2010-08-08

خەبات/محەمەد زەنگەنە ــ فۆتۆ: ئازاد لەشكری:

دوای تەواوبوونی ئەو كۆبوونەوەیەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان ود.نووری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی قانوون و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ماوە تەواوبووی ئێراقی فیدراڵ وشاندێكی یاوەری كۆكردەوە، سەرۆك بارزانی و د.مالیكی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گرنگترین ئەو پرسانەیان ڕوونكردەوە كە لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا باسكران.

ڕێككەوتن لەسەر نەخشە ڕێگایەك بۆ كۆبوونەوەی بەردەوام

لەدەستپێكی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی كوردستان بەخێرهاتنی د.نووری مالیكی كردو ئاماژەی بەوەدا كۆبوونەوەیەكی برایانە لەڕەوشێكی ئیجابی هەردوولای كۆكردەوەو نیشانیشدا هەردوولا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی ئێراق ڕێككەوتن، سەرۆكی كوردستان گوتی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

لەدەستپێكدا دەمەوێ بەخێرهاتنی برای بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیران بەڕێز د.نووری مالیكی بكەم، ئەم دیدارو ئەم سەردانەشی دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی لەبارەی بارودۆخی ئێراق ودوایین ئەنجامی كاری بەردەواممان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئێراق گفتوگۆ بكەین، هەروەها دەتوانم بڵێم گفتوگۆكانمان برایانە بوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئێراق بوو، هەروەها لەسەر ئەوە ڕێككەوتین كارو ئەركەكانمان لەمبارەیەوە زیاد بكەین ونەخشە رێگایەكمان هەبێت بۆئەوەی لەگەڵ هێزو لایەنەكانی دیكە لەسەر بنەمای ئەو نەخشە بجوڵێینەوە بۆدەرچوون لەم قەیرانە بەزووترین كات.

جارێكی دیكە بەخێرهاتنی برای ئازیزم د.ئەبو ئیسرا دەكەم وهیوادارم ئەو دانیشتنە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەوگرفتانەی ئێراق تیایدا دەژیت.

زۆر سوپاس

مێژووێكی هاوبەش

پاشان د.نووری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی قانوون وسەرۆك وەزیرانی ماوەتەواوبووی ئێراقی فیدراڵ لەپەیڤێكدا سوپاسی سەرۆكی كوردستان وبەرپرسانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ رەخساندنی ئەو ڕەوشە ئیجابییە بۆ گفتوگۆو گوتی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

زۆر سوپاسی برای بەڕێزم ئوستاد مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وبرایان لەهەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو پێشوازی وئەو ڕەوشە ئیجابی وبرایانەی بۆ ئەم كۆبوونەوەیە رەخساندیان، ئەم سەردانش یەكەمین سەردان نییە بۆ كوردستان وپەیوەندیی ئێمەش مێژووێكی هاوبەشی دوورودرێژی هەیە لەخەباتی هاوبەش لەدژی دیكتاتۆریزم ئەو مێژووەش وامان لێدەكات لەوهاوكاری وهەماهەنگییەی خۆمان بەردەوام بین لەژێر سێبەری دروستكردنی دەوڵەت وبەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەددایانەی كە دەیانەوێ دەوڵەتی دەستووریی دیموكراسی لەڕێڕەوی ڕاستی خۆی لابدەن كە دەستوورە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم سەردانە بەدەنگەوەهاتنی زەروورەتێكی ئەم قۆناغەیە بەتایبەتی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت وئەو گرنگی وتەحەددا مەترسیدارانەی پێویستە خۆمانی لێ ڕزگار بكەین، ئەوانەی توانیان لە هەموو سەختییەكانی مێژوو ڕزگاریان ببێت ئەمڕۆ لەبەردەم بەرپرسیارێتیی تازەدان بەهاوكاری وهەماهەنگی لەگەڵ یەكتر. دەتوانین بڵێین دیداری ئەمڕۆمان دیدارێكی گرنگ ومێژوویی بوو لەو ڕێڕەوە مێژووییە سیاسییەی ئێمە دەمانەوێ ئەنجامی باشی لێ بێتەدی. وەك برای بەڕێزم بەڕێز بارزانی فەرمووی گفتوگۆی نێوانمان ئیجابی وبرایانە بوو، تێگەیشتنی هاوبەشی تیادا بەدیدەكراو دەتوانم بڵێم دیدارێكی ستراتیژی بوو چونكە ئێمە بەتەنها پرسی پەیوەستمان بەقۆناغێكی دیاریكراو باس نەكرد بەڵكو باسی بەردەوامبوونمان لەهەموو ئەو پێویستییانە كرد كەلەپرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی دەستووریی فیدراڵی پێویستیمان پێیەتی لەسەر بنەمای پاراستنی بەژەوەندیی هەموولایەك. هەروەها نەخشەڕێگایەكیش بۆ گفتوگۆكانمان هەیە وتێگەیشتنێكیش هەیە كەپێویستە لەمیانەی بزاڤی ئێمە لەسەر ئاستی هەموو لایەنە هاوبەشەكانی پرۆسەی سیاسیدا هەبێت چونكە ئێمە پێشتر بڕوامان بەهاوبەشی و دابەشكردنی بەرپرسیارێتی و دەسەڵات هێنا بەشێوەیەك هەموو لایەك بەرپرسیارێتیی خۆی بگرێتەدەست وهەموولایەكیش لەبەڕێوەبردنی دەوڵەت هاوبەش بێت بۆیە ئێمە پەنابەخوا بەیەكەوە لەگەڵ هاوبەشانمان لەپرۆسەی سیاسیی ئێراقی بزاڤێكی چالاكی گفتوگۆمان دەبێت لەكوتلەو لیستەكانی دیكە تالەسەر ئەو نەخشەو ئەو میكانیزمە ڕێكبكەوین كە سەقامگیریی زیاترمان بۆدێنێتەدی بۆ بەرنگاربوونەوەی تەحەددای زیاتر كەپێمان وایە لەپەرەسەندنەكانی ئایندەدا دێت بەڵام ئێمە متمانەیەكی زۆرمان بە توانای خۆمان هەیە بەبەرەنگاربوونەوەی ئەم تەحەددایانە بەبرایەتی ومێژووی هاوبەشی نێوانمان هەروەها بەتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هەموو تەحەدداكان.

جارێكی دیكە زۆر سوپاس بۆئێوەو زۆر سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی.

لایەنی كوردستانی ڤیتۆی لەسەر كەس نییە

چەند ئاژانسێكی دەنگوباس ئاماژەیان بەوەدابوو لایەنی كوردستانی وبەتایبەتی سەرۆكی كوردستان شێوازێكیان لەڤیتۆ بۆ د.مالیكی نیشانداوە،بەڵام سەرۆك بارزانی لەوەڵامی پرسیارێك لەمبارەیەوە دووپاتیكردەوە هیچ كەسێك بۆ نییە بەناوی ئەو قسە بكات ولایەنی كوردستانی ڤیتۆی لەسەر كەس نییەو گوتی: هیچ كەسێك ناتوانێ بەزمانی من و بەناوی منەوە بەم شێوەیە قسە بكات و ئێمە هیڵی سوورمان بۆ هیچ كەسێك دانەناوە،برای بەڕێزمان ئەبوئیسرا برایەكی ئازیزەو هاوپەیمانەو ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە.

هاوبەشیی هەموو لایەنە سیاسییەكانی ئێراق

د.مالیكی ئاماژەی بەوەدا ئەو نەخشە ڕێگایەی باسی لێوەكرا بۆ گفتوگۆكردن لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان لەسەر بنەمای كۆكردنەوەی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانە بۆ گفتوگۆكردن ودووپاتكردنەوەی هاوبەشییە لەكاری سیاسی وگوتی : ئەم نەخشەڕێگایە بۆ گفتوگۆی سیاسیی نێوان هاوبەشانی پرۆسەی سیاسییەو ووردەكارییەكانی بۆكاتی گفتوگۆكان بەجێدەهێڵین كە پەنا بەخوا لەماوەی گفتوگۆكانمان چ وەكو تاك یان وەكو لیست وقەوارە وردەكارییەكانی بەشێوەیەكی جوانتر بەدیار دەكەون.

كەس ناتوانێ ماددەی140 بسڕێتەوە

ئەگەرچی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دستووری فیدراڵ خاڵێكی گرنگی كارنامەی حكوومەتی د.نووری مالیكی بوو، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا هیچ پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لەمبارەیەوە نەهاتەدی و بەڵكو هەوڵی زۆریش بۆ سڕینەوەی دەدرا لەو دەستوورەی زۆرینەی ئێراقیان دەنگیان بۆداوە، نووری مالیكی لەمبارەوە ئاماژەی بەوەدا هیچ كەسێك ناتوانێت ماددەی140 بسڕێتەوە چونكە ماددەیەكی دەستووریەو گوتی: ماددەی140 ماددەیەكی دەستوورییەو هیچ كەسێك ناتوانێ ڕایبگرێت وهیچ كەسێكیش بۆ نییە ڕایبگرێت وجێبەجێكردنیشی نەوەستاوە بەڵكو لیژنەی پەیوەندار بەو ماددەیە پێكهێنراوەو بودجەی بۆ تەرخان كراوەو و ئەم پرۆسەیەش بەبەردەوامی لەكاردایەو تەنانەت جێبەجێكردنیشی كارێكی ئیلزامییە بۆ هەموو ئەو كەسانەی باسی دەوڵەتی دەستووری دەكەن. ئەو ماددەیە بەشێكی گرنگی دەستوورە ودەبێ جێبەجێ بكرێت، بەڵی هەندێ پرسی تەكنیكیی پەیوەست بەبواری سەرژمێرییەوە هەیە كەپەنابەخوا لەئۆكتۆبەری ئەو مانگە جێبەجێ دەكرێت وپرسێكی پەیوەست بەدووبارە نەخشاندنی سنوورەوە هەیە تاوەكو چارەنووسی كەركووك بەدیار بكەوێت بەڵام دووپاتیدەكەمەوە ماددەكە نەوەستاوەو ناشوەستێت چونكە ماددەیەكی دەستوورییە.

بارودۆخی ناهەمواری ئەمنی لەئێراقدا

ئەگەرچی د.مالیكی نەیویست بارودۆخی ئەمنی ئێراق بەبارودۆخێكی شپرزەو ناهەموار لەقەڵەمبدات بەڵام نەیشاردەوە لێرەو لەوێ چەند كارێكی تیرۆریستی دەكرێن وبەكاری ترسنۆكانەی لەقەڵەمداو گوتی: لێرەو لەوێ چەند كردارێكی تیرۆریستی ئەنجامدەدرێن وەكو پەیامێك لەلایەن چەتەو تیرۆریستانەوە بۆ ئەوەی پێمان بڵێن كەهێشتا ماون ووجوودیان هەیە، بەڵام من هەمیشە دەڵێم ئەوان ناتوانن ئێراق بگەڕێنەوە دۆخی جارانی كاتێك بۆ چەند حەشارگەیەكی تیرۆریستان دابەشكرابوو بۆ قاعیدەو چەتەو میلیشیاكان. بەڵی ئەو كردارانە بەردەوامن و ئێمەش لەڕووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام دەبین وشەڕەكەش هێشتا كراوەیە وبێگومان شتی وا دڵتەزێنیش ڕوودەدات وبێگومان بەئامانجگرتنی خەڵكی بێتاوان كارێكی ناشەریفانەیەو دەمانتوانی لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا ئەم ڕەفتارانە بكەین بەڵام من بە هەموو جیهان دەڵێم دوژمن وتیرۆریستان ئاوا بێ ڕەوشت وبێ ویژدانن.

دەبێ دەستوور جێبەجێ بكرێت

بەجێبەجێ نەكردنی گرنگترین ماددەی دەستوور كە مانەوەی بەمشێوەیە هەڕەشەیە بۆ یەكبوونی ئێراق خەریكە ئەو دەستوورە دەبێتە شتێكی نووسراوو جێبەجێ نەكراو بەتایبەتی بەهەبوونی چەند كردارو ڕەفتارێك لێرەو لەوێ بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی سیاسەتی بەعەرەبكردنی ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان. د.مالیكی لەمبارەیەوە لەوەڵامی پرسیارێكی خەبات دووپاتیكردەوە پێویستە دەستوور جێبەجێ بكرێت چونكە ئەگەر نەكرا ئەوكات هەموو ئەو بونیاتەی ئێراقیان دروستیان كرد دەڕوخێت وگوتی: پێموایە هەركەسێك باس لەوەبكات دەستوور دەنووسرێت وجێبەجێ ناكرێت ئەوە دەیەوێت ئەوبونیاتەی ئێمە دامانناوە بەسەر سەری هەمووانەوە بڕووخێت چونكە وڵاتێك ئەگەر ئێمە پابەندی دەستوور نەبووین تیایدا هیچ ئایندەیەكی بۆ هیچ لایەن وپێكهاتەو حزبێك نابێت. دەستوور بەڵێننامەیەكی باڵایەو گەلی ئێراق دەنگی بۆداوەو جێبەجێكردنیشی بۆ هەموو ئێراقییان ئیلزامییە تەنانەت ئەگەر كەسانێكیش هەبن بیروبۆچوونی جیاوازیان لەگەڵ ئێمەدا هەبێت، لایەنی بەرامبەر مافی خۆیەتی بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ ئێمەدا هەبێت بەڵام دەستوور هەر دەستوورە وئەگەر لەسەر چەند خاڵێكیشی جیاوازیمان هەبوو، هەروەها ڕێگە بەهیچ وەزارەتێكیش نادەین جارێكی دیكە سیاسەتی تەعریب زیندوو بكاتەوە ئەگەرچی نایشارمەوە كەسانێكی زۆر لەفەرمانگەو دەزگاكانی حكوومەتدا هەوڵدەدەن سیاسەتی پێشووی ڕژێمی لەگۆڕنراو زیندوو بكەنەوە، سیاسەتی تەعریب وسیاسەتی تایفەگەری،بەڵی ئەوشتانە هەن و لە هەركەسێكدا بیانبینین سزای دەدەین. قۆناغی پێشوو قۆناغی سەقامگیریی دەوڵەت بوو قۆناغی ئێستاش قۆناغی سەقامگیریی دامودەزگاكانی دەوڵەتە وئێمەش دەمانەوێ لەسەر بنەمای دەستووریی ڕوون و پتەو دامودەزگاكانی خۆمان دروستبكەینەوە وبەپشت بەستن بەتەوافوقی لایەنە هاوبەشەكان لەسەر دەستوور ڕێگە بەهیچ كەسێك نادرێت سیاسەتەكانی ڕژێمی پێشوو زیندوو بكاتەوە.

هاتنی مالیكی....هەنگاوێكی گرنگ

سەرۆك بارزانی لەبارەی سەردانی مالیكی بۆ هەرێمی كوردستان لەوەڵامی پرسیارێكی خەبات دووپاتیكردەوە ئەم سەردانەی مالیكی بۆ كوردستان سەردانێكی گرنگە وهەنگاوی یەكەمە بۆ گفتوگۆكانی ئایندەو گوتی: بێگومان هاتنی جەنابی سەرۆك وەزیران نووری مالیكی بۆ هەولێر هەنگاوێكی گرنگە وپاڵنەرێكی گرنگ دەبێت بۆ پێشخستنی ئەو پرۆسەیەی ئێستا، شاندی ئێمەش شاندی كوردستانی بەرنامەیەكی هەیەو بێگومان دوای ئەم هاتنە لەگەڵ لیستی دەوڵەتی قانوون لیستەكانی دیكەدا دەكەوینە نێو گفتوگۆی جیددیتر ودەچینە نێو وردەكاریی مەسەلەكان وجارێكی دیكە دەڵێین بێگومان ئەم هاتنە دەبێت پاڵنەرێك بۆ پێشكەوتنی زیاتری پرۆسەكە. لەو كۆبوونەوەیدا زۆر شتمان باسكردو وەكو گوتم شاندی ئێمە لەبەغدا بەبەرنامەوە كاردەكات وئێمەش لەسەر خاڵەكانی ئەم بەرنامەیە ڕێككەوتووین وهەموو شتێكیش لەڕێگەی ئەم شاندەوە دەبێت وبەهاتنی بەڕێز مالیكی تەفاهومی باشمان بۆ كاری هاوبەش كردووە.

مەترسییەكانی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا

د.مالیكی هیوای خواست پرسی پێكهێنانی حكوومەت دوانەكەوێت ودووپاتیكردەوە ماوەی زیاتر لەساڵێكە دۆسێی ئەمنیی ئێراقی بەدەستی هێزەكانی ئێراقەوەیە كەزۆر لەجاران پێشكەوتووتر بووە لەهەموو ڕوێكەوە هەروەها گوتی: لایەنی ئێراقی ولایەنی ئەمەریكایی كەلەم ماوەیەدا دەستیان بەكشانەوە كردووە هیچ مەترسییەكیان لەئایندەی ئێراقەوە نییە حكوومەتیش ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی ئەمنی ودامودەزگا ئەمنییەكان بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانیان لەئامادەباشیدان.

كشانەوەی ئەمەریكا بەپێی خشتەی دانراو جێبەجێدەكرێت بۆیە ئێوە دبینن لایەنی ئەمەریكا دەیەوێ بكشێتەوەو ئێمەش داوای دواخستنی ئەم كشانەوەیە ناكەین وهیچ بارودۆخێكی سیاسی كاریگەریی بەسەر ئەوكشانەوەیەوە نابێت.

بەتوندی لەژی تەعریب دەوەستینەوە

سەرۆكی كوردستان دووپاتیكردەوە كورد هیچ كاتێك داوای شتێك ناكات لەدەرەوەی دەستوور بێت وگوتی: دەستوور ڕێگەی بۆ چارەسەركردنی پرسی كەركووك داناوە بەئاساییكردنەوەی بارودۆخ وسەرژمێری وئنجا ڕفڕاندۆم وهەر هەنگاوێكی دژی ئەم پرۆسەیە بەجارێكی دیكە هێنانەوەی عەرەب دژی دەستوورەو قابیلی قبووڵ نییە.

كورد تەنازول لەپۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار ناكات

سەرۆكی كوردستان گوتی: شاندی ئەمەریكا داوای لەكورد نەكردووە دەست لەپۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار هەڵبگرن وتەنازول لەم پۆستە بكەن، ئەم شتە داوا لەئێمە نەكراوەو ئێمەش لەسەر ڕازی نابین.

سەردانی مالیكی بۆ هاوپەیمانیی نوێ نییە

سەرۆك بارزانی گوتی: سەردانی مالیكی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ هاوپەیمانیی تازە نییە بەڵكو بۆ نوێكردنەوەی هاوپەیمانییەكی كۆن وبەتینە كە پەنا بەخوا تاهەتایە بەهێز دەمێنێتەوە.

بەرژەوەندیی ئێراق لەسەرووی هەموو شتێكە

د.مالیكی ئاماژەی بەوەدا هیچ كەسێك بۆی نییە كەسانێك لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران قەدەغە بكەن و گوتی: فەخامەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش دەزانێت ئەو پۆستە مافی هەر ئێراقییەكە كە مەرجەكانی ئەو پۆستەی لەسەر جێبەجێ بكرێت كە دەستوور وپرۆسەی سیاسی ئاماژەی بۆ دەدەن.

دەوڵەتی قانونیش بەكاندیدی خۆی بۆ ئەم پۆستە پابەندە وەكو هەر لیستێكی دیكە ئەگەر هەمان ژمارەی دەوڵەتی قانوونیشی نەبێت، ئەوەش لۆژیكێكی ئاساییە وهیچ شتێك ڕووینەداوە بۆ گۆڕینی كاندیدەكان، بەڵام بەرژەوەندیی باڵا وامان لێدەكات بەردەوامی بە پرۆسەی سیاسیی ئێراق بدەین، ئێمە كاندیدی بەرامبەر ڕەتناكەینەوە وڕێگەش نادەین كەس كاندیدی ئێمە ڕەتبكاتەوە تەنها بەپێوەری دەستووری نەبێت كە وابكات ئەو بارودۆخە یەكلایی بكرێتەوە وپێشمان وایە دروستیی حكوومەت زۆر لەكاتی چاوەڕوانیی پێكهێنانی گرنگترە ئەگەرچی كاتیش بۆ ئێمە گرنگە بەڵام ئامانجی ئێمە بەردەوامبوونی ئیجابیی پرۆسەی سیاسی و پێشكەوتنیەتی.

ڕۆڵی كورد لەئێراقی ئەمڕۆدا

 

 

سەرۆكی كوردستان نیشانیدا ڕۆڵی كورد لەئێراقی ئەمڕۆدا ڕۆڵێكی ئیجابییەو هەمیشەش بەشێك بووە لەچارەسەری وگوتی: ئێمە لەقۆناغی ئایندەدا گفتوگۆو چالاكییە سیاسییەكانمان زیاتر دەكەین بەپێی ئەو نەخشە ڕێگایەی لەسەر ڕێككەوتین هەروەها لەگەڵ لیستەكانی دیكەش گفتوگۆ دەكەین وهیواداریشین بگەینە ئەنجامی ئیجابی دوای ئەوەی لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران ڕێككەوتین.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌