2010-07-21

دكتۆر عەلی بەلۆ: لە ئەنجوومەنی نوێنەران شەهرستانی بە پێكەنینەوە گوتووتی: نابێت ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی بكرێتە بەڵگە

 

خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج

 

لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە وەك وەزیری نەوتی ئێراقی حوسێن شەهرستانی دەستیكرد بە دژایەتیكردنی پرۆسەی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و دوای هەناردەكردنیش ئەو دژایەتیكردنە زیادی كرد، ئەمە لە كاتێكدایە ناوبراو بەیەكێك لە وەزیرە فاشیلەكان ناسراوە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و ئەگەر پرسی سیاسی نەبووایە متمانەی لێوەردەگیرایەوە، سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ئاماژە بەوە دەكات، حوسێن شەهرستانی لە كاتی لێپرسینەوە لەگەڵیدا گوتوویەتی: راپۆرتی رۆژنامەوانی بەڵگە نییە بۆ تاوانباركردن و هەروەها ئەو نەوتە رەشەی دەچێتە دەرەوەی ئێراق پارەكەی لەلایەن حوسێن شەهرستانیەوە وەردەگیرێت

 

لە دیمانەیەكی تایبەت بە خەبات، دكتۆر عەلی حوسێن بەلۆ سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق، تەئكید لە فەشەلی سیاسەتی نەوتی حوسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی ئێراقی دەكاتەوە و باس لەوە دەكات، پێشتر لەسەر سیاسەتی حوسێن شەهرستانی باسی ئەوەمان كردووە، شەرهرستانی بەتوانا نەبووە بۆ وەزارەتی نەوتی ئێراقی و ئەو لێهاتووییەی نەبووە كە كراوەتە وەزیر، ئەمەش بە بەڵگە دەیسەلمێنین. سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بۆ بەڵگەكانیشی ئاماژەی بەوە كرد، لەكۆنفرانسێكی گەورەدا سەد پسپۆڕێك پێش دوو ساڵ كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانیش لەو كۆنفرانسەدا بوو، ئاماژە بەوە كرا، حوسێن شەهرستانی شایەنی ئەو پۆستە نییە و شەهرستانی لە توانای ئەو پۆستە نییە و ناتوانێت سیاسەتێكی باشی هەبێت، لەبەر ئەوەیە بەرهەمی نەوتی ئێراق لە نزمبووندایە و گەشە ناكات. دكتۆر عەلی بەلۆ وەك ئاماژەیەك بۆ ئابووری ئێراق ئەوەی بۆ خەبات روونكردەوە، ئێراق پێویستی بە سەدها میلیار دۆلار هەیە بۆ بوژانەوەی ئابووری خۆی، وەزیری نەوتیش نەیتوانییوە پەیڕەوی ئەو پلانە بكات، كە پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراقی كردووە بۆ بوژانەوەی ئابووری ئێراق لە رێگای بەرهەمە نەوتییەكانەوەئەمە راستییەكە و كەس ناتوانێ بیشارێتەوە

 

دكتۆر عەلی بەلۆ لەبارەی گەندەڵیەكانی وەزارەتی نەوتی ئێراقیشەوە ئاماژە بە هەدەرچوونی ئەو داهاتە دەكات، كە وەزیری نەوتی ئێراقی لێ بەرپرسیارە و دەڵێت: وەزارەتی نەوتی ئێراقی وەك زۆربەی دەزگاكانی دیكەی ئێراقی گەندەڵی زۆری تێدا بووە، رۆژانە بە ملیۆنەها دۆلار زیان بە ئێراق گەیشتووە و سوود لەو سامانە نەوتییە وەرنەگیراوە و بەرهەمە نەوتیەكان بەردەوام دزراوە لە وەزارەتی نەوتی ئێراقەوە، وەزیری نەوتی ئێراقیش نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات كە لە نێوخودی وەزارەتەكەیدا

 

دوای دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری كارەبای ئێراقی بە بڕیارێكی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران فاشیلترین وەزیری حكوومەتەكەی كرا بە وەزیری كارەبا، دكتۆر عەلی بەلۆ بەسەرسوڕمانەوە باسی لەوە دەكات كە، نوری مالیكی زۆر موعجیبە بە حوسێن شەهرستانی كە ئێستا وەزیری كارەبایشی پێ بەخشیوە، لە كاتێكدا شەهرستانی وەزیرێكی فاشیل بووە و ئەگەر بابەتی سیاسی نەبووایە لە ئەنجوومەنی نوێنەران متمانەی لێوەردەگرایەوە، وەرنەگرتنەوەی متمانە وایكرد كە حوسێن هرستانی خەڵكی دیكە تاوانبار بكات و دەست بۆ شتی دیكە ببات، سەیرە كە وەزیرێكی فاشیل وەزارەتێكی دیكەی پێبدرێت

 

بەهۆی سیاسەتی فشیلیەوە دەبوایە حوسێن شەهرستانی متمانەیی وەزیری لێوەربگیرایەتەوە، بەڵام وەك سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ئاماژەی پێكرد، هۆكاری سیاسی رێگر بووە لەوەی متمانەی لێوەرگرنەوە و لەوبارەیەوە بە خەباتی راگەیاند، هەوڵێكی جیدیشماندا بۆ ئەوەی متمانەی لێوەرگرینەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، چونكە وەزیرێكی زۆر فاشیلە، بەداخەوە رەوشی ئێراق وایە كە وەزیرێك كە فیشل بوو متمانەی لێوەر بگیرێتەوە، شەهرستانیش سوودی لەو رەوشە وەرگرتووە و دەیەوێت خەڵكی دیكەش تاوانبار بكات. سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق لە خولی پێشوو ئاماژەی بەوەشكرد، سیاسەتی حوسێن شەهرستانی سیاسەتێكی فاشیل بوو، بۆیە ئێستا شەڕ بە خەڵكی دیكە دەفرۆشێتەوە و دەیەوێ بەرامبەر بەمە خۆی راست بكاتەوە و ئێستاش كە قسە دەكات هیچ شەرعیەتێكی وەزاری و حكوومی نییە، چونكە حكوومەتی ئێراقی كاتی یاسایی و دەستوری بەسەرچووە

 

لەبارەی ئەو تۆمەتانەی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی دكتۆر عەلی بەلۆ ئاماژەی بەوە كرد، حوسێن شەهرستانی خۆی بڕوای بەوە نەبووە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بكرێتە بەڵگە و لێپرسینەوەی لەسەر بكرێت و بە پێكەنینەوە لە كاتی لێپرسینەوە گوتوویەتی: چۆن ئەنجوومەنی نوێنەران ئاستی خۆی وا بچووك دەكاتەوە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بكاتە بەڵگە، لەمبارەیەوە سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق رایگەیاند، چەندین بابەتی وامان لەسەر شەهرستانی وا هەبوو، لە ئەنجوومەنی نوێنەران رووبەڕووی شەهرستانیمان كردەوە و ناوبراو بە ئیتسفزازەوە پێمانی گوت: ئێوە چۆن وەك ئەنجوومەنی نوێنەران، خۆتان وا نزم دەكەنەوە كە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بكەنە بەڵگە، شەهرستانی لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران وایگوتوو: بە پێكەنینەوە گوتی: ئەمانە بەڵگە نیین و ئەوەی لەو رۆژنامە و سایت و گۆڤارانە بڵاو دەبێتەوە بەڵگە نیین و نابێت ئەنجوومەنی نوێنەران پشتی پێببەستن، باشە ئەی ئێستا حوسێن شەهرستانی خێرە دێت لەسەر راپۆرتێكی نیویۆرك تایمز دەیەوێ لێكۆڵینەوە لەگەڵ سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بكەن، ئێمەش بە پێكەنینەوە بە حوسێن شەهرستانی دەڵێن: چۆن دەبێت بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بكرێتە بەڵگە بۆ تاوانباركردنی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان 

لەبارەی ئەو نەوتە رەشەی دەنێردرێتە دەرەوە، بەرێز دكتۆر عەلی بەلۆ سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوە كرد، پارەكەی لەلایەن حوسێن شەهرستانیەوە وەردەگیرێت و مانەوەی نەوتەكەش مەترسی ژینگەیی هەیە و گوتی: ئێمە تەئكید دەكەینەوە ئێراق رۆژانە 200 هەزار بەرمیل لە پاڵاوگەدا نەوتی رەش دەردەكرێت دەبێت رێگایەك هەبێت بۆ دەرباز بوون لێی، پێشتر لە بەسرا فڕێدەدرا ئیدی گوتیان بۆ ژینگە خراپە و وەزارەتی نەوتی ئێراقی بەشێوەیەكی فەرمی ئەو نەوتە رەشەی فرۆشتووە و گرێبەستەكانیش لە وەزارەتی نەوتی ئێراقی دەكرێت، خودی شەهرستانی بەرپرسە لەو نەوتەی دەچێتە دەرەوە و پارەكەش ئەو وەریدەگرێ.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌