2017-10-01

دڵشاد مستەفا وەسانی

هیچ میللەتێك بە دوودڵی‮ ‬و راڕایی،‮ ‬ناتوانێت‮ ‬یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕوات،‮ ‬بەتایبەتیش گەلی‮ ‬كوردستان،‮ ‬چونكە كوشتەی‮ ‬دەستی‮ ‬رێككەوتن و پەیماننامەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬و شۆفێنیەتی‮ ‬نەتەوەكانی‮ ‬سەردەستە،‮ ‬دوای‮ ‬25 ی‮ ‬ئەیلوولی‮ ‬2017 بەغدا دڵی‮ ‬بەوە خۆشە كە ئابڵۆقەمان دەدات،‮ ‬هەڵوێستی‮ ‬كۆمەڵگەی‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬بەرامبەر بە ریفڕاندۆم،‮ ‬عێراق و ئێران و توركیا و تەنانەت سوریای‮ ‬هاندا بەرامبەر گەلی‮ ‬كوردستان توند بن،‮ ‬بەڵام لە بەرامبەردا گەلی‮ ‬كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە،‮ ‬رۆژی‮ ‬25 ی‮ ‬ئەیلوول بڕیاری‮ ‬خۆی‮ ‬دا،‮ ‬دوای‮ ‬بڕیارە مێژووییەكە،‮ ‬گەلەكۆمەی‮ ‬داگیركەران بەردەوامە،‮ ‬بەڵام خەڵكی‮ ‬كوردستانیش خۆڕاگرە‮.‬

پێش‮ ‬25 ی‮ ‬ئەیلوول،‮ ‬گوشاری‮ ‬نێودەوڵەتی‮ ‬و ئیقلیمی‮ ‬و عێراق و ناوخۆی‮ ‬كوردستان،‮ ‬زۆریان بۆ‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان و سەركردایەتییەكەی‮ ‬هێنا،‮ ‬بۆ‮ ‬ئەوەی‮ ‬ریفڕاندۆم نەكرێت،‮ ‬هەریەك لەو گوشارانە بەرژەوەندیی‮ ‬خۆی‮ ‬هەبوو،‮ ‬لێ گوشاری‮ ‬ناوخۆ‮ ‬جێی‮ ‬پرسیارە،‮ ‬چونكە بەغدا و دەوروبەریش گرەویان لەسەر دەكرد،‮ ‬ئەوەی‮ ‬تێبینی‮ ‬كرا گوتاری‮ ‬دژی‮ ‬سەربەخۆیی،‮ ‬هێزی‮ ‬دەدایە دوژمنان و هەوڵی‮ ‬لێستاندنی‮ ‬هێزی‮ ‬لە خەڵك دەدا،‮ ‬ئەمەش بە دەوری‮ ‬خۆی‮ ‬رۆڵی‮ ‬لە بڵاوكردنەوەی‮ ‬ڕا‮ ‬ڕایی‮ ‬هەبوو،‮ ‬بێگومان كەسی‮ ‬دوودڵ ناتوانێت بڕیار بدات،‮ ‬بۆیە هەوڵ دەدات زۆرترین خەڵك وەك ئەو بن‮.‬

هەموو خەڵكی‮ ‬كوردستان،‮ ‬بەپێی‮ ‬ئەزموون لەگەڵ نەتەوەی‮ ‬سەردەست،‮ ‬لێی‮ ‬روون بوو داگیركەران كاردانەوەیان دەبێت،‮ ‬بەڵام بێ دوودڵی‮ ‬رۆژی‮ ‬25 ی‮ ‬ئەیلوول بڕیاری‮ ‬خۆی‮ ‬دا،‮ ‬مادەكان‮ ‬700 ساڵ پێش زایین ئەگەر دوودڵ بان دەوڵەتیان پێ دروست نەدەكرا،‮ ‬بەڵام كاتێ سەركردەكانیان لاوازبوون و راڕاییان بەسەردا زاڵ بوو،‮ ‬دەوڵەتیان لە دەست چوو،‮ ‬بەمەش فڕێدراینە دەرەوەی‮ ‬مێژوو،‮ ‬لە سەردەمی‮ ‬شێخ محموودی‮ ‬حەفید،‮ ‬كاتێ ئینگلیز دەهاتنە كوردستان و قسە لەبارەی‮ ‬رای‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان دەكرا،‮ ‬هەبوون دەیانگوت سەربەخۆییمان ناوێ،‮ ‬پێیانوابوو دەبێتە هۆی‮ ‬سەرئێشە و بەڵا و لەناوچوون،‮ ‬سەربەخۆییش نەبوو كەچی‮ ‬خەڵك هەر لە زەلیلی‮ ‬و داماویدا مایەوە و بەدرێژایی‮ ‬نزیك بە‮ ‬100 ساڵ بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی‮ ‬لەناوچووندا بووە‮.‬

بۆیە رۆژی‮ ‬25 ی‮ ‬ئەیلوول‮ ‬یان دووشەممەی‮ ‬مەزن،‮ ‬رۆژێكی‮ ‬پڕشنگدارە و سەرەتای‮ ‬دروستكردنی‮ ‬مێژووە،‮ ‬ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێ،‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان و سەرۆك بارزانی‮ ‬و ئەنجوومەنی‮ ‬باڵای‮ ‬ریفڕاندۆم،‮ ‬ڕاڕا و دوودڵ نەبوون،‮ ‬بۆیە‮ ‬25 ی‮ ‬ئەیلوولی‮ ‬لێ بەرهەم هات،‮ ‬كارەساتێكی‮ ‬گەورەیە میللەتێك زیاتر لە‮ ‬92% ی‮ ‬دەنگدەرانی‮ ‬دەنگ بە سەربەخۆیی‮ ‬بدەن،‮ ‬دوودڵی‮ ‬و‮ ‬ڕاڕایش بكەوێتە ناو حزبەكان،‮ ‬پێداگریی‮ ‬سەرۆك بارزانی‮ ‬و بڕیاری‮ ‬ئەنجوومەنی‮ ‬باڵای‮ ‬ریفڕاندۆم،‮ ‬لە ئاست داوای‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان بوون،‮ ‬بۆ‮ ‬دروستكردنی‮ ‬مێژوو پێوستمان بەو هەڵوێستەیە،‮ ‬چونكە بە دوودڵان دروست‮ ‬نابێت‮.‬

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌