2017-11-01

دڵشاد مستەفا وەسانی

ئەو مەیلەی لە پێناوی هەڵگێڕانەوەی هاوكێشەكان بە قازانجی خۆی، لە 16 ی ئۆكتۆبەر بە كۆدێتایەك خۆی راگەیاند، هیچ ئیعتیبارێكی بۆ خاك و خەڵك و تەنانەت هەڤاڵەكانی خۆیشی نەهێشتەوە، زاڵبوونی ئەو مەیلە و خۆشی لێهاتنی بەوەی هەموو شتێك بە ویستی ئەوان دەڕوات، هێشتا سەرمەستیی پێوە دیارە، چونكە شۆڕكراوەتەوە ناو بنكەی حزبی، بۆیە رووداوەكان بەچاوی ئەو ژینگەیە دەبینن.
دوو شت بە ئامانج وەرگیرا كە دوو كۆڵەگەی سەرەكی بوون، یەكیان نەهێشتنی پارتی و ئەویدی هێنانی مووچە بەهۆی راگەیاندنی هەرێمێك كەركووكیشی لەگەڵ بێت، یەكەمیان لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتەدی، بەڵام ئەوەی دووەم، ئەگەرچی لە بەغدا و تاران بەجدی كاری بۆ كراوە و دەكرێ، لێ كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروست بووە، ئەو مەیلە خۆسەپێنەی ناو یەكێتی، تەشەنەی كرد و گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی دیموكراتی و دادوەریشی لێ خڕبوونەوە، بۆیە پێكهێنانی حكوومەتی رزگاری نیشتمانییان هێنایە گۆڕێ،  تا دێت كۆسپەكانی سەر رێگەی ئەو مەیلە و ئەو لایەن و كەسانەی لەو بازنەیەدا دەخولێنەوە زیاتر دەبن، لەبەر ئەم هۆیانە:
1-هەر زوو مامەڵە لەگەڵ دۆخە نوێیەكە كرا، چاوێك هەر لەسەر ئەوە بوو دەرفەت بە دوو ئیدارەیی نەدرێت.
2-بەغدا لە یەكەم رۆژەوە تایبەتمەندیی عەرەبی شیعیی بەسەر كەركووكدا زاڵ كرد، پارێزگاری نەدایەوە كورد، ئەمانە ئاماژە بوون بۆ ئەوەی ئەو هەرێمەی دروست دەبێت كەركووكی تێدا نییە.
3-بەغدا مووچە ناداتە ئەو هەموو مۆچەخۆرەی هەرێم، زیاتر مەبەستی ئەو لیستەی فەرمانبەرانی كوردستانە كە لە 2004 و دوو سێ ساڵی دواتر لە هەرێمی وەرگرتووە، ئەمەش وادەكات نیوەی فەرمانبەران بێ مووچە بن.
4-بیانووی مەیلی خۆسەپێن كە فرمێسكی بە قارەمانەكانمان رشت، نابەرامبەری هێز بوو، لە كاتێكدا پێشمەرگە لەوپەڕی مەعنەویاتدا بوو، بەڵام بەرگرییەكەی پردێ لە 20ی ئۆكتۆبەر و شەڕە گەورەكانی رۆژئاوای دیجلە و تلسقۆف و مەخموور و پردێ لە 24 تا 26 ی ئۆكتۆبەر، بەرامبەر ئەو هەموو هێزەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و پاسدار و تۆپخانەكانی ئێران و حزبوڵلای لوبنان و هاوكاریی توركیا، كۆتایی بەو بیانووە هێنا.
5-حكوومەتی رزگاریی نیشتمانی كە بە قەناعەتەوە كاریان لەسەر دەكرد بە مردوویی لە دایك بوو، بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش لە رۆژی 30 ی ئۆكتۆبەر، بواری ئەوە نادات جارێكی دی باس لەوە بكرێت، چونكە داوا دەكات هەموو لایەنەكان پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن، هەر ناوهێنانی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، پەیامێكە كە ئەو حكوومەتە هی هەموو كوردستانە و كەس بۆی نییە باسی دوو ئیدارەیی بكات.
6-جارێكی دی دەوڵەتان دێنەوە سەر خەت و روویان لە كوردستان دەبێت، ئەمەش پێچەوانەی داخوازیی مەیلی خۆسەپێنە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌