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌