2017-11-01

  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاند بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان هیچ ئەنجامێکی نابێت.

ئەمڕۆ  1/11/2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (فرانک بێیکر) باڵیۆزی بەریتانیا و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر دوا پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وبەغدا کرا و باڵیۆزی بەریتانی نیازی خۆی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاواتی خواست کە هەرچی زووتر جوڵە سەربازیەکان کۆتایی پێ بهێنرێت و هەولیر و بەغدا لە سەر مێزی گفتوگۆ بە پێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە پەیوەست بە هێرشی سەربازیی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە ئاماژەی بە ئەوەدا کە نزیکەی سەدەیەکە لە عێراقدا هێزی سەربازی بۆ سەرکوتکردنی خواستی کورد بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەو کردارانە بێ ئەنجام بووە، بۆیە پێویستە بەغدا لە جیاتی سەپاندنی هێز بیر لە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ بکاتەوە.
هەروەها (مەسروور بارزانی) ئاماژەی بە ئەوەدا کە لە بەغدا زۆر باسی جێبەجێ کردنی دەستور دەکرێت، بەڵام ئەو رێکارانەی لە بەرامبەر هەرێم دەگیرێنە بەر سیاسین و پێشێل کردنی زەقی دەستوورە، ئەگەر بڕیاریشە دەستور جێبەجێ کرێت پێویستە هەموو دەستور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاواتی خواست کە هەرچی زووتره‌ دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا لە بواری سەربازیەوە بۆ بواری سیاسی و ئیداری بگوازرێتەوە و کۆتایی بەو گرژیانەی ئێستا بهێنرێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌