2010-07-20

بەڕێز مسعود بارزانی لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، كە دەقەكەی لە ژمــــــــارە 790ی ڕۆژی 2010/7/19 دا بڵاوكراوەتەوە، جارێكی دیكە شانازیی بە جلوبەرگی پێشمەرگایەتییەوە دەكات و باس لە چیڕۆكی جامانەی سوور دەكات و ئاماژە بە هێرشە هاوبەشەكانی حكوومەتی ئێراق و سوپای بەریتانیا لە ساڵی 1931 بۆ سەر بارزان دەكات و گوتی: لەو كاتەدا لەبەرئەوەی جەمەدانی جەنابی شێخ ئەحمەد سوور بوو، حكوومەتی ئێراق پێیوابوو لە ناو بارزانییەكان ئەوەی جامەدانی سوور ببەستێت پەیوەندیی بە جەنابی شێخ ئەحمەدەوە هەیەو موریدی شێخە. هەر بۆیە بە ئەحكامی عورفی بڕیارێكیان دەركرد، هەر كەسێك جامەدانی سووری لەسەردابێت لەسێدارەی بدەن. هەروەها گوتی: خەڵكی بارزان تەحەدایەكی گەورەی ئەم بڕیارەیان كرد، ڕۆژێكیان وەك ڕاپەڕینی لێهات، لەبەرئەوەی شوانێكیان گرتبوو جامەدانی سووری لەسەر بوو بە جامەدانییەكەی خنكاندبوویان. دوای ئەمە خەڵك ڕاپەڕین و پەلاماری قایمقامیەت و مەقەری فەوجیان دا، حكوومەتیش بۆ چاوترساندنی خەڵكەكە بەپێی ئەحكامی عورفی، 12 كەسی هەڵبژاردەی لە بارزانییەكان ئیعدام كرد، ئیدی لەدوای ئەمە لە ناوچەی بارزان وایلێهات ئەوەی جامەدانی سووری نەبەستایە مانای وابوو تەسلیمی ئیرادەی دوژمن بووە، واتە وازی لە بیروباوەڕی خۆی هێناوە. هەر بۆیە جامەدانی سوور بوو بە ڕەمزی بەرخودان. لەبەشێكی دیكەی ئەو دیمانەیەدا، سەرۆكی كوردستان دووپات لەوەدەكاتەوە، كە كورد نەتەوەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام بە درێژایی مێژوو غەدری لێكراوەو گوتی: من ئیمانێكی تەواوم بە دیاریكردنی مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی كورد هەیەو بە مافێكی ڕەوای میللەتی كوردیشی دەزانم. هەروەها جارێكی دیكە بۆچوونی خۆی بەرامبەر چارەسەركردنی دۆزی كورد لە هەر پارچەیەك بەپێی تایبەتمەندیی خۆی دەردەبڕێ، كە ئەویش ڕێگەچارەی ئاشتی و لێكتێگەیشتنە نەك شەڕوتوندوتیژی و گوتی: من لەگەڵ ئەوەم كێشەی كورد لە هەر پارچەیەكدا بەشێوەیەكی ئاشتی و دیموكراتیانە و بەپێی تایبەتمەندیی ئەو پارچەیە چارەسەر بكرێ. لەبارەی دامەزراندنی دامودەزگاكانی كوردستان، پێداگیری لەسەر جێبەجێكردنی یاسا دەكاتەوەو گوتی: هەموو خەبات و تێكۆشانمان بۆ ئەوەبوو میللەتی ئێمە ڕزگاری بێت و ژیانێكی بەختەوەری بۆ دابین بكرێت، ژیانی بەختەوەریش پێش هەموو شتێك دەبێ بە یاسا ڕێكبخرێت بۆ ئەوەی خەڵك ئەرك و مافی خۆی بزانێ. هەروەها جارێكی دیكە دووپاتی لەوەكردەوە، كە بەپێی بەرنامە سەردانی هەموو ناوچەكانی كوردستان دەكات بە ناوچە دابڕێندراوەكانیش و لەدیمانەكەدا مەبەست و ئامانجی ئەو سەردانانەشی روونكردۆتەوە كە بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لەڕەوشی هاووڵاتیانی كوردستان كە چیان بۆ كراوەو چیان دەوێ. لەبەشێكی دیكەدا، باس لەو ئازادییە دەكات كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕەخساوەو گوتی: ئازادی تا ئەو ئاستەیە كە ئازادیی خەڵكی دیكە پێشێل نەكرێ، ئێستا كەسانێك هەن لەوە تێپەڕیون، مافی خەڵك پێشێل دەكەن، بوختان دەكەن، تەعەددا دەكەن، لەگەڵ ئەمانەشدا كەس هیچیان پێناڵێت، بۆیە من پێموایە پێویستیمان بە بەخۆداچوونەوە هەیە. لەبارەی پرۆسەی سیاسی ئێراق و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی فیدراڵ، سەرۆك بارزانی بارەكە بە ئاڵۆز وەسف دەكات و پێشبینی ئەوەش دەكات بارەكە بەرەو خراپتر بچێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستووری هەمیشەیی ئێراق بە گەرەنتی چارەسەركردنی بارەكە ناو دەبات و گوتی: ئەگەر دەستوور بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بكرێ، هیچ گرفتێك نابێت، ئەگەر هەر گرفتێكیش بێتە پێشەوە زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەكرێ. لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی ئیقلیمی و عەرەبی و نێودەوڵەتی، سەرۆكی كوردستان ئاماژە بەو خراپ تێگەیشتنەی هەندێكیان دەكات كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیانبوو، گوتی: ئێستا بۆیان دەركەوت كە ئێمە بۆ هیچ كەسێك هەڕەشە نین. هەروەها ڕایگەیاند: بەڕاستی ئێمەش وەك هەر خەڵكێكی تر بەرژەوەندیی خۆمان هەیە. هەر لەو دیمانەیەدا ئاماژە بە سەردانەكانی خۆی بۆ وڵاتانی ئەوڕووپا داوە، بەتایبەتی كە لە فەڕەنسا یاداشتنامەی لێكتێگەیشتی ئیمزاكرد. پاشان لە وەڵامی چەندین پرسیاری دیكەدا، باس لە وەرزش و ئەدەب و هونەر دەكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌