2014-11-20

 (سەرۆک بارزانی) دەڵێ، خەونی ئەو ئەوەیە کە گەلی کورد بە مافی سەربەخۆیی بگات و کێیش سەرۆکی کورد دەبێ، ئەمە پرسێکە و بۆ ئەو جێی بایەخ نییە، بەڵام ئەوەی لەدەستیشی بێت بۆ گەییشتن بە ئەو خەونە لەمێژینەیە، کە سەربەخۆییە، دەیکات.

لە جاوپێکەوتنێکیدا کە کەناڵی فڕانس 24ـی فەڕەنسایی لەگەڵیدا سازی داوە، دەربارەی دۆخی شەڕ لەگەڵ داعش، سەرۆکی هەریمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) رایگەیاند، "ڕۆژانە شەڕ لە بەرەکانی جەنگدا لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا بەرپا دەبێ، ئەوان سەرەتا هێرشیان کردە سەر بەشەکانی عێرق و دواتر ڕوویان لە کوردستان کرد، سەرەتا لە هەندێ ناوچەدا کەمێک پێشڕەوییان کرد، بەڵام دواتر بە ستراتیژێکی نوێوە، هێزەکانی پێشمەرگە بەرەوڕوویان بوونەوە، ستراتیژەکەیش دوو لایەنی هەبوون، یەکەمیان ئەوە بوو کە، بەر بە هێرشەکانیان بگرین و دواتر وەدەرنانیان لەو ناوچانەی دەستیان بەسەرداگرتبوون، ماوەکیشە ناوچە بە ناوچە لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە و ڕزگاریان دەکەین، لە ئێشتایشدا شەڕ لە میحوەری ڕۆژاوای دیجلە لە ئارادا هەیە."

داعش هێشتا توانای هێرشکردنی ماوە
(سەرۆک بارزانی) زیاتر گوتی، "داعش هێشتا توانای هێرشکردنی لە دەست نەداوە، هەر بۆیە هێشتا شەڕ درێژەی هەیە، ڕاستە کە ئەو ڕێکخراوە لاواز بووە، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە کە توانای هێشرشکردنی ماوە."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەیشدا کە، ئێوەی کورد زۆر جار لە دۆخی شەردا بوون و دژ بە (سەددام حوسێن)ـیش جەنگاون، دەشێ بڵێن کە مەترسییەکانی داعش لەوانەی پێشووتر جیاوازترو بەهێزترە؟
(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، لە ڕاستیدا ئەمە شێوازێکی نوێیە لە جەنگ و پیلانی سەربازیدا، ئەمە جەنگێکی ئایدۆلۆژییە، ئەو تیرۆریستانە، هیچ بەهایەک بۆ هەر شتێک دانانێن، داعش ڕێکخراوێکی تەواو دڕندەیە و لە ڕژێمەکانی پێشووتر دڕندەترن کە لەگەڵیاندا لە شەڕدا بووین.

تانک و هێلیکۆپتەرمان دەوێ
  لە وەڵامی سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی کوردستان، لە جەنگی دژ بەداعشدا، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "ڕاستە کە سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا (فڕانسوا ئۆلاند) مێژوویی بوو، ئێمە سوپاسی دەکەین، هەروەها سوپاسی گەلی فەڕەنسا و وڵاتانی هاوپەیمانان دەکەین لەو پشتیوانییەی لە ئێمەیان کردووە، بەڵام دەڵێم کە هاوکارییەکانیان لە بەرانبەر بە پێداویستییەکانماندا بەس نین، بە نموونە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیی چەکەوە ئێمە هێشتا پێویستیمان هەیە، چونکە، ئێمە بۆ جەنگ دژ بە ئەو ڕێکخراوە، پێویستمان بە چەکی قورسی وەک تانک و زریپۆش و هێلیکۆپتەری جەنگی هەیە، بۆ ئەوەی لەو جەنگەدا سەرکەوین، هەڵبەت هێشتا ئەو جۆرە چەکانەمان پێ نەگەییشتوون و ئەوەی گەییشتوون بەس نین."

زیاتر ڕوونی کردەوە، "ئێمە بۆ ئەم جۆرە چەکانە داوامان لە وڵاتانی هاوپەیمان کردووە، بەڵام هێشتا وەڵامێکی ڕوونیان نەداوینەتەوە، بەڵام ئێمە دەخوازین لەوە تێ بگەین کە ئایا، سنوورێک هەیە لە جۆری ئەو چەکانەی کە دەماندەنێ و هەر ئەوەیە کە پێمان دەگەن، ئەمە پرسیارێکە و چاوەڕێی وەڵامەکەی دەکەین"، گوتیشی کە لە نەبوونی وەڵامێکی ڕوون تا ئێستا بێئومێد نەبووین، هەلبەت چاوەڕوانی ئەوەیش دەکەین کە، هاوپەیمانان، ڕەچاوی پابەندیییەکانی ئەو جەنگەی ئێمە لەگەڵ داعشدا بکەن."

پێویست بێ و ڕێ بدرێ ‌هێز و چەکی زیاتر بۆ کۆبانی دەنێرین
سەبارەت بە شەڕی کۆبانیی ڕۆژاوای کوردستانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،"تا ئێستا بەرگریێکی قارەمانانە کراوە، لە بەرەکانی شەڕدا شەڕڤانانی کورد بە پشتیوانیی پێشمەرگە پێشڕەوییان کردووە، تورکیایش ڕێی داوە پشێمەرگە بە خاکەکەیدا ڕەت ببێ و بۆ هاوکاریی براکانی بچێتە کۆبانی، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە، تورکیا هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە و من نازانم بۆ، دەبێ پرسیار دەربارەی هەڵوێستی تورکیا لە خۆیان بکرێ."

دەربارەی ئەگەری هەناردەکردنی هێزی زیاتری پێشمەرگە و چەکی زیاتر، (سەرۆک بارزانی) دووپاتی کردەوە، ئەگەر پێویستی هەبێ و ڕێ بدرێ، بەوەی لە دەستمان بێ بۆ کۆبانی دەیکەین. ئەوەی کە کراویشە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئێمە و وترکیا و ئەمەریکا بووە."

هەرگیز لە سەربەخۆیی پاشگەز نابینەوە
دەربارەی پرسی سەربەخۆییش کە لە مانگی یۆنیو حوزێراندا ڕاتانگەیاند کە ڕیفراندۆم ساز دەدەن، ئایا هێشتا لەسەر هەمان باوەڕن؟ (سەرۆک بارزانی) لە وەڵامدا گوتی، "ئەمە مافی گەلی کوردە و دەبێ خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەو مافەیش دەبێ پێڕۆ بکرێ، هەڵبەت هیچ شتێک ناتوانێ بەر بەم مافەی کورد بگرێ، ڕەنگە کات گۆڕانی بەسەردا بێ، بەڵام لەو مافەمان کە سازدانی ڕیفراندۆمە تەنازول ناکەین. پرسی وادەی ڕیفراندۆم یاخوود ڕاپرسییش لە پەرلەمانی کوردستانە و پەرلەمان دەزانێ کە چ کاتێک بۆ ئەم پرسە لەبارە."

دەربارەی ئەوەیش کە، دراوسێکانی کورد دەبێ پرسی ڕاپرسی سەربەخۆییتان لێ قبووڵ بکەن و ڕازییان بکەن، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە زۆرینەیان بەرهەڵستیی ئەم بڕیارەتان دەکن، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، "ئێمە راپرسی ساز دەدەین بۆ ئەوەیە بگەینە ئەو بڕیارەی کە گەلەکەمان چ بڕیارێک لە داهاتوو و چارەنووسی خۆی دەدات، بە هیوایشین کە کەس بەرهەڵستیی نەکات و کەسیش ناتوانێ ئەو مافەمان لێ زەوت بکات و لە جیاتی گەلی کورد بریار بڕیار لە چارەنووسی کورد بدات."
ناتوانین لە چاوەڕوانیدا بمێنینەوە
پێوەست بە پرسی کەرکووکیش(سەرۆک) ڕایگەیاند، "کەرکووک بە لای ئێمەوە کوردستانە و ئەمە واقیعە، بەڵام ئێمە پێشتر لەسەر ئەوە کۆک بووین کە بەپێی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی چارە بکرێت و دانیشتوانی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بەڵام کەرکووک کوردستانە و ئێمە پاشەکشەی لی ناکەین."
دەربارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراق و دۆخی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیش لەگەڵ بەغدا، (سەرۆک بازرانی) ڕایگەیاند، "لە ئێستا هەندێکی کێشەکان بەرەو چارە کردن دەچن، ئێمە نەرمیمان نواند و نیشانمان دا کە نیازی گەییشتنمان بە ڕێککەوتن و چارەکردنیان هەیە کە بەرەوڕوومان بوونەتەوە، بەڵام ئەگەر بڕیار بێ، کێشەکان هەر وا بمێننەو، ئەوا هەرگیز ناتوانین لە چاوەڕوانیدا بمێنینەوە و بڕیار وەردەگرین."

لە وەڵامی ئەوەیشدا کە یەگەر تا دووی دێسەمبەر وەڵامتان نەدرێتەوە ئێوە بڕایر دەدەن، (سەرۆک بارزانی) گوتی، "ئەو کاتە کۆی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بڕیار دەدەن لەوەی کە چ بکرێ، من هێشتا نازانم بڕیار چۆن دەبێ."

خەونی من هیی سەربەخۆییە نەک بوون بە سەرۆک
لە وەڵامی ئەوەیشدا کە ئایا دەخوازی ببیت بە سەرۆکی هەموو کورد، پێت وایە ئەم خەونە بەم زووانە بێتە دی، (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، "هیچ ڕۆژێک نە خەوم بەوەوە بینیوە و نە بیریشم لەوە کردووەتەوە ببم بە سەرۆک، نایشمەوێ ببم بە سەرۆکی هەموو کورد، بەڵام هەمیشە بڕوام بەوە بووە کورد بگات بە مافەکانی و سەربەخۆ بێت، ئەوەی لەدەستیشم بێ بۆ گەییشتن بەو ئامانجە لە پیانویدا دەیکەم، خەونی من ئەوەیە کە کوردستان سەربەخۆ بێت، بەڵام کێ سەرۆکی دەبێ، ئەمە پرسێکە و بۆ من جێی بایەخ نییە."

 KDP.info

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌