2017-11-03

 ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەسەر دۆخی عێراق کۆبوونەوەیەکی دەوری بەرفراوان ئەنجام دەدات و تێیدا باس لە ناوچە جێناکۆکەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان دەکرێ.

ئیتاڵیا لەم مانگەدا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا وەردەگرێتەوە و لە کۆتایی ئەم مانگەیشدا وەک کۆبوونەوەیەکی دەوری ئەنجوومەنی ئاسایش پێوەست بە دۆخی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدات.
تەوەرەی پێشبینی کراو لە کۆبوونەوەکەدا بریتی دەبێ لە باسکردنی بارگرژییەکان لە عێراق و هەروەها ناوچە جێناکۆکەکان و پێکدادانی سەربازی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق.
ئەگەر تا کۆتایی مانگ هەولێر و بەغدا نەکەونە رێککەوتن ئەوا هۆشدارییەکی توندی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بەدوادا دێ.
لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی هۆشداری درا کە دەبێ هەولێر و بەغدا دەست بە دیالۆگ بکەن، ئێستا کە شەڕ راگیراوە بەڵام بەغدا پێشێلی دەستووری کردووە و بە هێزی سەربازی دەستی بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گرتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بۆ رێگاچارەیەک تاوتووی ئەم دۆخە دەکرێ.
بەگوێرەی پێشبینییەکان ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی، باس دەکرێ.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌