2010-05-17

كەریم قادر
 راگەیاندنی گۆڕان و تاك تاكەی هەڵسوڕاوانی ئەو ڕەوتە هەڵتۆقیووە لە پەرشوبڵاوكردنەوەی گومان، دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو كۆمەڵگای كوردستان بەردەوامن بە ئامانجی تۆقاندنی كۆمەڵگاو بێ نرخ كردن و بەدەمبادانی سەركەوتن و پێشكەوتنەكان، بەڵام ئەوانە بێئاگان لەوەی كۆمەڵگای كوردستان قبووڵی هیچ دیاردەیەكی نامۆ ناكات و ئامادە نییە ئەو ژیانە سەقامگیرەی هەیەتی دەستبەرداری بێت، بەهەر نرخێك لەسەری بكەوێ.
ناحەزانی تەبایی..
 ئەو خەڵكە دوو ڕووانە (نەوشێروان و باندەكەی) مەرگی خۆیان لەئاشتی و تەبایی و پێشكەوتن دەدۆزنەوە. هەر بۆیە هەمیشە بەدوای كەلێنێك دەگەڕێن ئاژاوەی لێ چێ بكەن، دواتر لەرێگەی ئەو ئامرازانەی بۆ ئەم بارەیان سازو ئامادەكردووە خۆیان بەفریاد رەس نیشانبدەن. ئەوەتە ماكینەی ئیعلامی خۆیان بەگەڕخستووە، كە گوایە مەترسی لەسەر ژیانی رۆژنامەنووساندا هەیە، بێ ئەوەی پێناسەی رۆژنامەنووس دیار بكەن. ئەو گومڕایانە دەمێك خەریكی نانەوەی فیتنەبوون لەناو رۆڵە ستەمدیدەكانی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بۆ ئەوەی گومان دروست بكەن لەسەر ئەو یەكڕیزیەی ئەمڕۆ هەیە، كە سەرچاوەی دەستكەوتەكانە، بەوەی گوایە دەسەڵات بەیەك چاو سەیری كوردستان ناكات، بەڵام كە لەلایەن جەماوەر ئەوەیان بۆ نەچووە سەرو لەگەڵ واقیعدا تێكی نەكردەوە، كەوتنە نانەوەی دڵەڕاوكێ بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان چەشە لەو ئازادیە نەكەن، كە هەیە و هەست بەئاسوودەیی نەكەن.
هەڵتەكاندنی عەقڵیەتی شەڕخوازان..
 بەئاڕاستەی بەمەدەنی كردنی كۆمەڵگا و لەناوبردنی كولتووری توندوتیژی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوەو كەشێكی خوڵقاندووە كە تاكی ئەم وڵاتە سەرقاڵی داهێنان و باڵابوونی وڵاتەكەی بێت، كە بەهۆی داگیركاری پێشتر لێی بێبەش بوو، بەڵام لەگەڵ ئەو هەوڵ و هەنگاوانەشدا تا ئێستا عەقڵیەتی شەڕخوازی بوونی ماوەو لەرێگەی نائومێدكردنەوە دەخوازن لە بچووكترین كێشەدا ئاگر لە هەموو ئەو دەستكەوتانە بەربدەن، كە هەیە. بۆیە لەپێناو هەنگاوی بەمەدەنی كردن و لەناوبردنی پەیڕەوانی توندوتیژی، پێویستە دەزگاكانی كوردستان رێگەی قانوونی بگرنەبەر بۆ ئەوەی لەلایەك بەر لە هەنگاوەكانی ئەو عەقڵیەتە شەڕخوازانە بگرن كە دەیەوێ هەموو ڕووە گەشەكان چڵكن بكات، لەلایەكی دیكەوە ئەو عەقڵیەتە بە یەكجارەكی لەناو كۆمەڵگای كوردستان لەبنوبۆتكەوە هەڵتەكێنن كە سەبەبكاری زۆرێك لەو خوێنەن كە بەناهەق لەم وڵاتە ڕژاوە. 
نازینێكی بێ بنەما..
 زۆر جار سودفە رۆڵ دەگێڕێ و رەنگە لەساتەوەختێكدا بەحوكمی هۆكارگەلێك بارودۆخێك بۆ تاقم و دەستەیەك بخوڵقێنێ كە خۆی گەورە بێتە بەرچاو، بەڵام هەموو كارێك كە لە سوودفەوە هاتبێت زوو دەپوكێتەوەو درێژەی نابێ، ئەو 25 كورسیەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەدەستیهێنا، بەدەستهێنانێكی لەمجۆرە بوو كە ئاماژەم پێداوە، چونكە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقدا كە لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، ئەنجامەكە رێك پێچەوانەوەی مانگی تەممووز بوو، واتە تەنها دەنگی ئەوانەی بەدەستهێنا كە مەرگی خۆیان لەتەبایی دەدۆزنەوە بەئامانجی درێژەدان بە عەقڵیەتەكەیانەوە، بۆیە ئەوەی هەیانە بەخۆوە نازینێكی كاتییە.
متمانەی جەماوەر..
 هیچ كاتێك پارتی ئیرادەی خۆی بەسەر كۆمەڵگای كوردستان نەسەپاندووە، بەپێچەوانەوە پارتی خاوەنی یەكەمین بیرۆكەی هەڵبژاردنە لە كوردستان. بەمانایەكی دیكە ئەوە پارتی نییە خۆی بە حزبی قائید پێناسە دەكات، بەڵكو جەماوەرە متمانە بەپارتی دەدات كە رابەرایەتی بكات، چونكە. مێژووەكەی بۆ هەمووان لەبەرچاوەو لەلایەن كەسانێكیش رابەرایەتی دەكرێ و ئیدارە دەدرێ كە هەمیشە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكان داناوەو ئامادەیە لە پێناو نەتەوەدا گیان بەخت بكات و مساوەمە لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەكاندا نەكات

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌