2017-10-11

ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان بەسەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)  لە كۆبوونەوەكەدا بە ڕای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیێنێت كە گەلی كوردستان ڕووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت.


دەقی ڕاگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان:

ڕۆژی چوارشەممە 11ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی بەڕێز (مەسعوود بارزانی) ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان كۆبۆوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی سەرۆك مام جەلال و گیانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی خولەكێك وەستان و لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە باشترین وەفا بۆ ڕۆحی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان یەكڕیزی و برایەتی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.

پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و كاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقییەكانیان لەبەرانبەر ڕیفراندۆم تاوتوو كرد و بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشتن:
یەكەم: كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم لەڕووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە. بۆیە كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها ڕەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی.
دووەم: سەپاندنی سزا بەسەر گەلی كوردستان نایاسایی و نابەرپرسیارانەیە و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك ناكات.
سێیەم: كۆبوونەوەكە بە ڕای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیێنێت كە گەلی كوردستان ڕووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت.
چوارەم: ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان بەردەوام بێت.

ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان
11ـی 10ـی 2017

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌