2010-08-28

جەمال گردەسۆری
رێكەوتی 25/8/2010 تێپەڕ بوونی 55 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی بێخودی شاعیرە، ئەم شاعیرە كوڕی مەحمود مەلا ئەمین مەلا ئەحمەدی چاومارە لە ساڵی 1878 لە سلێمانی لە دایك بووە، هەر لە سەرەتای منداڵیدا خراوەتە قوتابخانە و خەریكی خوێندن بووە و ئەوسا بە فەقێیاتی گەلێ شوێنی كوردستان گەڕاوە و لە پاشان گەڕاوەتەوە، لە ساڵی 1900 بە فەرمانڕەوای هەڵەبجە، بێخود شاعیرێكی بەرزی كوردە و شیعرەكانی بریتین لە دڵداری، ئایینی، كۆمەڵایەتی، گەڵێ تەڕ و پارا، و سادە و رەوان و زێتر لەسەر هۆنراوەی كۆن هۆنیوەتەوە، زۆر حەزیشی لە خوێندنەوەی شیعرەكانی بیسارانی، مەولەوی، ناڵی و ساڵم كردووە و جگە لەمانەش حەزی لە هۆنراوەكانی مەولانا جامی كردووە و بە پیر هۆنراوەكانیەوە چووە و گەلێ هۆنراوەی ئایینی وەكو ئەو بە فارسی هۆنیوەتەوە، بێخود وەك زۆربەی شاعیران كەوتۆتە داوی دڵداری و گەلێك هۆنراوەی ستایشی بە بەژن و باڵای ئەودا هەڵدەڵێ، زۆر جاریش گلەیی و گازاندەی لە دڵی خۆی كردووە و هەموو سەر لێشێواوی و بێسەر و شوێنی خۆی لە دڵیەوە دەزانی بە هۆیەوە ئەو وەسفە جوانانە بەسەر دڵدارەكەیدا هەڵڕشتووە، هەر لەبەر هێندە ئاستی بەرزی وەسفەكە بە ناسكی و رەوایی گۆرانیبێژان لەگەڵ خوێندنەوەیاندا هێندەیش كاریگەر بوونە و توانیویانە ئاوازی بۆ داڕێژن و بیكەنە گۆرانی و تۆماری بكەن، یەكێ لەو شیعرانەی كە لەلایەن هونەرمەندی ئاستبەرز عەدنان كەریم كراوە بە گۆرانی شیعری دڵی من، لەو بڕوایەم كەسێ لە كورد نییە حەز لە گوێبیستی ئەو گۆرانییە نەكات، لەبەر ئەوەی شیعرەكە هێندە پڕ بە مانا و بە ناسكی و رەوایی هۆنراوەتەوە، هونەرمەندیش بە ئاوازێكی بە جۆش و بە دەنگێكی دروست تۆماری كردووە و بۆیە یەكێ لە گۆرانییە هەرە سەركەوتووەكانییەتی، لێرەدا نموونەیەك لەو كۆپلەی شیعرەكە دەخەینە روو كە دەڵێ:
لەو رۆژە رۆیشتوەو تۆراوە دڵی من
هەرچەند ئەگەڕێم بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من
ئاخۆ بە چ شاخێكەوە گیرساوە دڵی من
یاخۆ بە چ داخێكەوە سووتاوە دڵی من
لەگەڵ خوێندنەوەیدا دەچییە دونیایەك پڕ لە پاكی و خۆشەویستی بە لاواندنەوە، چونكە ئەم شیعرە شاعیر بۆ برازایەكی دەلاوێنێتەوە كە لە رووباری دیجلەدا لە بەغدا خنكاوە، لەو شیعرەدا وەسفی هەست و نەستی دەروونی خۆی دەكاتن لە دوای خنكانی ئەو لاوە جوانە مەرگە هەموو وەسفەكانیش پرسیارن، دەبێ لە كوێ بێ، شێتی چی لەیلایەك بێ، وەك ئەوەی دڵی شاعیر حیكایەتخوێنی ئەو كارەساتەیە كە بە لاواندنەوەیەكی زۆر كاریگەرانە بۆی چووە و وەسفی كردووە، لە لایەكی دیكە زۆر لە شیعرەكانی لایەنی ئایینی لە خۆ گرتووە لە رێچكەی خواناسیان بەرامبەرە بە موحەممەد (د.خ) پێغەمبەری ئیسلام، لە شیعرەكان ئاماژە بەوە دەدات هەموو راز و نهێنیەك لە دڵدایە و دڵ مەكۆی خواناسییە دەسا دەبێ وریابی، چونكە ئەوینی و خۆشەویستی لە دڵەوە هەڵدەقوڵێ و دڵ بارەگای خوایە و دەبێ ژیان بە خواناسی بباتە سەر، ئەوی راستی بێت شاعیر لە وەسفدا ئێجگار كارامەیە و لە شیعرەكاندا زۆرجار رووی ئامۆژگاری لە مرۆڤ دەكاتە ئاگاداری خۆ بێ لە چاكە نزیك و لە خراپە دوور بكەوێتەوە، ئامۆژگاری دەوڵەمەندی بەهۆش دەكا وەك دەڵێ:
برا خۆ تۆ لای خۆت مەخزەنی عەقڵ و كەمالاتی
كەچی  تا دەوڵەمەندتر بی فەقیر و سواڵكەر و لاتی
بەتەحرێكی هەوا دێیت و دەچی چەشنی شەپۆلی ئاو
سەرپا غەرقی گێژاوی غەم و بەحری خەیاڵاتی
كەواتە لێرەدا پێی دەڵێ نابێ خۆی بە هەژار بزانێ و هەوڵ بدا دەوڵەمەندتر بێ، كە دەڵێ خۆت مەخزەنی عەقڵ و كەمالاتی واتە دەوڵەمەند لە هۆشیاری و زانیاری، بەڵام هەرچەندە دەوڵەمەند بیت هێشتا هەژارین وەك سواڵكەر بە لاتی، چونكە هەر پێویستمانە زێتر هەوڵی ئاقلمەندی بدەین و نابێ هەڵپەرست بی، ئەگەر رابردووی لە دەست بچێ پێویستە بیر لە دوا رۆژ بكاتەوە، بەمەوە هۆشیار دەبێتەوە، چونكە ئەوكات ژیان غەرقی گێژاوی غەم و بەحری خەیاڵات دەبێت بەمەش لەدەست چوو دەردەچێت، بۆیە بیركردنەوە لە سەرەتادا پێویستە تاوەكو نەگەیشتۆتە نێو دنیایەك گێژاوی خەم و بیركردنەوە، ئەوەی ماوە بێژم شاعیر لە رێكەوتی 25/8/1995 لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی گردی سەیوان نێژراوە.
سەرچاوە:
* دیوانی بێخود – كۆكردنەوە و رێكخستن و لەسەر نووسینی موحەمەدی مەلا كەریم – بەغدا 1970.
* مێژووی ئەدەبی كوردی و بەرگی شەشەم – د. مارف خەزنەدار – هەولێر –  2006 .
* مێژووی وێژەی كوردی – بەرگی دووەم – سدیق بۆرەكەیی (سەفی زادە) – هەولێر 2008 .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌