2017-10-02

حکومەتی کەتەلۆنیا سەرکەوتنی دەنگی بەڵێی لە گشتپرسیدا راگەیاند و دەڵێت بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 90% ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان داوە، ژمارەی دەنگەکانیش ئاشکرا دەکات.

یۆردی تورول، گوتەبێژی حکومەتی کەتەلۆنیا بەیانی ئه‌مرۆ دووشەممە 2-10-2017 رایگەیاند: لە گشتپرسییەکەدا 2 ملیۆن و 262  هەزار و 424 دەنگ (واتە  42.67% ی سەرجەم دەنگدەران) هەژمارکراون، لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 20 هەزار دەنگدەر کە دەکاتە 90% ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا داوە، هەروەها 176 هەزار و 566 کەس کە دەکاتە 7.8% ی بەشداربووان بە نەخێر دەنگیان داوە.
 
تورول گوتیشی: 45 هەزار و 586 دەنگ کە دەکاتە 2% ی دەنگە جیاکراوەکان بە سپی دراون بۆیە هەژمارنەکراون، هاوکات زیاتر لە 20 هەزار دەنگی پووچەڵ هەبووە کە دەکاتە رێژەی سەتا سفر و پۆینت 89 ی دەنگەکان، بەگوتەی تورول تەنیا 15 هەزار دەنگی دیکەش ماون و جیادەکرێنەوە.

 ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە هێشتا ژمارەی ئەو سندووقانە دیارنییە کە پۆلیسی ئیسپانیا بردوونی و رێگەی نەداوە دەنگیان تێدا بدرێت.

سەرباری رێگرییەکانی حکومەتی ئیسپانیا، رۆژی یەکشەممە 1-10-2017، گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا بەڕێوەچوو. لە گشتپرسییەکەدا 5 ملیۆن و 300 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌