2017-03-12

فه‌رمانده‌ی كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ رای گه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق پێشڕه‌وییان كردووه‌ و ئه‌وان توانیویانه‌ چه‌ند گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌یه‌كی گرنگ له‌ داعش پاك بكه‌نه‌وه‌، هاوكات له‌ نوێترین نه‌خشه‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی به‌ری راستی مووسڵ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ داعش ته‌نیا 20%ی مووسڵی به‌ ده‌ست ماوه‌.

فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رای گه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق، توانییان گه‌ڕه‌كی ئاغه‌وات له‌ ناوه‌ڕاستی به‌ری راستی مووسڵ له‌ داعش پاك بكه‌نه‌وه‌ و زیانی گه‌وره‌ش به‌ داعش بگه‌یه‌نن.

له‌لایه‌كی تر هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق توانییان بچنه‌ ناو هۆتێل ئاشوور له‌ ناوه‌ڕاستی به‌ری راستی مووسڵ كه‌ باره‌گایه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ركرده‌ و چه‌كدارانی داعش بووه‌ و به‌هۆی بۆردمانه‌كانی ئاسمانی هاوپه‌یمانانیشه‌وه‌ نیوچه‌ وێران بووه‌.

هه‌روه‌ها هێزه‌كانی فرقه‌ی 16ی سوپای عێراق هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر گوندی شێخ محه‌مه‌د و كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ دامه‌زراوه‌ی جابر كوڕی حه‌یان له‌ باكوری مووسڵ له‌ به‌رامبه‌ر شاره‌دێی بادۆش له‌ باكوری رۆژئاوای مووسڵ.

هه‌ر ئه‌مڕۆ فه‌ریق رائید شاكر جه‌وده‌ت فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵ رای گه‌یاند، هێزه‌كانیان 200 مه‌تر چوونه‌ته‌ ناو ناوچه‌ی كۆنی ناوه‌ڕاستی به‌ری راستی مووسڵ له‌ بابولتۆب و كۆنترۆڵی چه‌ندان شه‌قام و ته‌لاریان كردووه‌، هاوكات دوو فرقه‌ی تریان هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی ده‌واسه‌ و عه‌گیدات پاك ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌لایه‌كی تر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگ، نوێترین نه‌خشه‌ی ناوچه‌ ئازادكراو و نه‌كراوه‌كانی مووسڵی بڵاو كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ به‌ری راستی مووسڵ كه‌ ده‌ری ده‌خات هێزه‌كانی عێراق كۆنترۆڵی 80%ی مووسڵ به‌ هه‌ردوو به‌رییه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ته‌نیا 20%ی به‌ده‌ستی داعشه‌وه‌ ماوه‌. 
 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌