2017-11-01

  لە پەیامیدا بە بۆنەی شەهیدكردنی ڕۆژنامەنووس (ئەركان شەریف)، (سەرۆک بارزانی) ڕایدەگەیێنێ، ئەمە نموونەی زۆر ڕوونی ئەو فەرهەنگە شۆڤینیەیە كە بەزۆری چەك و بە ناحەق خۆی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا سەپاندووە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس ئەرکان شەریف

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

شەوی بیستونۆ لەسەر سیی مانگی دەی دووهەزار و حەڤدە، ڕۆژنامەنووس و وێنەگری كوردستان تی ڤی، ئەركان شەریف، لە شارۆچكەی داقووق كە لە كۆنتڕۆڵی چەكدارانی حەشدی شەعبییە بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە لە ماڵی خۆی لە لایەن كۆمەڵێك چەكداری دەمامكدارەوە شەهید كراوە.
شەهیدكردنی ڕۆژنامەنووس ئەركان شەریف نموونەی زۆر ڕوونی ئەو فەرهەنگە شۆڤینیەیە كە بەزۆری چەك و بە ناحەق خۆی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا سەپاندووە. كە بە هیچ شێوەیەك بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ژیانی خەڵك نییە. بەرپرسیارێتیی شەهیدكردنی ئەركان شەریف و ئازاردانی خەڵكی ئەو ناوچانە لەسەر شانی ئەو هێزانەیە كە بە شێوەیەكی نایاسایی و نادەستووری خۆیان بەسەر ناوچەكەدا سەپاندووە.

بەم بۆنە خەمناكەوە سەرخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری شەهید ئەركان شەریف و هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ستاڤی تەلەڤزیۆنی كوردستان تی ڤی دەكەم.

سڵاو لە گیانی شەهید ئەركان شەریف و هەموو شەهیدانی كوردستان.

مەسعوود بارزانی

1ـی 11ـی 2017

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌