2010-07-19

خەبات- بڕیار محەمەد- كەلار:

 

هێشتا بارودۆخەكە روون نییە، ئێراق لەبەردەم چ رۆژگارێك خۆی دەبنێتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دەبێت، كورد جگە لەوەی تەئكید لەسەر دەستووری ئێراق بكرێتەوە، لە هەمانكاتدا پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری ئێراقیش وەك مەرجێك بۆ زەمانەتی نەتەوەیی خۆی دیاری بكات و لەگەڵ ئەوەشدا پێیانوایە دەبێت دەسكەوتە نەتەوەییەكان یاری پێوە نەكرێت، یەكێك لە چاودێرە سیاسەكانی دەڤەری گەرمیان، لە دیمانەیەكی خەباتدا ئاماژەی بەوە دەكات، كورد پێویستە دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار نەبێت.

چاودێری سیاسی هوشیاری عەبدولعەزیز سەبارەت بە گرنگی مەسەلەی پێكهێنانی حكومەت لە ئێراقدا گوتی: یەكێك لەمەسەلە هەستیارەكانی ئێستای گۆڕەپانی سیاسی ئێراق مەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی نوێیەو ئەمەش لەبەر كۆمەڵێك هۆكارو فاكتەری ناوخۆی و دەرەكی بۆتە گەورەترین گرفتی ناوچەكەو ئێراق و گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی كەوا هەریەك لە وڵاتە بەرژەوەندارەكان بەجیا پێی خۆیان لەم پرسەدا بخشێنن، دیارە ئەمەش بۆ ئێراقی نوێ دۆخێكی ئاڵۆزو نەخوازراوی بەرهەمهێناوەو بۆتە هۆكار لەپەكخستنی زۆر مەسەلەی گرنگ و پڕبایەخ، گەر لەڕوانگەی ئەم سەرەتایەوە لەمەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئێراقیش بڕوانین ئەوەدەبینین كێشمەكێش و ململانێكان لەئاستێكی فرە بەرزو مەترسیداردان و پێدەچێ زۆر لە بەند بابەتەكانی دەستوری نوێی ئێراق پەراوێز بخرێ و بكرێتە هەندێك خاڵی مردوو، بەتایبەت مەسەلەی پۆستە سیادییەكان كەیەكێكە لەو خاڵە گرنگانەی لەحەوت ساڵی ڕابردوەوە تا ئێستا بەشێوەی چڕو پڕ جێی گفتوگۆو ململانێی لایەنەئێراقیەكان بووە.

بەبڕوای ئەو چاودێرە سیاسیە لە وێستگەیەكی وا گرنگیشدا كورد بەردەوام جەختی لەسەر جێبەجێكردنی دەستوورو یاسای نوێ كردۆتەوە، بەڵام وادەردەكەوێ ئەم مجارەیان مەسەلەی پۆستە سیادییەكان دەبێتە لەمپەر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتدا. لێرە بەڕێزیمان وەستاند و لێمان پرسی بۆ؟ گوتی: چونكە بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان سەردانی جۆزیف بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئێراق بۆ ئەوە بوە كە هەریەك لە مالیكی و عەللاوی و كورد هەریەك لەلای خۆیەوە دەست كۆمەڵێك پۆست هەڵگرێت، ئەم داوایەش لەوە وە سەرچاوە دەگرێت كەكاتی خۆی پۆستە سیادییە یەكەمەكانی وەك سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان بەشێوەی تەوافقی دابەشكرابووبەسەر كورد و شیعەو سونەدا ئەمەش لە ئێستادا كاریگەری خۆی هەرماوەو بۆتەهۆكاری پێك نەهاتنی لایەنەبراوە ئێراقیەكان.

ئەو چاودێرە سیاسییە جەختیش لەسەر ئەوەی كردەوە، هەندێك بۆچوونی وا هەیە كەوا دابەشكردنی پۆستەكان لەم جارەی حكومەتدا دەبێتەبنەمایەك بۆ ئێراقی داهاتوو، واتە چەسپاندنی پۆستەكان دەبێتە عورف و نەریتێكی چەسپیوو ڕەنگە بەئاسانی ئاسەوارەكانی نەسڕێتەوە هەربۆیە دەبینین هەریەكە لەمالكی و عەللاوی پێداگری لەسەر سەرۆك وەزیران دەكەنەوەو دەیانەوێت ئەو پۆستە بۆخۆیان دەستەبەر بكەن، لەلایەكی دیكەشەوە كوردیش دەیەوێت پۆستی سەرۆك كۆماری بۆخۆی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەمە تەنها خواستی كوردە و پێچەوانە لایەنە دەرەكیەكانی ئێراق بە خودی ئەمەریكاشەوە ئەم مەسەلەیەی بەلاوە قورسەو دەیەوێت هەرچۆنێك بێت كورد ببێتە هۆكاری پێكهێنانی حكومەت بەدەستهەڵگرتن لە پۆستی سەرۆك كۆماری. بێگومان ئەمەش لە داوایەكی بایدنەوە دەركەوت كە لەدوا سەردانیدا بۆ ئێراق داوای لەكورد كردووە دەست لەو پۆستە هەڵگرێت لەبەرمبەردا كۆمەڵێك پۆستی دیكە لە حكومەت وەربگرێت.

دیارە ئەمەش بۆ كورد داوایەكی مەترسیدارەو پێدەچێت كاریگەری خراپی هەبێت لە داهاتووی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی ئێراقدا، چونكە بارودۆخی ئێراق بارودۆخێكی ئاڵۆزو پڕ كێشمەكێشەو ململانێی سەخت و دژوار هەیە لەسەر ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتە، ئەمەش بێگومان كاریگەری دەبێت لەسەر ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی داهاتووی سستەمی سیاسی ئێراق و ئەو یاساو ڕێسایانەی كەدەشێ لەداهاتوو دەستكاری بكرێن، جومگە گرنگەكانی ئەو یاساو ڕێسایانەش مەسەلەی جێبەجێكردنی دەستورو پاراستنی پایە گرنگەكانی دیموكراسیەتەكە لەئێستای ئێراقدا بەجۆرێك لەجۆرەكان پیادەدەكرێ.

بەبڕوای هوشیار عەبدولعەزیز لەم نێوانەدا دەبێت كورد بەشێوەیەكی زۆر ژیرو حەكیمانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستكەوتە دەستوەریانەدا بكات و ڕێگە نەدات هیچ مساومەیەك لەسەر خواستی ڕەوای گەلەكەی بكرێت و هاوكات لەگەڵ ئەمەش پێویستە دەست لەپۆستی سەرۆكایەتی كۆمار هەڵنەگرێت و بیسەلمێنێ كە ئەو هاوبەشی دەوڵەتی ئێراقە، نەك پێكهێنەری حكومەت و دەوڵەتی نوێ واتە كورد لەڕێگەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمارەوە دەتوانێ بەشێك لەدەسەڵاتی تەنفیزی بۆ خۆی كۆنترۆڵ بكات و بە ئاراستەی زیاتر چەسپاندنی دیموكراسیەت كار لەسەر پنت و بنەماكانی سستەمی سیاسی ئێراق بكات، بەڵام بەو مەرجەی كە شێوەیەكی بابەتیانە بدرێت بەهاوبەشی كردن لە دەوڵەتی نوێدا.

ناوبراو لەدرێژەی بۆچوونەكانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە لەو ڕێگەیەوە داخوازییە دەستوریە بەدەست نەهاتووەكانی دیكەی گەلەكەمان بەدەستبێنینەوەو لەو تەنگەژەو ململانێ سەختەدا ڕێگەنەدەین یاری بە دەستكەوتی نەتەوەییمانەوە بكرێ، لەبەرمبەریشدا دڵنیای بە هاوبەشە سیاسیەكان بدرێت بەوەی كە كورد، جگە لە بەهێزكردنی سیستەمی سیاسی و پایەكانی دیموكراسیەت هیچ مەبەستێكی دیكەی نییە و پێچەوانە ئەوەشی داوای دەكات مافێكی دەستورییە و پەیوەندی نییە بە بردنەوەی هەڵبژاردن و دەنگ هێنانەوە، بەڵكو ئەمەیان دەكەوێتە ناو پێكهێنانی حكومەتەوە و لەو جێگایەدا گفتوگۆ لەسەر مەسەلەی پۆستی وەزاری دەكرێ پێداگری لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری لەم دۆخەی ئێستای ئێراقدا پێداگریە لەسەر مانەوەی ئێراق بەوشێوە هاوبەشیەی كە لەحەوت ساڵی ڕابرودا كاری لەسەر كردووە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌