2017-10-30

ئەمرۆ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برۆنۆ ئوبرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و سیریل نۆن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەریان کرد.

 لەم دیدارەدا هەردوو باڵیۆز جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندیی هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە هەردوو وڵات بەردەوام دەبن بۆ نێوانگیری و پاڵپشتی دانوستانی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەر بنەمای دەستووری عێراق، بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی لە دەڤەرەکەدا جێگیر ببێت.

 لە پەیوەندیی بە دوا رەوشی نێوان بەغدا و هەولێر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە لەشکرکێشیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرد و گوتی، هەموو ئەو جوڵە سەربازیانە زێدەڕۆیی و پێشێل کردنی دەستوورە.

 راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری هێوری و سەقامگیرییە و پێمان باشە هەرچی زووتر بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانوستانی نێوان بەغداو هەرێم لە دانوستانی بواری سەربازی بۆ گفتوگۆی بواری سیاسی و ئیداری بگوازرێتەوە.

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لە ئاماژەیەک بە دوا رەوشی دەڤەرەکە و تێکشکانی تیرۆریستاندا، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، پێگیری هەرێمی کوردستانی بە جەنگی دژی تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی دووبارە کردەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌