2017-07-15

  بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو ڕایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 69حاڵه‌تی رفاندن ھەبووە و، لە ماوەی ئەم 15رۆژەی رابردوویشدا نزیكەی 15كەسی دیكە رفێندراون، ھەمووانیش لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رفێندراون و، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ، ھەوڵێكی زۆریان داوه‌ تا ئازادیان كردوون.

(محەممەد فایەق)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "رفاندنی خەڵك لەلایەن چەند گرووپێكی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بەردەوامە و، لە مانگی رابردوودا 69كەس رفێندراون و لەم مانگەیشدا نزیكەی 15كەس رفێندراون، بۆیە بە ھەوڵێكی زۆر لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی توانرا لە ماوەی رابردوودا كەسێك ئازاد بكرێت و شەوی رابردوویش چوار كەسی دیكە ئازاد كران".
(فایەق) گوتیشی، "ھەریەكە لە گرووپەكانی كەتائیب ئەھلوحەق و حیزبوڵڵا و ھەندێك جاریش رێكخراوی بەدر، ئەو كارە ئەنجام دەدەن و، چەكدارەكانیان بۆ پارە خەڵك دەڕفێنن و پارەكەیش بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی و كڕینی حەب بەكار دەھێنن".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو ڕوونیشی كردەوە، ئەو كارە شەوانە بە ناوی ھەڵمەتی گەڕان و پشكنین ئەنجام دەدەن، بە بێ ئەوەی نووسراوی دادگا و ھێزە ئەمنییەكانیان لابێت و بۆ پارە ئەو كارە دەكەن.
دەشڵێت، لەنێو رفێندراوانی ئەم دواییەدا، پێشمەرگەیەكی عەرەب ھەبووە، بەڵام دوای ھەوڵێكی زۆر توانرا ئەو كە لەگەڵ باوكی رفێندرابوون، رزگار بكرێن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌