2014-07-20

خەبات‮/ ‬ئاری‮ ‬مامشەیی
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئەلجەزیرەی‮ ‬ئینگلیزی،‮ ‬بەڕێز مسعود بارزانی‮ ‬سەرۆكی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان باسی‮ ‬دۆخی‮ ‬ئێستای‮ ‬عێراق و پرسی‮ ‬ریفراندۆم و چوون بەرەو سەربەخۆیی‮ ‬دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە گەلی‮ ‬كوردستان هەموویان‮ ‬یەكڕیزن لەسەر پرسی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬و كەوا هێزەكانی‮ ‬پێشمەرگە نەچوونەتە شوێنێك كە خاكی‮ ‬كوردستان نەبێت‮.‬
الجزیرە‮: ‬بەڕێز بارزانی‮ ‬سوپاس بۆ ئەم دیمانەیە،‮ ‬زۆر سەربەرزین بەم دیدارە سەرباری‮ ‬ئەم سەرقاڵیتان‮. ‬دەتوانین بە داواكاری‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬دەست پێ بكەین‮. ‬ئایا كورد ئێستا لە ئامادەكاریدان بۆ سەربەخۆییەكی‮ ‬تەواوی‮ ‬كوردستان؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬ئەمە مەسەلەیەكی‮ ‬تازە نییە و مافێكی‮ ‬سروشتی‮ ‬گەل و نەتەوەیەكە‮. ‬گەلی‮ ‬كوردیش ئەو مافەی‮ ‬هەیە وەكو هەموو گەلێكی‮ ‬تر‮. ‬ئێستا ئەو پرۆسەیە دەستی‮ ‬پێكردووەو لە پەرلەمانە و بەڕێوە دەچێت‮.‬
الجزیرە‮: ‬واتا ئێستا پرۆسەكەتان دەست پێكردووە و‮ ‬یەكەم هەنگاوی‮ ‬ئەو پرۆسەیە بریتییە لە دامەزراندنی‮ ‬دەستەیەكی‮ ‬سەربەخۆی‮ ‬هەڵبژاردن،‮ ‬بەڵام كەی‮ ‬خەڵكی‮ ‬ئەم هەرێمە خودموختارە دەنگ دەدەن بۆ دەوڵەتێكی‮ ‬سەربەخۆ؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬من ناتوانم ئێستا تەحدید بكەم بڵێم كەی‮ ‬بەڵام وابزانم پەرلەمان ئەو مەسەلەیەی‮ ‬كۆمیسیۆنی‮ ‬سەربەخۆی‮ ‬هەڵبژاردنی‮ ‬كوردستان زۆر تەواو كردووە‮. ‬پێم وانییە زۆر كات بخایەنێت‮. ‬
الجزیرە‮: ‬بە رای‮ ‬تۆ،‮ ‬سوودەكانی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬و وازهێنان لە عێراقی‮ ‬فیدراڵ چییە؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬ئێمە دە ساڵی‮ ‬رابردوو بە هەموو توانایەكمانەوە و بە هەموو جدییەتێكمانەوە چووین لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ هاوپەیمانەكانی‮ ‬تری‮ ‬خۆمان لە شیعە و سوننە،‮ ‬هەوڵماندا كە عێراقێكی‮ ‬تازە دروست بكەین،‮ ‬عێراقێكی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬فیدراڵ و فڕەحزبی،‮ ‬بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵە سەری‮ ‬نەگرت‮. ‬ئێستایش بەداخەوە،‮ ‬بارودۆخی‮ ‬عێراق وای‮ ‬لێهاتووە كە دەتوانم بڵێم عێراق پارچەبووە بەڵام نەك ئێمە بەرپرسیار بین لێی‮. ‬بێگومان ئێمە هەوڵماندا كە ئەو عێراقە دروست ببێت،‮ ‬نەمانتوانی‮. ‬بەداخەوە رۆژ بە رۆژ پاشەكشە كرا لە مەسەلەی‮ ‬دەستوور و لەو رێككەوتننامانەی‮ ‬هەبوون لە نێوان كورد و لایەنەكانی‮ ‬تر بەتایبەتی‮ ‬دەسەڵاتداری‮ ‬بەغدا‮. ‬زەحمەتە بۆ ئێمەش هەتا هەتایە چاوەڕوانی‮ ‬ئاییندەیەكی‮ ‬نادیار بكەین و هەر چاوەڕوانی‮ ‬ئەوە بین كەی‮ ‬خەڵك پێشێلی‮ ‬دەستوور و مافەكانی‮ ‬خەڵكی‮ ‬ئێمە دەكات‮. ‬بۆیە كورد ناچارە بیر لە چارەنووسی‮ ‬خۆی‮ ‬بكاتەوە بە شێوەیەكی‮ ‬تر‮.‬
الجزیرە‮: ‬دەربڕینێك كە دەڵێت‮ (‬نابێت هەرگیز شەق لەكەسێك بدەیت كە كەوتووە‮). ‬ئایا ئەوە رێك ئەو شتە نییە ئێوە دەیكەن لە كاتێكدا بەغدا لەوپەڕی‮ ‬لاوازیدایە و ئەمەش ئەوان ئەوەندەی‮ ‬تر لاواز دەكات؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬نەخێر‮. ‬زۆر لە مێژە من دەڵێم ئەم سیاسەتەی‮ ‬دەسەڵاتدارانی‮ ‬بەغدا،‮ ‬عێراق بەرەو ئەم هەڵدێرە دەبات،‮ ‬شەش مانگ پێش ئێستا من ئاگاداری‮ ‬سەرۆك وەزیرانم كرد لە بەغدا كە بارودۆخ زۆر خراپە،‮ ‬بەتایبەتی‮ ‬بارودۆخی‮ ‬موسڵ و پێم راگەیاند ئێمە ئامادەین پێكەوە ئۆپەراسیۆنێكی‮ ‬هاوبەش بۆ ئەوەی‮ ‬ئەو هەڕەشەیە لە موسڵ و ئەو ناوچەیە دوور بخەینەوە‮. ‬ئەسڵەن،‮ ‬بە هیچ شێوەیەك ئەو قسانەیان وەرنەگرت‮. ‬چوار رۆژ پێش ئەوەی‮ ‬موسڵ بكەوێتە دەست تیرۆریستان،‮ ‬دیسان ئێمە ئامادەبووین هاوكارییان بكەین‮. ‬نەیانهێشت پێشمەرگە بچێت‮. ‬ئێمە نەماندەویست عێراق تووشی‮ ‬ئەم دۆخە ببێت چونكە بارودۆخێكی‮ ‬ترسناكە‮. ‬بەڵام لە جیاتی‮ ‬ئەوەی‮ ‬سوپاسی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بكەن،‮ ‬كە ئێمە ناوچەیەكی‮ ‬زۆرمان پاراست لەوەی‮ ‬بكەوێـتە دەست تیرۆریستان،‮ ‬خەڵكێكی‮ ‬زۆرمان پاراست كە ناچار نەبن ئاوارە ببن و دەربەدەر بن،‮ ‬پەناماندایە خەڵكێكی‮ ‬ئێجگار زۆر كە بە پێی‮ ‬ئاماری‮ ‬نەتەوە‮ ‬یەكگرتووەكان لە ملیۆنێك تێپەڕیوە‮. ‬لە جیاتی‮ ‬ئەوەی‮ ‬بێن سوپاسمان بكەن،‮ ‬لە جیاتی‮ ‬ئەوەی‮ ‬بێن راوێژمان لەگەڵدا بكەن لەسەر ئەوەی‮ ‬چی‮ ‬بكەین و پێكەوە ئیش بكەین بۆ ئەوەی‮ ‬چارەسەرێكی‮ ‬ئەم بارودۆخە بكەین،‮ ‬كەوتنە تۆمەتباركردنی‮ ‬هەرێم،‮ ‬تۆمەتی‮ ‬بێ بنەما و دوور لە هەموو رەوشتێك‮. ‬لەبەر ئەوە مادام بارودۆخەكە وا بێت،‮ ‬ئێمە ناتوانین بەردەوام بین لەسەر ئەم بارودۆخە،‮ ‬لەگەڵ ئەم جۆرە فەرهەنگ و سیاسەتە‮. ‬مەسەلەی‮ ‬ئەوەی‮ ‬كە ئێمە داوای‮ ‬مافی‮ ‬چارەنووس دەكەین،‮ ‬ئەمە نوێ نییە،‮ ‬ئەمە چەندین ساڵە‮. ‬بە پێچەوانەوە،‮ ‬فەرهەنگی‮ ‬ئێمە ئەوەیە ئەگەر‮ ‬یەكێك لێی‮ ‬قەوما دەبێت ئێمە‮ ‬یارمەتی‮ ‬بدەین،‮ ‬بەڵام كە ئەو بێت شكستی‮ ‬خۆی‮ ‬بە تۆمەتباركردنی‮ ‬ئێمە بداتەوە،‮ ‬ئێمە چۆن دەتوانین لەگەڵیدا بمێنینەوە‮.‬
الجزیرە‮: ‬قسەكانت وا دەری‮ ‬دەخەن تۆ زۆر بێتاقەت و نیگەران دیاری‮. ‬بەڵام دەكرێت لە نیگەرانییەكانی‮ ‬ئەوانیش لە بەغدا تێبگەیت،‮ ‬كە ئەوان وای‮ ‬دەبینین لە كاتێكدا ئەم ئاژاوەیە لە وڵات هەیە ئێوە دەچنە ناوچە كێشەلەسەرەكان و خۆتان دەكەنە خاوەنی،‮ ‬بۆ ناوچەكانی‮ ‬كەركووك و دەوروبەری‮ ‬و دوو كێڵگەی‮ ‬بەرهەمهێنەری‮ ‬گەورەی‮ ‬نەوت‮. ‬بەغدا پێی‮ ‬وایە ئێوە ئەم كاتی‮ ‬شەڕی‮ ‬داعشەتان قۆستەتەوە بۆ خۆتان كردە خاوەنی‮ ‬ئەو شوێنانە؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬دەمەوێت ئەم خاڵە روون بكەمەوە‮. ‬دوای‮ ‬رووخانی‮ ‬رژێمی‮ ‬بەعس لە‮ ‬2003 پێشمەرگە لەو شوێنانە هەمووی‮ ‬هەبووە،‮ ‬نەك ئێستا ئێمە چووبینە ئەو شوێنانەمان گرتبێت‮. ‬لە كەركووك،‮ ‬خانەقین،‮ ‬شنگال،‮ ‬مەخموور و لەو شوێنانە هەمووی‮ ‬هەبووە‮. ‬لە هەندێك شوێن ئێمە بە تەنها بووین‮. ‬لە هەندێك شوێن هاوبەش بووین،‮ ‬پێشمەرگە و سوپای‮ ‬عێراق‮. ‬لە هەندێك شوێن سوپای‮ ‬عێراق تەنها بووە‮. ‬پێشمەرگە تەنها ئەو شوێنانەی‮ ‬پڕكردووەتەوە كە سوپای‮ ‬عێراق رایكرد و بەجێیهێشت‮. ‬ئەویش نەك شاری‮ ‬كەركووك،‮ ‬بەڵكو هەندێك ناوچەی‮ ‬دوور لە كەركووك،‮ ‬دەرەوەی‮ ‬خانەقین و شنگار‮. ‬بێگومان ئەگەر ئەو شوێنانەمان نەگرتبا ئێستا لە دەستی‮ ‬داعش دەبوو‮. ‬
الجزیرە‮: ‬واتا ئێوە دەڵێن سنووری‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستانتان لەم دوو حەفتەیەی‮ ‬رابردوو‮ ‬400 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە فراوانتر نەكردووە؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬ئێمە نە تەماعمان لە‮ ‬یەك بست زەوی‮ ‬دەرەوەی‮ ‬كوردستان هەیە،‮ ‬نە خۆمان دەسەپێنین بەسەر هیچ لایەنێك،‮ ‬ئێمە خەڵكمان پاراستووە،‮ ‬ئێمە سنووری‮ ‬خۆمان پاراستووە‮. ‬لە زۆر شوێنیش پێشمەرگە بەرگری‮ ‬لە خەڵكی‮ ‬دیكەی‮ ‬غەیرە كورد دەكات،‮ ‬عەرەبن،‮ ‬مەسیحین،‮ ‬توركمانن،‮ ‬شیعەن‮. ‬بێگومان ئەمە بابەتێكە دەبێت پاشان باسی‮ ‬بكەین‮ ‬،‮ ‬بەڵام ئێستا پێشمەرگەی‮ ‬ئێمە رۆژانە شەهید و بریندار دەبن بۆ پاراستنی‮ ‬خەڵكێكیش كە نە كوردە،‮ ‬جگە لەوەش كە سنووری‮ ‬خۆمان دەپارێزێت و خەڵكی‮ ‬كوردستانیش دەپارێزێت‮. ‬
ئەوەی‮ ‬مەسەلەی‮ ‬كێڵگەی‮ ‬نەوتە،‮ ‬ئەوە مەسەلەیەكی‮ ‬گەورەكراوە‮. ‬دیسان لەوێ دوو لیوای‮ ‬پۆلیسی‮ ‬پاراستنی‮ ‬كێڵگەكانی‮ ‬نەوت هەبوون كە هەر هەمان هێز هەر لەوێن،‮ ‬نە هیچ داگیركراوە و نە دەست بەسەر هیچدا گیراوە‮. ‬ئەو كێڵگانە دەمێكە بۆڕییەكانی‮ ‬كە دەچوون بۆ بێجی‮ ‬نەماوە‮. ‬شەش-حەوت مانگە مالیكی‮ ‬بودجە و نانی‮ ‬خەڵكی‮ ‬بڕیوە‮. ‬ئەو نەوتە بەشی‮ ‬هەموو خەڵكی‮ ‬عێراقە،‮ ‬بەشی‮ ‬كوردە،‮ ‬عەرەبە،‮ ‬توركمانە،‮ ‬مەسیحییە،‮ ‬هەموویان‮. ‬ئەو نەوتەش ئەگەر بفرۆشرێت بۆ هەموو خەڵكی‮ ‬ئەو ناوچەیەیە نەك تەنها بۆ كورد‮. ‬
الجزیرە‮: ‬لەگەڵ زۆربوونی‮ ‬رێژەی‮ ‬نەوت بۆ هەناردەكردنیش،‮ ‬بەڵام ئێوە هێشتا لەگەڵ ئەوەدان كە سەربەخۆ بن و جیا ببنەوە؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬سەرەتا،‮ ‬ئەمە خاكی‮ ‬ئێمەیە و ئەو سامانەش سامانی‮ ‬ئێمەیە‮. ‬ئێمە بە پێی‮ ‬دەستووری‮ ‬عێراق رازی‮ ‬بووین كە سامانی‮ ‬نەوت و‮ ‬غاز بۆ هەموو خەڵكی‮ ‬عێراق بێت و داهاتیشی‮ ‬بۆ خەڵكی‮ ‬هەموو عێراق بێت‮. ‬ئەمە چەند ساڵە بەغدا ئەمانە جێبەجێ ناكات‮. ‬ئەوەی‮ ‬بێت بودجەی‮ ‬هەرێم ببڕێت و دەستوور پێشێل بكات،‮ ‬خۆیشی‮ ‬تەحەمولی‮ ‬بەرپرسیارێتییەكەی‮ ‬دەكات‮. ‬ئەوەیشی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬بوێت دەبێت ئامادە بێت هەموو بەرگرییەك و قوربانییەك بدات لە پێناوی‮ ‬سەربەخۆیی‮. ‬
ئێمە نامانەوێت تووشی‮ ‬كێشەبین لەگەڵ هیچ كەسێك‮. ‬ئێمە حەز ناكەین تووشی‮ ‬شەڕ‮ ‬ببین لەگەڵ هیچ كەسێك‮. ‬ئێمە حەزیش ناكەین بە شەڕ‮ ‬بێت و دەمانەوێت بە تێگەیشتن بێت‮. ‬بەڵام ئەگەر‮ ‬یەكێك بیەوێت لەسەر ئەمە تەعەدا لە ئێمە بكات و شەڕمان پێ بفرۆشێت،‮ ‬وابزانم خەڵكی‮ ‬كوردستانیش ئامادەیە بەرگری‮ ‬لە خۆی‮ ‬بكات‮. ‬
الجزیرە‮: ‬واتا ئێوە ئامادەن بەشداری‮ ‬بكەن لە حكوومەتێكی‮ ‬نوێی‮ ‬عێراق لەژێر سەركردایەتییەكی‮ ‬نوێ كە نوری‮ ‬مالیكی‮ ‬لەخۆ نەگرێت؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬دەبێت لە بنەڕەتەوە چارەسەری‮ ‬ئەو ئەگەر و هۆكارانە بكرێت كە ئەم بارودۆخەی‮ ‬دروست كرد‮. ‬ئێمە لەسەر هەردوو ئاراستە دەرۆین‮. ‬ئەمە نابێتە رێگر لەبەردەم ئەوی‮ ‬دیكە‮. ‬هەروەها نەك ئێمە بە تەنها،‮ ‬كێی‮ ‬تر هەیە رازی‮ ‬بێت بە مانەوەی‮ ‬مالیكی‮ ‬جگە لە خۆی‮ ‬و چەند كەسێكی‮ ‬دەوروبەری؟ كێ رازییە لە ناو شیعە‮ ‬یان سوننە‮ ‬یا كورد؟
الجزیرە‮: ‬واتا تۆ داوا دەكەیت دەستوور هەموار بكرێتەوە؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬مومكینە‮. ‬ناڵێم دەستووری‮ ‬تازە،‮ ‬بەڵام خۆ ئەگەر ئەم دەستوورەی‮ ‬ئێستا جێبەجێ بكرایە بارودۆخەكە وای‮ ‬لێ نەدەهات‮. ‬ئەم دە ساڵەی‮ ‬رابردوو ئەزموونێكی‮ ‬تاڵ بوو و بەم شێوە جێبەجێكردنی‮ ‬دەستوور مومكین نییە‮. ‬جەوهەری‮ ‬دەستوور ئەمەیە‮: ‬دەبێت شەراكەت هەبێت‮. ‬لەم جەوهەرە سەرەكییە درا‮. ‬دەبێت زەمانەت هەبێت كە بە جددی‮ ‬هاوبەش دەبین تا ئەوكاتەی‮ ‬مەسەلەی‮ ‬دووەم كاتی‮ ‬خۆی‮ ‬دێت و میللەت بڕیاری‮ ‬خۆی‮ ‬دەدات‮. ‬لە دەستووردا هاتووە‮: (‬پابەندبوون بەم دەستوورە زامنی‮ ‬یەكپارچەیی‮ ‬عێراقە‮). ‬ئەسڵەن دەستوور هەر لەبیركرا‮.‬
الجزیرە‮: ‬ئەگەر ئێوە لە‮ ‬یەك كاتدا لەسەر ئەم دوو ئاراستە جیاوازە كار دەكەن،‮ ‬ئەمانە پێچەوانەی‮ ‬یەكتر نین؟ ئەگەر ئێوە سەربەخۆییتان دەوێت،‮ ‬چۆن دەتانەوێت لە دانووستاندنە سیاسییەكانی‮ ‬بەغدا بە بەشدارییەكی‮ ‬جددی‮ ‬تەماشا بكرێن؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬پێش هەموو شتێك دەبێت ئەو دەرفەتە بۆ گەلی‮ ‬كوردستان برەخسێت كە خۆی‮ ‬بڕیار لەسەر چارەنووسی‮ ‬خۆی‮ ‬بدات‮. ‬دەبێت رێگا بدرێت بە گەلی‮ ‬كوردستان خۆیان دەنگ بە پەرلەمان و سەركردایەتی‮ ‬خۆیان بدەن،‮ ‬چۆن و كەی‮ ‬بەكاردێت،‮ ‬ئەمە مەسەلەیەكی‮ ‬ترە‮. ‬ئەم پرۆسەیە ساڵێك دەخایەنێت،‮ ‬دوو ساڵ دەخایەنێت،‮ ‬یان چەند مانگێك،‮ ‬من نازانم،‮ ‬بەڵام چەند بخایەنێت،‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬یارمەتی‮ ‬عێراق بدەین لەم قەیرانە دەربچێت و بەشداربین لە پرۆسەكە،‮ ‬ئەمە نابێتە رێگر لەوە‮. ‬ئێمە بەشدار دەبین تا ئەوكاتەی‮ ‬گەلی‮ ‬كوردستان بڕیاری‮ ‬خۆی‮ ‬دەدات،‮ ‬ئەوكاتە پەرلەمان‮ ‬و میللەت هەیە بڕیاری‮ ‬خۆی‮ ‬بدات و چۆن مومارەسەی‮ ‬ئەو مافەی‮ ‬دەكات،‮ ‬ئەوكات ئێمە رایدەگەیەنین و لەگەڵ لایەنەكانی‮ ‬دیكە قسە دەكەین،‮ ‬هەروەك وتم دەمانەوێـت بەخۆشی‮ ‬بێت نەك بە ناخۆشی‮. ‬قسە لەگەڵ بەغدا دەكەین،‮ ‬كێ دەسەڵات بێت لەوێ،‮ ‬دەڵێن وەرە با باسی‮ ‬ئەم بابەتە بكەین،‮ ‬حەزەكەین بە خۆشی‮ ‬بێت،‮ ‬نامانەوێت بە ناخۆشی‮ ‬لەیەك جیا ببینەوە،‮ ‬دەمانەوێـت باسی‮ ‬بكەین چۆن بێت و بەچی‮ ‬شێوەیەك بێت،‮ ‬لەگەڵ خەڵكی‮ ‬ناوچەكە،‮ ‬لەگەڵ سوننەكان،‮ ‬لەگەڵ هەموو لایەك‮. ‬بەڵام بەراستی‮ ‬كورد ماندووبووە لەم بارودۆخە،‮ ‬دەبێت گۆڕانێك بەسەر ئەم بارودۆخەدا بێت‮. ‬ئێمە وەكو كورد قبوڵ ناكەین چی‮ ‬دی‮ ‬خەڵكێكی‮ ‬تر بڕیار لەسەر چارەنووسی‮ ‬ئێمە بدات‮. ‬ئێمە خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی‮ ‬خۆمان دەدەین‮. ‬ئەوەی‮ ‬دۆستایەتی‮ ‬ئێمە بكات سوپاسی‮ ‬دەكەین،‮ ‬ئێمە حەز دەكەین دۆستی‮ ‬هەموو لایەك بین‮. ‬یەكێكیش بیەوێت ئەو مافە لە ئێمە بسەنێت،‮ ‬بە دڵنیاییەوە بەرگری‮ ‬لەخۆمان دەكەین‮. ‬
الجزیرە‮: ‬بۆچوونێك هەیە كە پێی‮ ‬وایە مەبەستی‮ ‬راستەقینەی‮ ‬ئێوە كوردستانێكی‮ ‬سەربەخۆ نییە بەڵكو لە راستیدا بۆ زیادكردنی‮ ‬سەنگ و پارسەنگتانە لە پرۆسەی‮ ‬سیاسی‮ ‬عێراق‮.‬
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬لەسەر سەربەخۆیی،‮ ‬ئەگەر بڕوامان پێنەبوایە باسیشمان نەكرد‮. ‬ئەگەر ئامادەنەبووینانە بۆ هەموو قوربانیدانێك،‮ ‬نەماندەگوت و خۆمان لە شتێكی‮ ‬وەها گەورە نەدەدا‮. ‬ئەو شیكارییە ئەسڵ و ئەساسی‮ ‬نییە‮. ‬
تەقریبەن لە سەد ساڵی‮ ‬رابردوو،‮ ‬دوای‮ ‬جەنگی‮ ‬جیهانی‮ ‬یەكەم،‮ ‬عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا كە وڵاتێكی‮ ‬هاوبەشە بۆ كورد و عەرەب لەگەڵ رێزم بۆ هەموو نەتەوەكانی‮ ‬تری‮ ‬عێراق،‮ ‬رێزم بۆ خۆیان و بۆ مافەكانیان‮. ‬بێگومان ئەوە نەكرا‮. ‬چەندین رێككەوتننامە بەسترا لەگەڵ حكوومەتە‮ ‬یەك لە دوای‮ ‬یەكەكان،‮ ‬تاوەكو خۆیان بەهێز دەكرد و جارێكیتر پەلاماری‮ ‬گەلی‮ ‬كوردیان دەدایەوە‮. ‬كە دەوڵەتی‮ ‬عێراق دامەزرا،‮ ‬بە نەوتی‮ ‬كەركووك دامەزرا،‮ ‬كە ئەویش نەوتی‮ ‬كورد بوو‮. ‬بۆ خەڵكی‮ ‬تر رێگاوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانەی‮ ‬پێ دروست دەكرا،‮ ‬بەشی‮ ‬كوردستانیش دەبوو بە تانك و فرۆكە و تۆپ و كوردستانی‮ ‬پێ وێران دەكرا‮. ‬لەگەڵ ئەوەش كورد هەر تەحەمولی‮ ‬كرد،‮ ‬هەتا گەیشتە ئەوەی‮ ‬كیمیاباران كراین،‮ ‬ئەنفال كراین،‮ ‬تا ئێستایش بە دەیان هەزار ژن و منداڵی‮ ‬ئێمە بێسەروشوێنن لە بیابانەكانی‮ ‬باشووری‮ ‬عێراق لە گۆڕی‮ ‬بەكۆمەڵدا،‮ ‬4500 گوندی‮ ‬ئێمە وێران كرا،‮ ‬دیسان دوای‮ ‬ئەم هەموو كارەساتانە،‮ ‬لە‮ ‬2003 كاتێك رژێم رووخا،‮ ‬ئێمە چووینە بەغدا و ویستمان عێراقێكی‮ ‬تازە و پێكەوە لاپەڕەیەكی‮ ‬تازە بكەینەوە‮. ‬ئەوانەی‮ ‬ئەنفالیان كردین،‮ ‬لە‮ ‬1991 كە میللەتی‮ ‬كورد راپەری،‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان ئەوەندە بە ئەخلاق و بە رەوشت بوو،‮ ‬یەك سەربازی‮ ‬عێراقی‮ ‬نەكوژرا،‮ ‬هەمووی‮ ‬ئیزن درا‮. ‬سەرەرای‮ ‬ئەو هەموو شتەش هێشتا ئێمە تۆمەتبار كراوین،‮ ‬وەكو ئەوەی‮ ‬تاوانێكمان كردبێت‮. ‬خوا ئەو مافەی‮ ‬بە ئێمە داوە،‮ ‬ئەو مافەی‮ ‬عەرەب هەیەتی،‮ ‬كورد هەیەتی،‮ ‬فارس هەیەتی،‮ ‬ئەوروپی‮ ‬هەیانە،‮ ‬لە ئاسیا میللەتان هەیانە،‮ ‬ئێمەش ئەو مافەمان هەیە‮. ‬
لەبەر ئەوە ئێمە وتمان دەرفەتێكی‮ ‬نوێیە،‮ ‬ئێمە‮ ‬10 ساڵ كارمان كرد بەڵام دیسان سەری‮ ‬نەگرت‮. ‬ئێمە حازر نین هەر بەختی‮ ‬خۆمان و ئاییندەی‮ ‬خۆمان و چارەنووسی‮ ‬خۆمان تاقی‮ ‬بكەینەوە‮. ‬ئێمە ئەو بڕیارەمان داوە،‮ ‬بەڵام بە هەنگاو و بە دیراسەت دەبێت،‮ ‬بە حیكمەت دەبێت و بە بڕیاری‮ ‬گەل دەبێت‮.‬
الجزیرە‮: ‬پەیوەندیتان لەگەڵ توركیا لە ماوەی‮ ‬5 ساڵی‮ ‬رابردوو بەرچاو بەرەوپێش چوون‮. ‬توركیا ئێستا هاوبەشێكی‮ ‬ستراتیژیتانە و ئێوەش لەم دواییانەدا لە ئەنكەرە بوون‮. ‬پەیامی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬توركیا چییە سەبارەت بەخواستەكانتان بۆ سەربەخۆیی؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬گۆڕانێكی‮ ‬زۆر بەسەر سیاسەتی‮ ‬توركیادا هاتووە‮. ‬پێش چەند ساڵێك ناوهێنانی‮ (‬كورد‮) ‬و‮ (‬كوردستان‮) ‬بە تاوان دادەنرا‮. ‬سەرۆك وەزیرانی‮ ‬توركیا،‮ ‬بەڕێز ئەردۆغان،‮ ‬لە دیاربەكر وتی‮ ‬بەڵێ كێشەك هەیە بەناوی‮ ‬كێشەی‮ ‬كورد و دەبێت بە ئاشتی‮ ‬چارەسەر بكرێت‮. ‬هاتە هەولێر و وتی‮ (‬ئەو رۆژە رۆیشت ئینكاری‮ ‬هەبوونی‮ ‬گەلی‮ ‬كورد بكرێت‮). ‬من ئەمەم بە رۆژێكی‮ ‬زۆر مێژوویی‮ ‬زانی‮ ‬كە سەرۆك وەزیرانی‮ ‬توركیا ئەم قسەیە بكات‮. ‬ئەمە بۆ توركیا زۆر بوو‮. ‬ئێمە بە هەموو توانایەكمانەوە هەوڵماندا كە پرۆسەی‮ ‬ئاشتی‮ ‬سەربگرێت و بەردەوامیش دەبین و ئومێدەورایشم كە چارەسەر دەكرێت‮. ‬دووەم،‮ ‬توركیا بۆی‮ ‬سەلما لەم ساڵانەدا كە ئێمە لە هەر پێگەیەك بین و لە بارودۆخێكدا بین،‮ ‬ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر توركیا،‮ ‬بەڵكو ئێمە دراوسێیەكی‮ ‬باش و دۆستێكی‮ ‬باش دەبین و‮ ‬یارمەتیدەریش بۆ‮ ‬یەكتری‮. ‬توركیا لە بارودۆخی‮ ‬ئێمە تێدەگات بەڵام نە من داوام لێكردوون بێن دان بە سەربەخۆیی‮ ‬ئێمەدا بنێن و نە ئەوانیش دەستیان لەو بابەتە وەرداوە‮. ‬
الجزیرە‮: ‬گەلی‮ ‬كورد بەتەواوەتی‮ ‬یەكگرتوو نییە‮. ‬چینی‮ ‬سیاسیش تەواو‮ ‬یەكگرتوو نییە‮. ‬هەندێك لایەنی‮ ‬ناو‮ ‬یەكێتی‮ ‬نیشتیمانی‮ ‬كوردستان كە لەژێر كاریگەری‮ ‬تاراندان بەتەواوی‮ ‬لەگەڵ ئەوەدا نین كە سەربەخۆ بن؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬هەرگیز وەكو ئێستا كورد‮ ‬یەكگرتوو نەبووە‮. ‬ئەوەش قسەی‮ ‬راگەیاندنە كە دەكرێت‮. ‬پارتی‮ ‬و‮ ‬یەكێـتی‮ ‬و گۆڕان و‮ ‬یەكگرتوو و كۆمەڵ و هەموو حزبەكانی‮ ‬تر،‮ ‬ئەگەر ناكۆكیشیان هەبێت لەسەر شتێكی‮ ‬تر،‮ ‬لەسەر مافی‮ ‬چارەنووس و سەربەخۆیی‮ ‬كوردستان،‮ ‬هیچ ناكۆكییەكمان نییە‮. ‬ئەو قسانەی‮ ‬لە راگەیاندنیش دەكرێت دوورە لە راستییەوە‮. ‬هەمووشمان پێمان خۆشە پەیوەندی‮ ‬دۆستانەمان هەبێت لەگەڵ هەموو دراوسێكان،‮ ‬لەگەڵ توركیا،‮ ‬ئێران،‮ ‬لەگەڵ دراوسێكانی‮ ‬تر ئەگەر بارودۆخەكە ئاسایی‮ ‬ببێتەوە‮. ‬نییە بڵێی‮ ‬لایەنێك دۆستی‮ ‬ئەملایە و ئەوی‮ ‬تر دوژمنە‮. ‬ئێمە هەموومان دۆستی‮ ‬هەموو لایەكین،‮ ‬بۆ نموونە ئێستا هەموومان لە‮ ‬یەك حكوومەت و لە‮ ‬یەك پەرلەمانداین‮. ‬ئەو بڕیارەی‮ ‬لە حكوومەت دەردەچێت هی‮ ‬هەموویانە‮. ‬ئەوەی‮ ‬لە پەرلەمان دەردەچێت هی‮ ‬هەموو خەڵكی‮ ‬كوردستانە،‮ ‬لەبەر ئەوە ئەم قسانەی‮ ‬كە ئەو وا دەڕوات و ئەم بە رێگایەدا دەڕوات،‮ ‬دوورە لە راستییەوە‮. ‬
الجزیرە‮: ‬ئەگەر تاران دژ بە سیاسەتی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬ئێوە وەستایەوە،‮ ‬چی‮ ‬دەكەن؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬هەوڵ دەدەین بۆچوونیان بگۆڕن‮. ‬لەگەڵیان دادەنیشین و بۆیان باس دەكەین ئەو هەموو كارەساتەی‮ ‬بەسەر كورد هاتووە كە خۆیان زۆر چاك دەزانن و زۆر چاك شارەزان‮.‬
الجزیرە‮: ‬جۆن كێری‮ ‬وەزیری‮ ‬دەرەوەی‮ ‬ئەمەریكا بەر لە مانگێك لە هەولێر بوو‮. ‬ئەو داوای‮ ‬لە ئێوە كرد پشتگیری‮ ‬حكوومەتی‮ ‬بەغدا بكەن،‮ ‬كار بكەن بۆ عێراقێكی‮ ‬نوێ و بۆ عێراقێكی‮ ‬نوێی‮ ‬یەكگرتوو‮. ‬بە روونی،‮ ‬ئەمەریكا خۆشحاڵ نییە بەو سیاسەتە سەربەخۆییەی‮ ‬ئێوەی‮ ‬پەیڕەوی‮ ‬دەكەن؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬ئێمە هیوادارین ئەوەی‮ ‬پشتگیریمان ناكات دژیشمان نەوەستێتەوە‮. ‬ئێمە مەمنونین‮. ‬
الجزیرە‮: ‬ئەوە زۆر دیپلۆماسییانەیە؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬نا بە جددی،‮ ‬دیپلۆماسییانە نییە،‮ ‬ئەوە راستییە‮. ‬
الجزیرە‮: ‬كۆمكاری‮ ‬عەرەبیش ناڕەزایی‮ ‬خۆیان دەربڕی‮. ‬ئێوە بۆچوونی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬دراوسێتان بەلاوە گرنگ نییە؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬بێگومان ئێمە رای‮ ‬گشتی‮ ‬هەر هەموو وڵاتێكمان لا گرنگە‮. ‬پێموایە زۆرێك لە وڵاتانی‮ ‬عەرەبی‮ ‬لە بارودۆخی‮ ‬ئێمە تێدەگەن و لە هەڵوێستی‮ ‬ئێمەش تێدەگەن‮. ‬پێموایە باشترە كۆمكاری‮ ‬عەرەبی‮ ‬تۆزێك خەریكی‮ ‬چارەسەركردنی‮ ‬كێشەی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬عەرەبی‮ ‬بێت و پاشان بیر لە شتی‮ ‬تر بكەنەوە‮. ‬
الجەزیرە‮: ‬ئەمە جارێكی‮ ‬دیكە بەرد دەخاتە سەر ئەو بۆچوونەی‮ ‬پێی‮ ‬وایە ئێوە شت دەقۆسنەوە بەو بڕیارە نامەرغوبە لە دەرەوەی‮ ‬هەرێمەكەی‮ ‬ئێوە،‮ ‬لە كاتێكدا ماباقی‮ ‬هەرێم لە كێشەدایە و زۆر كێشە روو دەدەن؟
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬ئەم وێنەیە بە هەڵە گواستراوەتەوە و وانییە‮. ‬ئێمە هیچ شوێنێكی‮ ‬زیادمان نەگرتووە،‮ ‬ئەگەر لە شوێنێكیش بووبین بۆ پاراستنی‮ ‬خەڵكێكی‮ ‬غەیرە كوردە‮. ‬ئەوە ئەمرۆ نییە ئێمە داوای‮ ‬مافی‮ ‬چارەی‮ ‬خۆنووسین دەكەین‮. ‬ئێمە ئامادەبووین پشتگیری‮ ‬تەواوی‮ ‬بەغدا بكەین سەرباری‮ ‬هەموو پێشێلكارییەكانیان‮. ‬لە دەرەنجام لە جیاتی‮ ‬ئەوەی‮ ‬بێن سوپاسمان بكەن،‮ ‬دێن شكست و هەموو فەشەلی‮ ‬خۆیان بەسەر ئێمەدا بشكێننەوە،‮ ‬ئیدی‮ ‬چی‮ ‬لە ئێمە چاوەڕوان دەكرێت؟ چونكە ئەو شكستی‮ ‬هێناوە لە بەغدا،‮ ‬ئیتر دەبێت ئێمە بێدەنگ بین و باسی‮ ‬مافی‮ ‬خۆمان نەكەین؟ ئێمە ئامادەبووین هاوكاری‮ ‬بكەین،‮ ‬ئەو هاوكارییەكەی‮ ‬قبوڵ نەكرد‮. ‬لە هەزار و پەنجا كیلۆمەتر،‮ ‬رووبەڕووی‮ ‬هێزێكی‮ ‬تازە بووین،‮ ‬كە هێزێكی‮ ‬ترسناك و تیرۆریستە،‮ ‬كە داعشە‮. ‬ئێمە سنوورمان نەماوە لەگەڵ مالیكی‮. ‬مالیكی‮ ‬هێزی‮ ‬هەیە بێت ئەو شوێنانە بگرێتەوە؟ باسی‮ ‬چی‮ ‬دەكەیت؟ تا ئێستا چەندین شەهید و بریندارمان داوە لە شەڕی‮ ‬دژ بە داعش‮. ‬لەبەر ئەوەی‮ ‬وێنەیەكی‮ ‬زۆر ناواقیعی‮ ‬گواستراوەوە،‮ ‬وەك ئەوەی‮ ‬ئێمە شوێنی‮ ‬تازەمان گرتووە و سوودمان لە دۆخەكە كردووە و شتی‮ ‬تازە پێشنیار دەكەین‮. ‬ئێمە ئامادەبووین‮ ‬یارمەتییان بدەین،‮ ‬قبووڵیان نەكرد‮. ‬دەبوایە پێشمەرگەی‮ ‬وەكو سوپاكەی‮ ‬مالیكی‮ ‬رابكات؟ ئەنجا ئەوكات ستایشی‮ ‬كورد دەكرا؟ ئەوكات رازی‮ ‬دەبوون بە كورد؟‮ ‬
الجەزیرە‮: ‬چۆن پێناسەی‮ ‬دۆخی‮ ‬ئێستای‮ ‬عێراق دەكەیت؟ زۆر كەس پێشبینی‮ ‬دابەشبوونی‮ ‬وڵات دەكات بۆ سێ پارچە،‮ ‬سێگۆشەی‮ ‬سوننە و ناوچەی‮ ‬شیعە و هەرێمی‮ ‬كوردستان‮.‬
سەرۆك بارزانی‮:‬‮ ‬بارودۆخێكی‮ ‬زۆر ئاڵۆزە‮. ‬مومكینیش نییە هەروا بە هیوا ئەم بارودۆخە چارەسەر بكرێت‮. ‬دوو چارەسەر هەیە‮: ‬یان دابەشبوونێكی‮ ‬تەواو‮ ‬یاخود هەر ناوچەیەكی‮ ‬دەسەڵاتێكی‮ ‬تەواوی‮ ‬هەبێت‮ ‬لەگەڵ شەراكەتی‮ ‬حەقیقیش،‮ ‬جا بە چی‮ ‬شێوەیەك و چۆن چۆنی،‮ ‬نازانم‮. ‬وەكو جاران حكوومەتێكی‮ ‬مەركەزی‮ ‬یان كەسێك لە بەغدا دانیشێت و بڵێت من سەرۆك وەزیرانم و فەرماندەی‮ ‬گشتی‮ ‬هێزە چەكدارەكانم و ئەنجا بە ئارەزووی‮ ‬خۆم دەكەومە گیانی‮ ‬ئەم خەڵكە،‮ ‬ئەوە مومكین نییە‮. ‬ئەگەر دانیشن پێكەوە،‮ ‬ئێمەش‮ ‬یارمەتییان دەدەین چارەسەرێكی‮ ‬بنەڕەتی‮ ‬بدۆزرێتەوە،‮ ‬ئەگەرنا عێراق دابەشبووەو رۆژ بە رۆژ قوڵتر دەبێتەوە‮.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌