2017-05-20

وەزیری ناخۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەی ئاشكرا كرد و حەسەن رووحانی وەك براوەی هەڵبژاردنەكە راگەیاند.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو 20ی ئایار/مایۆ، عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران راگەیاند.

بەپێی لێدوانی وەزیری ناوخۆی ئێران، حەسەن رووحانی بە 23 ملیۆن و 550 هەزار دەنگ بوو بە براوەی 12مین خولی سەرۆك كۆماری ئێران و بۆ جاری دووەم وەك سەرۆك كۆمار دەستنیشان كرایەوە.

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە ئێران دۆینێ هەینی 19ی ئایار هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی شوورای شار و گوندەكانی ئێران بەڕێوە چوو و تیایدا چوار پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری كێبەركێیان دەكرد.

وەزیری ناوخۆی ئێران روونی دەكاتەوە، رووحانی بە بەدەستهێنانی 23 ملیۆن و 550 هەزار دەنگ توانیویەتی 57%ی دەنگەگان مسۆگەر بكات و وەك براوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری هەژمار بكرێت.

تا ئێستە وەزارەتی ناوخۆ رێژەی بەشداربووانی لەو هەڵبژاردنانەدا رانەگەیاندووە و بەپێی ماڵپەڕە ناوخۆییەكانی ئێران، ئاستی بەشداریكردنی هاووڵاتییانی ئێران لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری و شووراكان لەچاو خولەكانی پێشوو دابەزیبوو و كەمتر لە 60%ی خەڵك دەنگیان داوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌