2010-05-15

رۆژنامه‌ی‌ "واشنتۆن پۆست"ی‌ ئه‌مریكا له‌ ژماره‌ی‌ دوێنێ هه‌ینیدا له‌زاری‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ پابه‌ندی‌ ئیداره‌ی‌ واشنتۆن له‌باره‌ی‌ كشانه‌وه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ له‌واده‌ی‌ دیاریكراودا، به‌ڵام ئه‌وان به‌باشی‌ ده‌زانن له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ ئێراقدا بمێننه‌وه‌. 

به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا روونیان كرده‌وه‌، پێویسته‌ هێزه‌كانیان له‌ سنووره‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ نێوان ئیراق ‌و سوریا ‌و ئیراق ‌و ئێراندا بمێننه‌وه‌، له‌و روانگه‌وه‌ كه‌ سنووره‌كانی‌ ئێران ‌و سوریا ده‌روازه‌یه‌كن بۆ هاتنه‌ژووره‌وه‌ی‌ چه‌ك ‌و ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ رووبه‌ڕووی‌ حكومه‌تی‌ ئیراق ده‌بنه‌وه‌. 

به‌پێ بۆچوونی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا، یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ پێویستدا ده‌كات سوپای‌ ئه‌مریكا تێدا بمێنێته‌وه‌، ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانه‌ له‌نێوان كورد ‌و عه‌ره‌بدا. 

به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا پێیانوایه‌ ئه‌و ناوچانه‌ بوونی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ كورد ‌و عه‌ره‌بیان تێدان ‌و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت كه‌ رووبه‌ڕووی‌ چه‌كداری‌ له‌نێوانیاندا رووبدات. 

لیوا تۆرهان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ كه‌ركوك ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، پێویستیان به‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌كاندا ده‌بێت.

 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا، عه‌لی‌ ده‌باغ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ عیراق جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا ده‌كشێنه‌وه‌. 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌