2017-07-31

لانە زەنگەنە، خانمە گۆرانیبێژی كورد، پشتگریی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دووپات كردەوە و بڕیاریشە گۆرانیەك لەسەر ڕیفراندۆم بڵاو بكاتەوە.
كاوە شێخ، تێكستی بۆ گۆرانییەكە نووسیوە و هەڵكەوت زاهیر ئاوازی بۆ داناوە، یووسف لەشكری كاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ كلیپەكە كردووە.

لانە، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام) لەمبارەیەوە پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: "گۆرانییەك بۆ پاڵپشتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بڵاو دەكەمەوە، كلیپی بۆ كراوە، بڕیارە بەمزوانە بڵاو ببێتەوە".

لانە زەنگەنە، لە لێدوانێكی پێشووتریدا بە (باسنیوز)ـی ڕاگەیاندبوو، دوای سەركەوتنی گۆرانی (چۆپییەكەت)، دەمەوێت كارێكی باشتر و جوانتر پێشكەشی هەوادارانم بكەم.

لەگەڵ دیارییكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، زۆربەی هونەرمەندانی كورد، بە شێوەی گۆرانی و سروود و شانۆ و كورتە فیلم، پشتگریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دووپات كردووەتەوە.

لانە زەنگەنە، خەڵكی كەركووكە، خاوەنی چەندین ڤیدیۆ كلیپیی گۆرانییە، بڕوانامەی ماستەری لە بواری كارگێڕیدا هەیە، ماوەیەكە گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و كۆمپانییەكی هونەریی دامەزراندووە.


باسنیوز

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌