2017-09-24

خەبات: رانیار دڵشاد

رۆژی 22/9/2017 بۆ یەکەمجار گرووپێکی رەشاقە و لەشجوانی پارێزگاری سلێمانی سەردانی دەڤەری "بارزان" یان کرد، لەلایەن بەڕێز ئەنوەر دۆڵەمەری بەرپرسی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی پێشوازییان لێکرا.

لەبارەی سەردانی ئەو گرووپە وەرزشوانانەی سلێمانی بۆ دەڤەری بارزان، ئەنوەر دۆڵەمەری بەرپرسی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی لەمبارەیەوە بە "خەبات"ی ڕاگەیاند: ئەوە بۆ یەکەمجارە گرووپێکی وەرزشوانانی سلێمانی، بەسەرپەرشتی هەریەک لە بەڕێزان " ئومێد و بنار و بارام" سەردانی دەڤەری بارزان دەکەن، ئەو گرووپە پێکهاتبوون لە 52 ئەندام، ئێمە وەکو سەنتەری بارزان لەگەڵ ئەم گرووپە وەرزشوانانە، گەشتێکمان بۆ دالاش و ئیسومەرا لەناوچەی بارزان ئەنجامدا.

لەبارەی ئەو قسانەی لەسەر دەڤەری بارزان و خەڵکەکەی دەکرێت، ئەنوەر دۆڵەمەری گووتی: ئەو قسانە هەڵبەستراون و ئەمانە هیچیان راستنین و دوورن لەراستییەوە، هاتنی ئەو گرووپە وەرزشوانەی سلێمانی هەموو ئەو گومان و دڵەڕاوکێیەی کە بۆ ناوچەکەمان دروستکراوبوو بەچاوی خۆیان بینییان کە ئەوەی پێیان گووتراوە لەئەسڵدا وانیە، ئەم گرووپە خۆشحاڵی و سەرسامی خۆیان لەبارەی ئەو میواندۆستییەی خەڵک و پاراستنی سروشتی دەڤەری بارزان دەربڕی.

شایانی باسە ئەو گرووپە وەرزشوانەی پارێزگای سلێمانی، یەکەم گەشتیانە بۆ دەڤەری بارزان، مەبەست لەو سەردانە پتەوکردن و هەماهەنگی هەردوولایە بۆ گرینگیدان و بەسەرکردنەوەی هەندێ ناوچەی شاخاوی و گەشتیارییە بۆ کاری وەرزشی.

لەکۆتایی گەشتەکەیاندا لۆگۆی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی بەدیاری پێشکەش بە گرووپەکرا، ئەم گرووپە لای خۆیانەوه‌ زۆر دڵخۆشبوون بەهاتنیان و بەسەرکردنەوەیان بۆ ئەم ناوچەیە، هیوایان خواست لەداهاتوودا گەشتەکەیان بەردەوامی هەبێت و لەرووی کاری وەرزشییەوە هەماهەنگییان زیاتربێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌