2017-10-03

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان لە پەیامێكی ماتەمینیدا بەبۆنەی كۆچی دواییی (مام جەلال) سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركۆماری پێشووی عێراقه‌وه ڕایگەیاند: ''مام جەلال ڕۆڵێكی گرینگ و لەبیرنەكراوی هەبوو لە شۆڕشی كوردستان و تێكۆشانی دیموكراسیدا لە عێراق و خاوەن نێوبانگێكی جیهانی بوو.'' ئەمە ده‌قه‌كه‌یه‌تى:


پەیامی سەرەخۆشی بۆ گەلی كوردستان و عێراق و بنەماڵەی مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:

ئەمڕۆ گەلی كوردستان و عێراق، ئازادیخواز و تێكۆشەرێكی گەورەی ئازادیی كوردستان و دیموكراسیی عێراقی لەدەست دا كە ئەویش جەنابی مام جەلالە. بەو بۆنه‌یەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو گەلی كوردستان، گەلی عێراق، هێرۆخان و كاك قوباد تاڵەبانی و كاك بافل تاڵەبانی و هەموو بنەماڵەی جه‌نابى مام جەلال تاڵەبانی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕادەگەیهنم.

جه‌نابى مام جەلال ڕۆڵێكی گەورەی لە شۆڕشی كوردستاندا هەبوو، هەر لە تەمەنێكی زووی لاوییەوە تێكەڵاوی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و سیاسیی كوردستان بوو، وەك سەركردەیەك ڕۆڵی لە خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە و دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو كە هاوشان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ڕۆڵێكی گرنگیان لە شۆڕش، دروستكردنی بەرەی كوردستانی، ڕاپەڕین و دامەزراندن و پاراستنی دەزگا دیموكراسی و شەرعییەكانی كوردستاندا گێڕا.

ڕۆڵی مام جەلال لە خەبات دژی دیكتاتۆری و هێنانەكایەی دیموكراسی لە عێراقدا، ڕۆڵێكی گرنگ و لەبیرنەكراوە. خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جەلال لەگەڵ سه‌رۆك بارزانی و سەركردە دیموكراسیخوازەكانی دیكەدا، ڕۆڵی هەرە بەرچاویان هەبوو لە كاركردن و پێداگیریكردن لەسەر دروستكردنەوەی عێراق لەسەر بناغەی سیستەمێكی دیموكراسی و مەدەنی لە عێراقدا و یەكسانیی نەتەوەی كورد و عەرەب و پارێزراوبوونی مافی توركمان، كریستیان و هەموو نەتەوەكان و پەیڕەوانی ته‌واوى ئایین و مەزهەبەكان لە عێراقدا بە پەیڕەوكردنی بنەمای تەوافوق كە كرایە بناغەی بڕیاردان و بەڕێوەبردن بەپێی دەستووری عێراق.

مام جەلال وەك سەركۆماری عێراق لە بەغدا، لە هەوڵ و ململانێیەكی سەختی بەردەوامدا بوو بۆ جێبەجێكردن و پاراستنی دەستوور. بەهۆی پێگە تایبەتییەكه‌یه‌وه لای هەموو هێزە عێراقییەكان و بەهۆی لێهاتوویی خۆییه‌وه تا ڕادەیەكی زۆر ڕێگری لە پێشێلكردنی بنەمای تەوافوق و پشتگوێخستنی دەستوور دەكرد، هەر لەبەرئەوەش دەبینین دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دووركەوتنەوەی لە پۆستی سەركۆماری لە بەغدا، پێشێلكردنی دەستوور و بنەمای تەوافوق لە عێراق زۆر زیاتر بوو، ئەنجامی ئەوەش پەككەوتنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و كارەسات و ماڵوێرانییەكی زۆر بوو بۆ هەموو عێراق. مام جەلال بەو شێوە كاركردنەی خۆی لە سەرۆكایەتیی كۆماردا، ببووە خاوەن نێوبانگێكی جیهانی.
پەیوەندیی من و مام جەلال، پەیوەندییەكی زۆر باش و ڕێزگرتن و لێكتێگەیشتنی بەردەوام بوو، زۆربەی ئەو كێشانەی كە دەهاتنە پێشەوە و دەبوونە بەشێك لە گفتوگۆ و پەیوەندییە بەردەوامەكانی نێوانمان، ئەنجامەكەیان هەمیشە چارەسەركردن بووە. لەگەڵ مندا هەمیشە خاوەن مێشكێكی كراوە بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

لەدەستدانی سەركردە و سیاسییەكی وەك مام جەلال، زیانێكی گەورەیە بۆ كوردستان و عێراق و ناوچەكە. دووبارە پرسە و سەرەخۆشی لە هەموو ئەوانە دەكەم كە مام جەلالیان خۆشدەویست و هیوادارین هەموو لایەك بیر لە شێوەی كاركردنی مام جەلال بكەنەوە لە بەڕێوەبردنی كارەكاندا بە تەوافوق لە عێراق.

یادی هەمیشە بە خێر و جێگەی بەهەشت بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
3/10/2017

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌