2017-07-17

خەبات‮: ‬زانكۆ جاف
ئاژانسی‮ ‬هەواڵی‮ ‬رۆیتەرز،‮ ‬لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات،‮ ‬ئۆپەراسیۆنی‮ ‬كۆنتڕۆڵكردنەوەی‮ ‬مووسڵ،‮ ‬دوای‮ ‬نۆ مانگ شەڕی‮ ‬سەخت،‮ ‬دەگاتە كۆتایی‮ ‬و شارەكە بە تەواوەتی‮ ‬كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە،‮ ‬بەڵام مووسڵ بە وێرانی‮ ‬دەگەڕێتەوە دەست عێراقییەكان،‮ ‬لەگەڵ ئەوەشدا،‮ ‬هێشتا ململانێكان لە بارەی‮ ‬داهاتووی‮ ‬عێراق،‮ ‬كۆتاییان نەهاتووە و هیچ پلانێكیش بۆ بەڕێوەبردنی‮ ‬مووسڵ نییە لە دوای‮ ‬داعش‮.‬
لەگەڵ ئەوەشدا،‮ ‬مۆدێلی‮ ‬دەسەڵاتی‮ ‬ناوەندی‮ ‬ئیتیحادی،‮ ‬كە دەسەڵات لە عێراق بەسەر پێكهاتەكانی‮ ‬شیعە،‮ ‬سوونە و كورد دابەشكران و لەلایەنی‮ ‬بەریتانیا و ئەمەریكاوە سەرپەرشتی‮ ‬كرا،‮ ‬شكستی‮ ‬هێناوە و عێراق بە شەپۆلێكی‮ ‬ململانێی‮ ‬توندی‮ ‬تایەفیدا رەتبوو،‮ ‬هەوڵەكانی‮ ‬كوردیش بۆ سەربەخۆیی،‮ ‬وایكردووە‮ ‬یەكچارچەیی‮ ‬عێراق ببێتە خەون‮. ‬
عێراقی‮ ‬دوای‮ ‬داعش
یەكێك لە ئاستەنگەكانی‮ ‬دوای‮ ‬جەنگ،‮ ‬داهاتووی‮ ‬مووسڵە،‮ ‬كە سێ ساڵی‮ ‬بەدەست فەرمانڕەوایی‮ ‬داعش ناڵاندوویەتی،‮ ‬لە كاتی‮ ‬ئۆپەراسیۆنی‮ ‬كۆنتڕۆڵكردنەوەی‮ ‬شارەكەش،‮ ‬مووسڵ بە تەواوەتی‮ ‬وێران بووە و هەزاران كەس كوژران و نزیكەی‮ ‬ملیۆنێك دانیشتووی‮ ‬شارەكە،‮ ‬ئاوارەبوونە‮. ‬بەرپرسانی‮ ‬رۆژئاوا و كورد و عێراقییەكان باس لەوە دەكەن،‮ ‬ئەوان سەرییان لەوە سوڕماوە،‮ ‬دەسەڵاتدارانی‮ ‬عێراق هیچ پلانێكیان بۆ فەرمانڕەواییكردن و ئەمنییەتی‮ ‬شارەكە نییە لە دوای‮ ‬داعش،‮ ‬هەرچەندە پێشتر چەند جارێك مسعود بارزانی،‮ ‬سەرۆكی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬دووپاتی‮ ‬لەوە كردووەتەوە،‮ ‬پێویستە رێككەوتنی‮ ‬سیاسی‮ ‬بۆ مووسڵی‮ ‬دوای‮ ‬داعش هەبێت‮.‬
ئاییندەی‮ ‬مووسڵ
هەروەها دەگوترێت هەرێمی‮ ‬كوردستان و حكوومەتی‮ ‬بەغدا و هێزەكانی‮ ‬هاوپەیمانی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬بە سەرۆكایەتی‮ ‬ئەمەریكا،‮ ‬لێژنەیەكی‮ ‬باڵای‮ ‬هاوبەشیان پێكهێناوە،‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬هاوكاربن لە ئاوەدانكردنەوەی‮ ‬مووسڵ،‮ ‬بەڵام تا ئێستا ئەو لێژنەیە كۆنەبووەتەوە‮. ‬ئاژانسی‮ ‬هەواڵی‮ ‬رۆیتەرز لە راپۆرتەكەیدا بڵاویكردووەتەوە،‮ ‬هۆشیار زێباری،‮ ‬كە لەسەر ئاستی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬پێگەیەكی‮ ‬دیاری‮ ‬هەیە و پێشتر لە هەردوو پۆستی‮ ‬وەزیری‮ ‬دارایی‮ ‬و وەزیری‮ ‬دەرەوەی‮ ‬عێراق بووە،‮ ‬دەڵێت‮: ‬حەیدەر عەبادی،‮ ‬سەرۆك وەزیرانی‮ ‬عێراق،‮ ‬پرسەكە پشتگوێ دەخات و هەر جارێك باسی‮ ‬ئەو رێككەوتنەی‮ ‬لەگەڵدا دەكەین،‮ ‬دەڵێت با چاوەڕێ بكەین تاكو پرۆسە سەربازییەكان كۆتاییان دێت‮. ‬هەروەها دەڵێت‮: ‬مووسڵ بە تەواوەتی‮ ‬وێران بووە،‮ ‬سەرنج بدەنە بەشداریكردنی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬بەغدا،‮ ‬وەك ئەوە وایە هیچ پەیوەندییەكی‮ ‬بەو شارەوە نەبێت‮. ‬لەلایەكی‮ ‬دیكەوە،‮ ‬بەڕێز مەسعود بارزانی‮ ‬سەرۆكی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان رایگەیاندووە،‮ ‬ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‮ ‬لە رۆژی‮ ‬25ی‮ ‬ئەیلوولی‮ ‬ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت،‮ ‬ئەمەش دەبێتە پرسێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬نێوان هەولێر و بەغدا،‮ ‬لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی‮ ‬باڵای‮ ‬هەرێم دووپات لەوە دەكەنەوە،‮ ‬بە رێگەی‮ ‬ئاشتەوایی‮ ‬و گفتوگۆ ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت‮. ‬
میلیشیا شیعەكان
بە گوێرەی‮ ‬رۆیتەرز،‮ ‬یەكێكی‮ ‬دیكە لە كێشەكانی‮ ‬داهاتووی‮ ‬ناوچەكە،‮ ‬جموجۆڵەكانی‮ ‬میلیشیا شیعەكانە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان دەكرێت و لە ژێر ناوی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬كۆبوونەوەتەوە،‮ ‬بەناو حكوومەتی‮ ‬عێراق سەرپەرشتییان دەكات،‮ ‬بەڵام بە ویستی‮ ‬ئێران لە ناوچە كوردییەكان نزیك بوونەتەوە و بەرەو سنوورەكانی‮ ‬سووریا درێژدەبنەوە،‮ ‬ئەمەش بۆ دامەزراندنی‮ ‬رێڕەوێكی‮ ‬زەمینییە لە تارانەوە بەرەو بەیروت‮. ‬لەم چوارچێوەیەدا،‮ ‬هەفتەی‮ ‬رابردوو،‮ ‬عەلی‮ ‬ئەكبەر ویلایەتی،‮ ‬گەورە راویژكاری‮ ‬ئایەتوڵڵا عەلی‮ ‬خامەنەیی،‮ ‬رێبەری‮ ‬باڵای‮ ‬كۆماری‮ ‬ئیسلامی‮ ‬ئێران گوتی‮: ‬ئەمڕۆ رێگەی‮ ‬بەرگری‮ ‬خێرا دەستپێدەكات،‮ ‬لە تارانەوە دەگاتە مووسڵ و لەوێشەوە بەرەو دیمەشق و بەیرووت‮. ‬هەموو ئەو ململانێیانە لەنێوان دوو هێزی‮ ‬هەرێمی‮ ‬ناوچەكەن،‮ ‬كە ئێران و توركیایە،‮ ‬لەگەڵ ئەوەشدا،‮ ‬هەژموونی‮ ‬ئەمەریكا كشاوەتەوە دواوە و ئێرانیش لە هەوڵی‮ ‬چڕدایە بۆ ئەوەی‮ ‬هەژموونی‮ ‬خۆی‮ ‬زیاتر لە عێراق بسەپێنێت‮. ‬
بێ رۆڵی‮ ‬سوننەكان
سەركردەكانی‮ ‬كورد و سووننە لە مووسڵ و دەوروبەری،‮ ‬بە گومانەوە لە داهاتووی‮ ‬مووسڵ دەڕوانن و نیگەرانن لەوەی‮ ‬عەبادی‮ ‬بەردەوام گفتوگۆی‮ ‬داهاتووی‮ ‬مووسڵ دوادەخات و گومانییان لەوە هەیە ئێران لە رووی‮ ‬مەیدانییەوە،‮ ‬كارەكان هەڵدەسووڕێنێت،‮ ‬نەك عەبادی‮. ‬ئەسیل نوجێفی،‮ ‬پارێزگاری‮ ‬پێشووی‮ ‬نەینەوا رایگەیاندووە،‮ ‬ساڵی‮ ‬2014‮ ‬كاتێك داعش مووسڵی‮ ‬داگیركرد،‮ ‬گەڕاینەوە شوێنێك كە نەیاندەویست ئەو ناوچانە ئازاد بكرێنەوە‮. ‬نوجێفێ دەشڵێت‮: ‬تا ئێستا هیچ پلانێك بۆ مووسڵی‮ ‬دوا داعش نییە و بەغداش هیچ بوارێكی‮ ‬نەداوە بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی‮ ‬داهاتووی‮ ‬مووسڵ‮. ‬نوجێفی‮ ‬باس لەوە دەكات،‮ ‬شیعەكان لە ناوخۆدا بوونەتە دوو باڵ،‮ ‬باڵێكیان سەركردە توندڕەوەكانن و دەیانەوێت لەسەر بنەمای‮ ‬سەركەوتن لە شەڕی‮ ‬مووسڵ مامەڵە بكەن و دەیانەوێت مەرجەكانی‮ ‬خۆیان بەسەر مووسڵ و ناوچە ئازادكراوەكاندا بسەپێنن،‮ ‬ئەو باڵەش ئێران پاڵپشتییان دەكات‮. ‬بە گوێرەی‮ ‬نوجێفی،‮ ‬باڵەكەی‮ ‬دیكەش،‮ ‬میانڕەوترن و لەوە تێگەیشتوون ئەو كارە ئەستەمە و دەبێتە هۆی‮ ‬سەرهەڵدانی‮ ‬توندڕەوی‮ ‬لە عیراق و وەك ئاماژەی‮ ‬بۆ دەكات،‮ ‬عەبادی‮ ‬لە باڵی‮ ‬میانڕەوەكانە‮. ‬ئەسیل نوجێفی،‮ ‬ئێستا سەركردایەتی‮ ‬هێزێكی‮ ‬چەكدار دەكات،‮ ‬كە لەلایەن توركیاوە مەشقییان پێكراوە،‮ ‬وازی‮ ‬لە پۆستی‮ ‬پارێزگاری‮ ‬هێناوە،‮ ‬بەڵام دەستبەرداری‮ ‬سیاسەت نەبووە و دەڵێت‮: ‬سەركردە سووننەكان بەدەست لاوازییەوە دەناڵێنن،‮ ‬تەواوی‮ ‬سەركردە بەهێزەكانی‮ ‬سووننە پەراوێزخراون و لە گۆڕەپانی‮ ‬سیاسی‮ ‬دوورخراونەتەوە‮ ‬یان لەلایەن دادگاوە داواكراون‮. ‬
كیانێكی‮ ‬سەربەخۆ‮ ‬
بۆ سوننەكان
سەربەخۆیی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬گفتوگۆی‮ ‬لە بارەی‮ ‬پرسێكی‮ ‬دیكە هێناوەتە ئاراوە،‮ ‬ئایا سووننەكان دەوڵەتی‮ ‬عەرەبی‮ ‬سووننە دادەمەزرێنن‮ ‬یان نا،‮ ‬كە ئەمە لە رووی‮ ‬كردارییەوە گونجاو نییە،‮ ‬بەو پێیەی‮ ‬تا ئێستا داعش هەڕەشهیە بەسەر كیانە تازە درووستبووەكان و ناوچە سووننە نشینەكانی‮ ‬عێراقیش،‮ ‬بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنێت و سووننەكان لە چەند ناوچەیەكی‮ ‬جیاجیای‮ ‬عیراق نیشتەجێن‮. ‬بە گوێرەی‮ ‬سەركردەكانی‮ ‬كورد و سووننە،‮ ‬یەكێك لە چارەسەرەكان ئەوەیە،‮ ‬مووسڵ بكرێتە ناوچەیەكی‮ ‬حوكمی‮ ‬زاتی‮ ‬وەك هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬لەگەڵ‮ ‬یەكەی‮ ‬خۆڕێبەری‮ ‬دیكەی‮ ‬بچووك،‮ ‬بەشێوەیەك پێكهاتە جیاوازەكانی‮ ‬ناوچەكە بتوانن فەرمانڕەوایی‮ ‬ناوچەكانییان بكەن،‮ ‬كە دەستووریش رێگەی‮ ‬پێداوە‮. ‬هۆشیار زێباری‮ ‬بۆ رۆیتەرز دەڵێت‮: ‬پێشتر سووننەكان هەستیارییەكی‮ ‬زۆرییان هەبوو لەوەی‮ ‬دەسەڵات بگوازرێتەوە‮ ‬یەكە خۆڕێبەرییە بچووكەكان و پێیان وابوو ئەو كارە دەبێتە هۆی‮ ‬جیابوونەوە و دابەشبوونی‮ ‬عێراق،‮ ‬بەڵام ئێستا ئەوەیان قەبووڵە‮. ‬
سەربەخۆیی‮ ‬كوردستان
سووننەكان بە تەنها نین كە دەسەڵاتی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬بەغدا رەتدەكەنەوە،‮ ‬كە لەژێر هەژموونی‮ ‬شیعە و ئێراندایە،‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستانیش ئەو هەژموونە رەتدەكاتەوە،‮ ‬هاوكات كورد هەوڵ بۆ ئەنجامدانی‮ ‬ریفراندۆم دەدات بۆ ئەوەی‮ ‬لە رووی‮ ‬سیاسی،‮ ‬لە حوكمی‮ ‬زاتییەوە ببێتە دەوڵەتێكی‮ ‬سەربەخۆ‮. ‬لەم چوارچێوەیەدا بەڕێز مسعود بارزانی‮ ‬سەرۆكی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان بە ئاژانسی‮ ‬هەواڵی‮ ‬رۆیتەرزی‮ ‬راگەیاندوە،‮ ‬نەرمییەك لە كاتی‮ ‬راگەیاندنی‮ ‬سەربەخۆیی‮ ‬لە دوای‮ ‬ریفراندۆمدا هەیە،‮ ‬بەڵام ماوەیەكی‮ ‬بێسنوور نییە و دیاریكراو دەبێت‮. ‬لەگەڵ ئەوەشدا،‮ ‬گومانی‮ ‬زۆر لەوە هەیە،‮ ‬مەبەستی‮ ‬راستەقینەی‮ ‬ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەی‮ ‬خێرا بێت لە عێراق،‮ ‬بەڵكو كورد هەوڵی‮ ‬زیاتر بۆ گەڕاندنەوە و وەرگرتنەوەی‮ ‬ناوچە كوردستانییەكانی‮ ‬دەرەوەی‮ ‬ئیدارەی‮ ‬هەرێم دەدات،‮ ‬كە بە نەوت دەوڵەمەندە،‮ ‬بە تایبەتیش شاری‮ ‬كەركووك،‮ ‬كە ماوەی‮ ‬10‮ ‬ساڵە باس لە چارەنووسی‮ ‬دەكرێت‮. ‬هۆشیار زێباری،‮ ‬كە بەرپرسێكی‮ ‬باڵای‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستانە و ماوەی‮ ‬10‮ ‬ساڵ لە بەغدا بوو،‮ ‬دەڵێت‮: ‬ئێستا كاتی‮ ‬سەربەخۆییە‮. ‬زێباری‮ ‬بۆ رۆیتەرز دەڵێت‮: ‬هیوا و متمانەمان لە دەستداوە لەو عێراقە نوێیەی‮ ‬كە ئێمە بنیاتمان نا،‮ ‬حكوومەت ئێمەی‮ ‬بێهیوا كرد لە هەموو ئەو بەند و ماددە دەستوورییانە بۆ بنیاتنانی‮ ‬وڵاتێكی‮ ‬نوێ،‮ ‬تێیدا هاووڵاتیان‮ ‬یەكسان بن،‮ ‬جیاوازی‮ ‬لە نێوان كەسدا نەكرێت و هاوبەش بن،‮ ‬بەڵام هەموو ئەو خەونانە رەوینەوە‮. ‬زێباری‮ ‬دەشڵێت‮: ‬كێشەكە ئەوەیە بەرپرسە باڵاكانی‮ ‬ئێران،‮ ‬هیچ گومانێكیان نەهێشتووینەتەوە كە كاری‮ ‬لە پێشینەی‮ ‬ئەوان دامەزراندنی‮ ‬رێڕەوێكە بۆ هێزە شیعییەكان لە رێگەی‮ ‬باكووری‮ ‬عێراقەوە،‮ ‬كە خۆیان سەرپەرشتی‮ ‬بكەن‮. ‬هەروەها دەڵێت‮: ‬ئەوان بە درێژایی‮ ‬هێڵی‮ ‬سەنگەری‮ ‬كورد لە شنگالەوە تاكو خانەقین بوونیان هەیە،‮ ‬بەڵام ئێمە لەسەر دۆخەكە ئاراممان گرتووە و هەماهەنگیمان كردووە،‮ ‬بۆ ئەوەی‮ ‬هیچ گرژی‮ ‬و ناكۆكییەك روونەدات‮.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌