2017-05-23

نوێنه‌رى كوردى شه‌به‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 22/ 5/ 2017) ڕای گه‌یاند، چوار چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبى كه‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ بازگه‌یه‌كدا له‌ نزیك مووسڵ، ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته‌ سه‌رى، ده‌ستگیر كران.
په‌رله‌مانتار مه‌لا سالم شه‌به‌كى، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕای گه‌یاند :" دواى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبى سه‌ر به‌ نوورى مالیكی، له‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ بازگه‌یه‌كى نزیك مووسڵ هێرشیان كرده‌ سه‌رم، سكاڵام له‌سه‌ریان تۆمار كرد و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش ده‌ستگیریانی كرد".
ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ وێستوویه‌تی سه‌ردانى مووسڵ بكات، به‌ڵام له‌ خاڵی پشكنینى "بازوایا" چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى وێڕاى سووكایه‌تی پێكردن و جنێودان، لێیان داوه‌ و برینداریان كردووه‌، گوتیشی :" دواتر سكاڵام له‌سه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه‌ تۆمار كرد، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ فه‌رمانى گرتنیان بۆ ده‌ركرا، ئێستا له‌ به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌رن".
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ دادگا لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستپێكردووه‌ و چاوه‌ڕێی بڕیارى دادگا ده‌كات، سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ئاشكراى ده‌كه‌ن، ئه‌و هێزه‌ى په‌لامارى په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ شه‌به‌كه‌كه‌یان داوه‌، سه‌ر به‌ نوورى مالیكی، سه‌رۆكى پێشووى حكوومه‌تن و هه‌ر ئه‌ویش پشتیوانییان ده‌كات، له‌لایه‌ن حه‌نین قه‌دۆ، په‌رله‌مانتارى شه‌به‌كى سه‌ر به‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاساوه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌