2013-11-16

لەمیانەی مەراسیمی كۆبوونەوەی جەماوەریی شاری ئامەد كە بە بەشداری ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكوەزیرانی توركیا بەڕێوە چوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

بەناوی خوای گەورە و مهیرەبان

خوشك و برایانی خۆشەویست خۆشحاڵم ئەمرۆ لە دیار بەكری خۆشەویست لەگەڵ ئێوەدامە، پڕ بەدڵ سوپاسی جەنابی سەرۆك وەزیران ئەردۆگان دەكەم، بۆ ئەو دەرفەتەی كە بۆ ئێمەی رەخساند، بۆ من ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژوویە خەونێكە كە هاتە دی، ئەمرۆ لە دیاربەكری دەلال و خۆشەویست بتوانم بەخزمەتی ئێوە بگەم. هەڵگری سڵاوی كوردستانم بۆ توركیا و هەڵگری سڵاوی هەولێرم بۆ دیار بەكری خۆشەوبست.

بەرێزان .. ئەمرۆ دروستكردنی مێژووی پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردنە، بناغەی ئەو مێژووەش ئەو رۆژە بوو، كە بەرێز ئەردۆگان هاتە دیاربەكر و گوتی: ئەو رۆژەی ئیناكاری كورد دەكرا ئیتر نەما. بۆمن وەكو تاكێكی كورد ئەو رۆژە دڵخۆشیەكی زۆر بوو، كە سەركردەیەك پەیدا بووە توركیا بەئاراستەی رێگایەكی راست دەبات، ئەویش رێگای برایەتیە.

خوشك و برایانی هێژا.. پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە برایەتی بژین، لە پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵ كردندا دەتوانین گەلی خۆمان بەختەوەر بكەین و وڵاتی خۆشمان ئاوەدان بكەینەوە. شەڕ تاقی كرایەوە، بەڵام كەسمان خێرمان لە شەڕ نەبینی، پێویستە ئەمرۆ خوێنی گەنجێكی كورد بەدەستی گەنجێكی تورك نەرژێت، بە پێچەوانەوەش خوێنی گەنجێكی توركیش بەدەستی گەنجێكی كورد نەرژێت. بناغەی پرۆسەی ئاشتی دانرا، ئێمە زۆر سوپاسی بەرێز ئەردۆگان دەكەین، كە زۆر بوێرانە رێگای ئاشتی هەڵبژاردوو دەستی بە پرۆسەی ئاشتی كرد، داواكاری من لە هەموو براكانم لە كورد و برایانی تورك ئەوەیە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بكەن، شەڕی ئاشتی شەڕێكی قورسە، باوەر بكەن كەسێك گەر بوێر نەبێت ناتوانی شەڕی ئاشتی بكات. چەند رێگەی ئاشتی درێژ بێت باشترە لە سەعاتێكی شەڕ، لێرەدا رایدەگەێنم هەم كورد هەم تورك لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی داین و پاڵپشتی دەكەین. هەنگاوی گرینگ لە پرۆسەكە دەست پێ بكات، پازدە بیست ساڵە ئەستەم بوو لە دیار بەكر ڕۆژێك بێت و لەخزمەت ئێوە بەم شێوەیە قسە بكەم. ئەوە بەرهەمی ئاشتی و بەرهەمی برایەتیە، ئێمە باوەڕمان هەیە، كە پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئەنجام، چەند كات پێویست بێت پێویستە دیاری بكرێت، لە كۆتایی قسەكانم دا جارێكی تر من زۆر بەختەوەرم بەخزمەتی ئێوە گەیشتم، هیوای سەركەوتن و بەختەوەری بۆ ئێوە دەخوازم. لەكۆتاییدا چەند وشەیەك بە توركی قسە دەكەم هەر چەندە من توركی نازانم، یەشەسن كورد و تورك قارداشن، یەشەسن بارس، یەشەسن ئوزگورلوك " ، بژی برایەتی كورد وتورك بژی ئازادی بژی ئاشتی. هەر بەختەوەر و سەركەوتوو بن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌