2017-07-02

سوپای عێراق ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ داعش له‌ چه‌ند شوێنێكی بچووك ماون و گه‌مارۆ دراون، دوای ئه‌وه‌ی توانرا ته‌واوی ناو شاری مووسڵ پاك بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌و شوێنانه‌ دوو بژارده‌یان له‌به‌رده‌مدایه‌.

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگیی عێراقی، له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌رمیی خۆی له‌ تویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌، ئێمه‌ دوو بژارده‌مان له‌به‌رده‌م ئه‌و داعشه‌ خۆشاردووانه‌ داناوه‌، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌، یان خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن و به‌دیل بگیرێن، یان به‌رده‌وام بن له‌ شه‌ڕ تا ده‌كوژرێن.

پۆلیسی فیدرالی له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای ده‌كات كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌ر ڕووباری فورات و به‌ ته‌وای گه‌ڕه‌كی "شیفا" كه‌ مۆڵگه‌یه‌كی گرنگی داعش بووه‌، پاك كراوه‌ته‌وه‌.

ئێسته‌ داعش له‌ هه‌ر شوێنێكی ناو شاری مووسڵ یان ده‌ره‌وه‌ كه‌ خۆیان حه‌شار دابێت، له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ بانگه‌وازیان بۆ چووه‌ كه‌ ده‌توانن خۆیان ڕزگار بكه‌ن به‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، ئه‌گه‌رنا ناتوانن ژیانیان ڕزگار بكه‌ن.

عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراقی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕۆژی هه‌ینی ڕای گه‌یاند كه‌ ته‌نیا 200 بۆ 300 چه‌كداری داعش ماون، ئه‌وانیش زۆربه‌یان خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی عێراقن، بۆیه‌ ئومێدی زۆر مانه‌وه‌یان له‌ حه‌شارگه‌كان زۆر لاوازه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌