2017-09-13

  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵی پاڵپشتیی ریفرەندۆم لە ئاکرێ رایگەیاند، کە بڕیاری ریفرەندۆم بڕیاری هەموو گەلی کوردستانە..راشیگەیاند کە بۆ سەربەخۆیی هەموو باجێک دەدەن. لە گوتارەکەدا گوتیشی، ئیرادەی میللەتی کورد بە پەرلەمانی عێراق ناشکێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) لە ئاکرێ گوتارێکی بەبۆنەی ریفرەندۆم و سەربەخۆیی کوردستان پێشکەشکرد و لە گوتارەکەدا بۆ ئامادەبوونی روونکردەوە کە بەشی ئێمە لە هاوبەشیکردن لەگەڵ عێراقدا ماڵوێرانی بووە. گوتیشی کە دەبێ بەرپرسانی عێراق لەخۆیان بپرسن کە بۆچی هەموو شەراکەتێک لەگەڵ ئەوان شکستی هێنا.
(سەرۆک بارزانی) دیاری کرد کە دوای ریفرەندۆم ئامادەن دەرگای گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەت بکەنەوە لەگەڵ عێراق، لەسەر پرسی سنوور و نەوت و گاز و پرسەکانی دیکە.
لەبارەی شەڕی داعشەوە گوتی، هەڵوێستی ئیمە هەروەک جارانە و بەردەوام دەبین لە شەڕی داعش. دووپاتیشی کردەوە کە هەموو باجێک بۆ سەربەخۆیی دەدەن.
لە گوتارەکەدا رایگەیاند، کە بڕیاری ریفرەندۆم بڕیاری هەموو گەلی کوردستانە.

(سەرۆک بارزانی) لە گوتارەکەدا رایگەیاند، چیدیكه‌ نابێت په‌یمانه‌كانى لۆزان و سایكس-پیكۆ چاره‌نووسى كوردستان دیار بكه‌ن و ده‌بێت خه‌ڵكى خۆمان و گه‌لى كوردستان ئه‌و چاره‌نووسه‌ دیار بكات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە، ئەوانەی دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد تاقی بکەنەوە، ئەوە مەیدان کراوەیە، ئیرادەی میللەتی کورد بە پەرلەمانی عێراق ناشکێت، پەرلەمانی عێراق کار لەسەر زۆرینەی سیاسی دەکات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌