2017-10-29

كه‌مێك پێش ئێستا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا تیشكی خسته‌ سه‌ر بابه‌تێكی گرنگ به‌تایبه‌تی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق .

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ به‌شێك له‌ وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌:-

به‌غدا ڕیفراندۆمیان كرد به‌ به‌هانه‌ ئه‌گینا زۆر له‌ مێژه‌ زۆر ئاماژه‌ی ئه‌و نیه‌ت خراپیه‌یان ده‌ركه‌وتبوو و له‌ شه‌ڕی داعش كه‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌فسانه‌ی داعشی تێكشاند و خه‌ڵكی كوردستان خۆڕاگر بوون و هه‌موو ئه‌و شاندانه‌ی ده‌هاتنه‌ كوردستان مه‌دحی پێشمه‌رگه‌یان ده‌ركرد و به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواتر هه‌موویان چوونه‌وه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان.

ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ هه‌رگیز سوپای عێراق نه‌یده‌توانی به‌و ئاسانییه‌ موسڵ ڕزگار بكات و شه‌ڕی حه‌ویجه‌یان دواخست بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری كه‌ركووك بده‌ن و له‌ گوتاره‌كانمدا پێش 25ی ئه‌یلوول ده‌مگوت زۆر كۆسپ دێته‌ پێش هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان چونكه‌ ئازادی باجی ده‌وێت ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌ت به‌ خه‌یاڵماندا نه‌ده‌هات خیانه‌ته‌كه‌ی كه‌ركووك بوو له‌ شه‌وی 15 له‌سه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر و به‌ خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی له‌پشته‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌موو گه‌لی كوردستان درا .
ئه‌و سێ ملیۆن ده‌نگه‌ی ریفراندۆم به‌ كه‌س ناسڕدرێته‌وه‌ به‌ڵام كۆسپ درووست كرا ئه‌گه‌ر خیانه‌ته‌كه‌ نه‌بووایه‌ ئێستا دۆخه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تر ده‌بوو.
ئێستاش به‌ به‌غدا ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست چاره‌سه‌ره‌ فه‌رموون چاره‌سه‌ر بكه‌ن به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت مه‌به‌ستیان شكاندنی كه‌رامه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و تێكدانی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌لێم هه‌زاره‌ها ڕۆڵه‌ی قاره‌مان و خه‌ڵكی كوردستان خۆیان فیدا ده‌كه‌ن ئێمه‌ مردن هه‌ڵده‌بژێرین و ناهێڵین كه‌رامه‌تمان بشكێ.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌