2017-05-11

خەبات: رانیار دڵشاد
جەنگی جەلال خۆشناو دانیشتووی شاری هەولێر، لەدایك بووی ساڵی (1981) هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری موزیك، پسپۆرییەكەی دەگمەنە لەسەر ئاستی عێراقدا، ئێستا لە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێر وانە دەڵێتەوە، بەپێویستمانزانی لەڕێگەی دیدارێكەوە زیاتر تیشك بخەینە سەر هونەری موزیكی كوردی بەشێوەیەكی گشتی، ئەو بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە.

* وەك دكتۆرایەك لەبواری موزیك، ڕەوشی ئێستای هونەری موزیكی كوردی چۆن دەبینن؟
- لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، لە زۆر بواردا كوردستان دووچاری قەیران بۆوە، بواری موزیكیش یەكێكە لەو بوارانەی كە بە قەیران تێدەپەڕێ، زۆربەی هونەرمەندان پێش قەیرانی دارایی لەسەر ئەركی حكومەت كاری هونەریان دەكرد، ئەمەش هاوكارییەكی باش بوو بۆ موزیكژەنان.

* ئەو سەنتەر و رێكخراوە هونەرییانەی تایبەت بەفێربوونی موزیك دامەزراون، ئێوە چۆن هەڵیان دەسەنگێنن؟
- هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەكانی ئەو دەزگایانە بەپێشینەیەكی كاركردنیان دەكرێت، بەرهەمێكی وا نەكراوە تا كار لەسەر هەڵسەنگاندنیان بكەم و بلێم باشە یان خراپ.

* زۆر باسی ئەوە دەكرا كە موزیكی گەلانی دەوروبەر كاریگەرییان بەسەر موزیكی كوردی هەیە، ئایا ئەو كاریگەرییە بەردەوامە، ئەی بەپێچەوانەشەوە ئەوان تاچەند سوودیان لە موزیكی كوردی بینیووە؟
- بێگومان كاریگەری هەیە لەسەر موزیكی كوردی، چوونكە (20) ساڵە خۆمان لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ریكڵام بۆ گۆرانی بێژان دەكەین، لەو ڕێگایەوە موزیكی وڵاتانی دیكە دەگەیەنینە نێوماڵان و بە بەرگوێی كوردی دەدەین، ئەمەش راستەوخۆ  كار لە هەستی چێژ وەرگرتنیان دەكات، لەرووی كاریگەرییەوە هیچ كاریگەرییەكی نیە بۆ سەر موزیكی كوردی، چوونكە بە هۆی هەڵە بەكارهێنانی موزیك، كورد نەیتوانیووە كاریگەری لەسەر خۆی هەبێت.

* دوای 25 ساڵ لەحوكمڕانی خۆماڵی، دەكرێت بڵێین موزیكی كوردی لەباشووری كوردستان، ناسنامەی خۆی هەیە و خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی؟
-  بەڵێ كورد ناسنامەی موزیكی هەیە، بەڵام تاكی كورد پێی ئاشنا نیە، چوونكە كار لەسەر ئەو بابەتە نەكراوە كە دەڵێین ناسنامەی موزیكی كوردی وەك  (لاوك ،حەیران ،قەتار ،ئەللا وەیسی، هتد..)  تاكو ئێستا موزیكژەنان خۆیان شارەزاییان نییە، بۆیە دەبێت كار بۆ بەر گوێخستنی ئەو شێوە گووتنانە بكرێت، كە لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە بە شێوەی پلان باس دەكرێت.

* بەدەستهێنانی پلەی زانستی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لە ووڵاتی میسر، خاوەن شارستانیەت و هونەری دێرین و پێشكەوتن، چ گۆڕانكارییەكی لەسەر ئاستی ژیان و هونەری و ئەكادیمیتان داناوە؟
- بێگومان كاریگەری دەبێت، چوونكە پسپۆڕییەتی دەخوێنرێت، ئەمەش وا دەكات زیاتر لە بابەتەكان ووردتربین، لەم ڕێگایەوە هەموو گۆشەنیگایەك ببینی، من زۆر سوودم لە پڕۆفیسۆرانی میسری وەرگرتووە، كە چۆن كار لەسەر بابەتەكان بكەم.

* لەماوەی خوێندن و مانەوەتان لەمیسر، مەقام و گۆرانییەكی كوردیتان بۆ كچێكی فێرخوازی میسری تۆماركرد، ئەو هەوڵەتان بەكوێ گەیشت؟
- بەڵێ ئەوە هەوڵێك بوو بۆ بەرگوێخستنی هونەری رەسەنی كوردی بە كەسانی پسۆر لە بواری موزیكی میسری، كاتێك لە وڵاتی میسر بووم هەوڵمدا بە گۆرانی كوردی لە ڕێگای كەسانی میسری بەشداربم لە فیستیڤاڵەكان، بەڵام لە ئێستادا هیچ پەیوەندی هونەریم لەگەڵ نەماوە، چوونكە سەرقاڵی كاری دیكەی هونەریم.

* لەماوەی رابردوودا چەندین كۆڕ و سیمینارتان بەرێوەبرد، یەكێك لەو سیمینارانەی كە سەرنجی ڕاكێشام، باسكردن بوو لەڕۆڵی موزیك لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، كاردانەوەی چۆن بوو؟
- ئەنجامدانی سیمینار لە هەموو شار و شارۆچكەكان، هەوڵدانێكە بۆ گەڕاندنەوەی شكۆی موزیك لە نێو كۆمەڵگادا، چوونكە زۆر هەرزان بازاڕكراوە، ئەنجامدانی سیمینارێك لە نێو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە چاودێری د.پشتیوان صادق، هەوڵدانێك بوو بۆ لێك نزیكبوونەوەی پسپۆڕانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پسپۆڕانی موزیك، تیایدا باسی شیكردنەوەی چەمكی موزیك و بەكارهێنانی لە نێو ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ، لە نێو بانگدان و قورئان خوێندنەوە و مەولوود كرد، لە ئەنجامی سیمینارەكە بیرۆكەی ئەلیكترۆنی كردنی بانگ دان هاتە كایەوە ،كە ئێستا زۆر باسی لێوەدەكرێت.

* موزیك وەك هەر كایەكی دیكەی ناو هونەر گرفتی هەیە، لەگەڵ بە بزنس نەبوون، موزیكڤانی كورد چۆن بتوانێت، بە شارەزایی و بەهەرەمەندی خۆی بژێنێت، واتە بەبێ سپۆنسەری هیچ لایەك خۆی بەرهەم هێنەربێت؟
-  هەموو تاكێكی موزیكژەن خۆبەخشە لەكوردستان، چوونكە هونەری موزیك هونەرێكە تاكو ئێستا وەكو سەرچاوەی  داهات بەكارنەهاتووە، ئەمەش دەگەڕێَتەوە بۆ نەبوونی مافی كۆپی ڕایت و گوێگری هونەری ، تاوەكو ئێستا كۆنسێرت بەشێوەی پلیت بازاڕی بۆ نەكراوەتەوە، بێگومان هەر كاڵایەكیش بازاری بۆ نەكەیتەوە زەرەرمەند دەبیت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌