2017-10-28

فەرماندەی میحوەری گوێڕ ئاشکرای کرد، بە شێوەیەکی کاتی شەڕ لە نێوان حەشدی شەعی و ھێزی پێشمەرگەدا ڕاگیڕاوە و دەڵێت، پێشمەرگە لە ناحیەی گوێڕ دەسەڵاتی بەدەستە و ھەر ھێزێک بیەوێت ھێرش بۆ سەر ناحیەی گوێڕ بێنێت، مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا بێن، ئەگەرنا چۆڵی ناکەین.

پێشمەرگە لە جیهاندا بەوەناسراوە ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، لە ٢٠٠٣ ئەمەریکا پشتی بە پێشمەرگە بەست بۆ رووخانی رژێمی سەددام، لە شەڕی تیرۆریشدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش رووی کردە عێراق، ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان پشتیان بە پێشمەرگە بەست و دواجار پێشمەرگە توانی ئوستوورەی داعش بشکێنێ.

لە ئێستایشدا کە حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق بە یارمەتی وڵاتانی ئیقلیمی شەڕی هێزی پێشمەرگە دەکەن، لە پردێ، سنووری زوومار و مەحموودیە، مەخموور و رەبیعە و ناوچەکانی دیکە نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکەن، بۆیە هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیویەتی بەرگرییەکی سەخت بکات و سەرکەوتن لە مەیدانی جەنگدا بە دەستبێنێ و زیانی گەورەیش لە حەشدی شەعبی بدات.
سەبارەت بە میحوەری گوێر، (جەمال مورتکە)، فەرماندەی میحوەری گوێڕی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری میحوەری گوێڕ ھیچ دانوستان لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەکاندا نەکراوە و ئەو وێنانەی لە ڕاگەیاندنیش بڵاو کراوەتەوە ھی پێش ئێستایە. ئێستا بە شێوەیەکی کاتی شەڕ ڕاگیراوە و لە سەرووی خۆمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە شەڕ نەکرێت تا ئەو کاتەی فەرمانمان بۆ دێت، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ھەر لە ئامادەباشیدایە و ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێک ئەگەر بکرێتە سەرمان.''

لەبارەی چۆڵکردنی ناحیەی گوێڕ لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە، (جەمال مورتکە) دەڵێت: ''ناحیەی گوێڕ لە ژیڕ کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەدایە و جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھیچ ھێزێکی دیکەی حەشد و عێراقی نەھاتوونەتە نێو ناحیەی گوێڕ، ئێمە ئەرکی بەرگریکردمان ھەیە و بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا بێن، ئەگەرنا ناھێڵین ھیچ ھێزێک بێتە گوێڕ.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌