2013-11-18

زۆر زۆر سوپاسی برای بەڕێز عوسمان بایدەمیر دەكەم، من زۆر دڵخۆش و خۆشحاڵم، كە ئەم دەرفەتەمان بۆ هاتە پێش و لە خزمەتی برایانی ئازیزی خۆمان بین، هاتنی ئێمە بۆ ئامەد، ئێمە هەڵگری پەیامی ئاشتی و برایەتین، هەروەها هاتووین بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی، هەروەها ئێمە هەڵگری سڵاوی گەلی كوردستانین بۆ گەلی تورك بە گشتی و سڵاوی هەولێرین بە تایبەتی بۆ ئامەدی خۆشەویست، دەمەوێ بلێم گەلی كوردستان گەلێكی ئاشتیخوازین و دەستی برایەتی بۆ برایانی توورك و عەرەب و فارس درێژ دەكەین، هەروەها زۆر رێز و تەقدیر دەنێرین بۆ هەنگاوی بەڕێز سەرۆك وەزیران رەجەب ئەردۆگان و بەڕێز ئۆجەلان، كە خزمەتیان بە پرۆسەی ئاشتی كردووە. ئێمە بە هەموو هێزێكەوە پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەكەین، هیوادارین گەلی كوردستان سەبر و تەحەمولیان هەبێت، چونكە پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیەكی پیرۆزە، بەڵام ئاسان نییە، ئەو دەستكەوتانەی بە ئاشتی بە دەست دێت بە رێگەی دیكە نایەتەدی.
دەمەوێ زۆر بە راشكاوی بڵێم ئەولەویەتی كاری ئێمە رێككەوتنی گەلی كوردە، چونكە ئەگەر كورد یەكگرتوو و تەبا بن دەتوانن خزمەتی خۆیان بكەن و دەشتوانن باشترین پەیوەندی برایەتی لەگەڵ برایانی توورك و عەرەب و فارس گرێبدەن.
ئێمە وای دەبینین ئەوەی دوێنێ لە ئامەد روویدا دەستپێكی مێژووێكی تازەیە، هیوادارین ئەو هەنگاوە بەردەوام بێت و ئاشتی تەنیا رێگایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی كە دەیان ساڵە لە خەباتداین و قوربانیمان بۆ داوە. ئامەد جێیەكی پیرۆز و ئازیزە.
ئەمە یەكەمجارە من بێمە ناو بازاڕی ئامەد، من بە دڵ و گیان ئامادم خۆش دەوێ، بەلێ كاك عوسمان ئامەد ماڵی ئێمەیە و هەولێریش ماڵی ئێوەیە، ئینشالڵا هەر لە خێرو خۆشی دادەبن و ئینشالڵاش ئاشتی سەر دەكەوێ. زۆر سوپاس.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌