2017-10-30

 نێچیرڤان بارزانی  سەرۆکوەزیرانی کوردستان و باڵیۆزانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا له عیراق دوایین پێشهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان تاوتوو کرد و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەڵمانیا دۆستایەتییان بۆ خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٣٠/١٠/٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له (برۆنۆ ئۆبێرت) باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا و (سیریل نان) باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عیراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ریان كرد.

له دیدارێكدا هه‌ردوو  باڵیۆزانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا دۆستایه‌تیی وڵاته‌كانیان بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و نیگه‌رانیی خۆشیان به‌رامبه‌ر گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی، جه‌ختیان كرده‌وه كه مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوونی بارودۆخه‌كه و چۆنیه‌تیی هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و بارگرژیانه‌یه.

پاڵپشتیی خۆشیان بۆ بوونی دیالۆگێكی جددی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشان دا به ‌شێوه‌یه‌ك بتوانن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه به‌ریه‌ككه‌وتن و گرژی سوودی بۆ هیچ لایه‌ك نابێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی سیاسیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشیان كرده‌وه‌.


لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێستی هه‌ردوو به‌رێزان باڵیۆزانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا له عیراق و دۆستایه‌تی و پشتگیرییه‌كانی وڵاته‌كانیانی كرد كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون ئه‌و گرژییه ڕوونه‌دات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رده‌م ئاماده‌ییی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكگه‌یشتن دووپات كردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌غدا ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزی به‌كارهێنا و بههۆیه‌وه هه‌وڵ ده‌دات خۆی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا بسه‌پێنێت.

هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشی بۆ فشار خستنسه‌ر به‌غدا به مه‌به‌ستی هاتنه سه‌ر مێزی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چاره‌كردنی ته‌واوی كێشه‌كان به پێویست زانی و جه‌ختی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك خواستی دروستكردنی گرژی و به‌ریه‌ككه‌وتن نییه و خۆی له‌م كارانه پاراستووه‌.

تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كڕیزیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به بارودۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌