2010-05-06

د.ڕۆژ نوری‌ شاوه‌یس جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئێراق، پێنجشه‌ممه‌، رایگه‌یاند كه‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و ئیئتیلافی‌ نیشتیمانیدایه‌، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ له‌ نه‌جه‌ف جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ له‌ زه‌رووره‌تی‌ په‌له‌كردن بۆ پێكهێنانی‌ حكوومه‌تی‌ داهاتوو به‌پێی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ئاشكرا‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوور. شاوه‌یس دوابه‌دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی‌ شیعه‌ ئایه‌توڵا عه‌لی‌ سیستانی‌ له‌ نه‌جه‌ف، نیوه‌ڕۆی‌ پێنجشه‌ممه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند، كه‌ سیستانی‌ جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌ پێویستیی‌ په‌له‌كردن بۆ پێكهێنانی‌ حكوومه‌تی‌ داهاتوو كه‌ پێویسته‌ ئه‌ركی‌ خزمه‌تكردنی‌ خه‌ڵك بێت، به‌ مه‌رجێك ئه‌و حكوومه‌ته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ئاشكرا‌و به‌پێی‌ ده‌ستوور پێكبهێنرێت‌و جێگه‌ی‌ سه‌رجه‌م نه‌وه‌كانی‌ ئێراقی‌ تێدا ببێته‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ وڵات. له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ ئاژانسی‌ "ئه‌سوات ئه‌لعێراق"دا ده‌رباره‌ی‌ ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌‌و ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و نامه‌یه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كه‌ ئاراسته‌ی‌ سیستانیی‌ كردووه‌، شاوه‌یس گوتی:‌ سه‌ردانه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌دایه‌ كه‌ وڵاتی‌ پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌ تایبه‌ت كه‌ پێویستییه‌كی‌ زۆرمان به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ دیالۆگ‌ و گفتوگۆ هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكوومه‌تی‌ نوێ، گوتیشی:‌ ئه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی‌ گفتوگۆكانمان بوو له‌گه‌ڵ سه‌ید سیستانی‌ كه‌ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌پێویستی‌ زانی‌ هه‌مووان پابه‌ندی‌ ده‌ستوور بن‌و له‌پێناو خزمه‌تكردنی‌ ئێراقێكدا كاربكه‌ن كه‌ جێگه‌ی‌ هه‌موو نه‌وه‌كانی‌ تێدا ببێته‌وه‌‌و وڵاتی‌ دادپه‌روه‌ری‌‌و یه‌كسانی‌ بێت. شاوه‌یس ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ رێز‌و سڵاوی‌ مسعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌ماحه‌تی‌ عه‌لی‌ سیستانی‌ كردووه‌. گوتیشی:‌ یه‌كبوونی‌ هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان"ئیئتیلافی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و ئیئتیلافی‌ نیشتیمانی‌" جێگه‌ی‌ خۆشحاڵیی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستانه‌‌و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌‌و حكوومه‌تی‌ هاوبه‌شیی‌ نیشتیمانیداین. رۆژ نوری‌ شاوه‌یس جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئێراق سه‌رله‌به‌یانیی‌ ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌ نه‌جه‌ف‌و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیدا چاوی‌ به‌ عه‌دنان زرفی‌ پارێزگاری‌ ئه‌و شاره‌ كه‌وت‌و پاشان سه‌ردانی‌ عه‌لی‌ سیستانیی كرد.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌