2017-07-23

هاوار مورتكه‌یی

چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 19/7/2017 له‌رێگای فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌، دوو راهێنه‌ری نێوده‌وڵه‌تی ئێرانی گه‌یشتنه‌ یانه‌ی شه‌تره‌نجی خانزاد، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی د. شاكر ئه‌حمه‌د سمو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌رزش و لاوان هاتوونه‌ته‌ كوردستان و بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ راهێنان به‌ تیپه‌كانی تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوان و پێشكه‌وتووان ده‌ڵێنه‌وه‌، و له‌هه‌مان كاتیش چه‌ند موحازه‌ره‌یه‌كی بۆ راهێنه‌رانی یانه‌ی خانزاد هه‌یه‌ له‌ رووی شێوازی راهێنان به‌گشتی.
یارییه‌كی نمایشی
سه‌ید حامد موسه‌ویان كه‌ راهینه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێران بووه‌ له‌گه‌ڵ خانمی میهرنووش رۆژانه‌ راهێنان به‌ شه‌تره‌نجزانانی یانه‌ی خانزاد ده‌ده‌ن و ئاشنایان ده‌كه‌ن به‌ شاره‌زایی شه‌تره‌نجی قوتابخانه‌ی رشت.
له‌یه‌كه‌م رۆژی گه‌یشتنیشیان به‌ ئاماده‌بوونی دلزار حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆكی یانه‌ی خانزاد له‌ هۆڵی یانه‌ دوو یاریی نمایشی گروپ بۆ هه‌ردوو راهێنه‌ر  له‌گه‌ڵ یاریزانانی یانه‌ی خانزاد رێكخرا كه‌ هه‌ر گرووپه‌و له‌ 13 یاریزان پیكهاتبوو، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ستپیكێك له‌ به‌رنامه‌ی راهێنان و هه‌روه‌ها له‌ زانیاری وه‌رگرتن له‌ تواناكانی یاریزانان.
له‌نزیكه‌وه‌ ده‌سكه‌وته‌كانم بینی
له‌ لێدوانێكی تایبه‌تیشدا سه‌ید حامد موسه‌ویان گوتی: ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجارمه‌ دیمه‌ هه‌ریمی كوردستان و یانه‌ی خانزاد ده‌بینم، لێره‌ پێشوازییه‌كی گه‌رمیان لێكردم و له‌نزیكه‌وه‌ ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌م بینی، كه‌ له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ بیست ساڵه‌ ته‌مه‌نی كه‌چی خاوه‌نی چه‌ندین ده‌سكه‌وتی گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ش، ئه‌وه‌ زۆر سه‌رسامی كردم، له‌یارییه‌كی نمایشیشدا شه‌تره‌نجزانه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌م بینی، توانای باشیان هه‌ییه‌ و بێگومان پێویستیان به‌شاره‌زایی زیاتر هه‌یه‌، له‌ماوه‌ی ئه‌و 10 رۆژه‌شدا رۆژانه‌ به‌یانیان و ئێواران راهێنانیان پێده‌كه‌م و ته‌كتیكی یاری و هێرش و دان به‌خۆداگرتن و چۆنیتی به‌رگری و كردنه‌وه‌ی یاری و ...هتد ئه‌وانه‌یان پێشكه‌ش ده‌كه‌م و هه‌سته‌كه‌م له‌م رووه‌وه‌ شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، به‌ڵام یاریزانه‌كان گوێڕایه‌لن و ڵنیام سوود له‌و سه‌ربازگه‌ راهێنانییه‌ وه‌رده‌گرن.
شاره‌زایی قوتابخانه‌ی رشت
دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی شه‌تره‌نجی خانزاد نازناوه‌كانی خولی یانه‌ پله‌ نایابه‌كان و جامی عێراقی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌و یانه‌یه‌ بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ ئاستی شه‌تره‌نجزانانی بدات له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا، ئه‌ویش به‌ هێنانی 2 راهێنه‌ری به‌ناوبانگی ئێرانی كه‌ شاره‌زاییه‌كی زۆری له‌بواری راهێنه‌رایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌م كاته‌شدا چه‌ندین شه‌تره‌نجزانی به‌توانای ئێران له‌ژێر راهێنه‌رایه‌تی ئه‌ودا پێگه‌یشتوون و حالی حازریش نزیكه‌ی 20 شه‌ترنجزانی تیپی نه‌وجه‌وانان له‌ بن ده‌ستی ئه‌وه‌وه‌ راهینان ده‌كه‌ن، مووسه‌ویان و میهرنوش له‌قوتابخانه‌ی شه‌تره‌نجی رشتن له‌ شیمالی ئێران كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ قوتابخانه‌ دیاره‌كانی شه‌تره‌نج له‌وڵاتی ئێران و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییش وڵاتی ئێران پێشكه‌وتنیكی به‌رچاوی له‌ جیهان به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ریزی پێشه‌وی ریزبه‌ندی وڵاتانی جیهانییه‌وه‌ دێت.
موسه‌ویان له‌ چه‌ند دێرێكدا
  جێی باسه‌ سه‌ید حامد موسه‌ویان لة دايكبووي رةشتة لة شيمالي ئيَران، له‌ته‌مه‌نی 4 ساڵی ده‌ستی به‌ شه‌تره‌نج كردووه‌ و كاتێك ته‌مه‌نی بووه‌ته‌ 5 ساڵ توانیویه‌تی ببێته‌ پاڵه‌وانی تازه‌ پێگه‌یشتوانی ئێران، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران بووه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین نازناو و ده‌سكه‌وته‌، له‌وانه‌ میدالیای برۆنز له‌ پاڵه‌وانێتی ئه‌كادیمیای جیهان، دوو جار میدالیای زێڕی پاڵه‌وانێتی ئاسیای به‌ده‌ستهێناوه‌، میدالیای برۆنز له‌ پاڵه‌وانێتی جیهان بۆ ته‌مه‌نه‌كان، یه‌كێكه‌ له‌و شه‌تره‌نجزانانه‌ی كه‌ خاوه‌نی زۆرترین جه‌ماوه‌ره‌ له‌ وڵاتی ئێران و زۆرێك له‌ شه‌تره‌نجزانه‌ لاوه‌كان له‌ ژێر راهێنه‌رایه‌تی موسه‌ویانه‌وه‌ پێگه‌یشتوون و ئه‌مڕۆكه‌ خاوه‌نی ریتینگی به‌رزبه‌رزن، هه‌روه‌ها راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێران بووه‌.
 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌