2010-05-15

 

رێنمایی نوێی تایبه‌ت به‌ خه‌رجكردنی قه‌رزی‌ خانوبه‌ره‌ گه‌یشته‌ لقه‌كانی بانكی خانوبه‌ره‌و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌شداربووانه‌ی له‌ئه‌مساڵدا سلفه‌ی 12 ملیۆن دیناریان وه‌رگرتووه‌، 3 ملیۆنی دیكه‌شیان بۆ خه‌رج ده‌كرێت. 

عه‌لی محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی هه‌رێم رایگه‌یاند: رێنمایی نوێی تایبه‌ت به‌ خه‌رج كردنی بڕی 15 ملیۆن دینار قه‌رزی‌ خانوبه‌ره‌ گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌ر سێ لقی بانكی خانووبه‌ره‌ له‌ پارێزگاكانی سلێمانی‌و هه‌ولێر و دهۆك، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی له‌ مه‌ودوا قه‌رزی‌ خانوبه‌ره‌ وه‌رده‌گرن چه‌كه‌كانیان له‌ 12 ملیۆن دیناره‌وه‌ بۆ 15 ملیۆن دینار زیادده‌كرێت .

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی هه‌رێم ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، هه‌موو ئه‌و به‌شداربووانه‌ی له‌ساڵی 2010دا چه‌كی 12 ملیۆن دیناریان وه‌رگرتووه‌ بڕی 3 ملیۆن دیناری دیكه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ مه‌رجێك مامه‌ڵه‌كانیان له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ كردبێت.

هاوكات هێرش موحه‌ره‌م سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كوردستان رایگه‌یاند: جگه‌ له‌خه‌رجكردنی پێشینه‌ی‌ خانوبه‌ره‌ بۆ گونده‌كان، ده‌سته‌كه‌یان به‌ نیازه‌ بڕی 7500 دۆلار وه‌كو مینحه‌ بۆ ئه‌و یه‌كانه‌ خه‌رج بكات كه‌ له‌ گونده‌كاندا دروست ده‌كرێن‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چاوه‌ڕاونی رێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ن.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌