2010-05-16

له‌سه‌ر داوه‌تی ره‌سمی وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌و فێركردنى باڵاى كۆمارى لوبنان به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.   
حه‌سه‌ن مونه‌یمنه‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌و فێركردنى باڵاى لوبنانی به‌یاوه‌رى خاتوو نه‌دا مونه‌یمنه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى پرۆژه‌كانى بوژانه‌وه‌ى په‌روه‌رده‌یی لوبنانی و د. مازن ئه‌لخه‌تیب راگرى كۆلیژه‌ى په‌روه‌رده‌و ئه‌لبێر شه‌معون راوێژكارى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ت، به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشتنه‌ فرۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و له‌لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی وه‌زیرى په‌روه‌رده‌و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌وه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.  
سه‌فین دزه‌یی خۆشحاڵى خۆى بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ى هاوشانه‌ لوبنانییه‌كه‌ى ده‌ربڕی و دواى دانیشتنێكی كورت له‌ هۆڵى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێرى نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌و شوێنى حه‌وانه‌ى خۆى له‌ هۆتێلی هه‌ولێرى نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێخرا.      
بڕیاروایه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا هه‌ردوو وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم و لوبنانی چه‌ند رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانى نێوانیان، له‌بواره‌كانى په‌ره‌پێدانى پرۆگرامه‌كانى خوێندن و تواناى مرۆیی مامۆستاو په‌روه‌رده‌كاران و شێوازه‌كانى وانه‌وتنه‌وه‌و به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیاى هاوچه‌رخ له‌ په‌روه‌رده‌دا واژۆبكه‌ن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌