2017-09-12

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك ڕای گه‌یاند، ڕاسته‌وخۆ دوای ڕیفراندۆم كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ین، چونكه‌ كاتی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و ئارامه‌ بۆ كورد.

به‌رێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و توێژه‌كانی شاری كه‌ركووك ڕای گه‌یاند، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی ئه‌مڕۆمان له‌باره‌ی ڕیفراندۆم و ئاماده‌كارییه‌كانیه‌تی وئه‌م پرسه‌ كه‌سی یا حزبی نییه‌، به‌ڵكو پرسێكی نه‌ته‌وه‌یییه‌ و ئێمه‌ زۆر له‌ مێژه‌ ھه‌وڵمان داوه‌ له‌گه‌ڵ عێراق وه‌ك ھاوبه‌ش بژین و به‌ برایانه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ین، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت، چونكه‌ ھه‌موو كات به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كان ده‌ستووریان پێشێل ده‌كرد.

زیاتر گوتی: ئێسته‌ كاتی ئه‌وه‌ ھاتووه‌ كوردستان به‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیشه‌وه‌ بڕیاری خۆی بدا و ئه‌م پرسه‌ش له‌ ده‌ستی خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌بێت كه‌ ده‌یانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێ بژین.

پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌م، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ردانێكی فه‌رمیدا به‌ره‌و شاری كه‌ركووك به‌ڕێ كه‌وت و ڕاسته‌وخۆ چووه‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ و به‌ یاوه‌ریی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری شاره‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجام دا.

له‌ به‌شێكی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گوتی، زۆر گوێمان له‌ چه‌ند لێدوانێك ده‌بێت كه‌ ئاماژه‌ بۆ جه‌نگ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ گوێیان ناده‌ینێ و به‌ كارێكی ھه‌رزه‌كارانه‌ ده‌یبینین، ئه‌و لێدوانانه‌ ھیچ سوودێكی نابێت، ئێمه‌ بڕیاری ریفراندۆممان داوه‌ و دواتر به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌چین.

پێشتر محه‌مه‌د خورشید به‌رپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ "وشه‌"ـی ڕاگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی شاری كه‌ركووك به‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش كۆ ده‌بێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگه‌داربوون له‌ داواكارییه‌كانیان.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بووانی گوت، ئێمه‌ ھاتووین گوێ له‌ بیروڕاكانتان بگرین و ڕێز له‌ ھه‌موو بیر و ڕاكان ده‌گرین، كه‌ركووك ھه‌میشه‌ شاری برایه‌تی بووه‌ و ده‌بێت وا بمێنێته‌وه‌، ده‌بێت ڕێ نه‌ده‌ن كه‌س ئه‌م برایه‌تییه‌ له‌ كه‌ركووك تێك بدا.

هه‌روه‌ها گوتی، ئێمه‌ وه‌ك كورد و كوردستانی نامانه‌وێ له‌ وڵاتێكدا بژین كه‌ تایفه‌گه‌ری ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌ و ڕێ به‌ كه‌س ناده‌ین كه‌ ڕێ له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك بگرێ بۆ ده‌ربڕینی ڕای خۆیان له‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ و ئامۆژگاریی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ لێدوان بۆ ھه‌ڵگیرسانی جه‌نگ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ جه‌نگ ھیچ سوودێكی نابێت و ئێمه‌ بۆ وه‌ڵامی ھه‌موو ھێرشێك ئاماده‌ین و به‌رگری له‌ خۆمان ده‌كه‌ین.

ھاووڵاتییانیشی دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ دوای ڕیفراندۆم ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و ئارام دێته‌ كایه‌وه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌