2017-10-11

دڵشاد مستەفا وەسانی

ساڵێك لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق، دەنگی لەسەر بڕیاری كشاندنەوەی سوپای توركیا لە باشیك دا، بەغدا هەر بەوە نەوەستا، لە خۆپیشاندان دژی توركیا ئاڵای ئەو وڵاتەشیان سووتاند، ئەمەش لە دوو فاقیی بەغداوەیە، چونكە دەستێوەردانی ئێرانی بە ئاسایی وەرگرتووە، راستە عێراق بەناو دامەزراوەی دەوڵەتی هەیە، بەڵام لە تارانەوە فەرمان دەردەچێت و بەغدا جێبەجێی دەكات، دوای ریفڕاندۆمی 25 ی ئەیلوول، بەغدا مانەوەی هێزەكانی توركیا بە گرنگ دەزانێت، پەرلەمانتارێكی سەر بە مالیكی دەیگوت هێزی بیانی هەبێ باشترە، نەك عێراق دابەش بێت، سەیریش لەوەدایە سەری زمان و بنی زمانی دەسەڵاتدار و كاربەدەست و لایەنە سیاسییەكانی عێراق سەروەری و دەستوورە، بەڵام بەغدا بۆی بچێتەسەر داوا لە توركیا و ئێران دەكات، نەك هەر سنوور بە رووی هەرێمی كوردستاندا دابخەن، بەڵكو زۆر خۆشحاڵ دەبێت، ئەگەر لەشكركێشی بۆ سەر كوردستان بكەن.
بەغدا و تاران و ئەنكارا، هەوڵ دەدەن جیهان بەوە بترسێنن، ئەگەر كورد بە مافی رەوای خۆی بگات، ئەوا مەترسی بۆ سەر ناوچەكە دروست دەكات، ئێستا ئەو سێ پایتەختە ئیش لەسەر ئەوە دەكەن، لە رێی گوشارەكانیانەوە هەولێر واز لە ئەنجامی ریفڕاندۆم بێنێ، بەڵام تازە تیر لە كەوان دەرچووە و ناگەڕێتەوە، بڕیاری گەل بە هیچ كەس و لایەنێك هەڵناوەشێتەوە، هەڕەشەمان لێ دەكەن كە دەستوورمان پێشێل كردووە، بەغدا هیچی بۆ دەستوور نەهێشتۆتەوە، ناوە ناوە ئەوەمان بەچاودا دەدەنەوە لە 2005 دەنگمان بە دەستووری عێراق داوە، راستە دەنگمان بە دەستووردا بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت، نەك بەغدا پشتی تێبكات و هەر بەناوی ئەو دەستوورەوە دژایەتیمان بكات.
ریفڕاندۆم رووی راستەقینەی بەغدای ئاشكرا كرد، ئێستا پەرلەمانی عێراق بۆتە پەرلەمانی شیعە و پەرلەمانتارانی پێكهاتەكانی دی بۆ شەرعییەتدان بە بڕیارە تایفی و ناشەرعییەكان بەكار دێنێت، ئیشوكاری ئەو پەرلەمانە تەنیا بۆتە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان، ریفڕاندۆم پەرلەمانی توركیا و ئێرانیشی مەشغوڵ كردووە، بازاڕێكی گەرمی بۆ ئەردۆگان دروست كردووە، رۆژ نییە قسەی لەسەر ریفڕاندۆم نەكردبێت، تا قسەی زیاتریش لەسەر كوردستان بكات، زەبر وەبەر ئابووریی وڵاتەكەی دەكەوێت و لێكەوتی دیكەی دەبێت، هەرچی ئێرانە كەمتر قسە دەكات، چونكە بەغدا هی خۆیەتی.
ئێستا دەبێ جیهان لەوە تێبگات، سەربەخۆیی كوردستان مایەی سەقامگیریی ناوچەكەیە، نەك دژایەتیكردنی ئەو مافە، ئەو ئاڵۆزییەی ناوچەكە، بەهۆی بڕیاری گەلی كوردستانەوە نییە، بەڵكو بەهۆی دژایەتیكردنی ئەو بڕیارەیە، ئەو پایتەختانەی هەڕەشە لە كوردستان دەكەن، نەیانتوانیوە نموونەی پێكەوەژیانی وەك هەرێمی كوردستان پێشكەش بە مرۆڤایەتی بكەن، مافی گەلی كوردستانیان پێ قبوڵ ناكرێت، بۆیە ئەو دەوڵەتانە سەرچاوەی بەڵا و نەهامەتین نەك ئێمە.
* رۆژی 11/10/2017 لە رۆژنامەی خەبات بڵاوبۆتەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌