2017-10-11

  سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، راگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراق و تورکیاوە کارێکی ئاسان نییە و وڵاتان رێگەی پێ نادەن، چونکە بەرژوەندیی ئەوانیشی تێدایە و جگە لەوەش تورکیا رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان (د.شێرکۆ جەودەت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لەلایەن حکوومەتی عێراق و بە ھاوکاریی تورکیا ئاسان نییە، لەبەرئەوەی تورکیا گرێبەستی ٥٠ساڵەی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، بۆیە گەر تورکیا لەو گرێبەستە پەشیمان بێتەوە ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە."
(د.شێرکۆ جەودەت) گوتیشی، دەستبردن بۆ گرتنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە کارێکی ئاسان نییە، چونکە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان تەنھا بەرژوەندیی ھەرێم و تورکیای تێدا نییە، بەڵکو بەرژوەندیی رووسیا کە گرێبەستی ٢٠ساڵەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و، هیی وڵاتانیشی تێدایە.
وەک (جەودەت) گوتی، ئەگەرچی لەئێستادا ھیچ بڕیارێکی وا لەئارادا نییە کە تورکیا ھەنگاوێکی لەوشێوەیە بنێت، بەڵام "گەر کارێکی واش بکات ھەرێمی کوردستان بیر لە جێگرەوی دیکە دەکاتەوە بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان."

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌