2017-11-03

 وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، نیگه‌رانیى خۆى له‌ گرژییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕى و، پشتگیریى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عیراق دووپات كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 3/11/2017، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، (ڕیكس تیله‌رسن) وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانیى خۆى له‌ گرژییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕى و، پشتگیریى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عیراق دووپات كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه‌ ئه‌و ئاگربه‌ست و دیالۆگه‌ مه‌یدانییه‌ى له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرالدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، ببێته‌ دیالۆگێكى سیاسى بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق.

لاى خۆیه‌وه‌ (نێچیرڤان بارزانى) وێڕاى ده‌ربڕینى نیگه‌رانى له‌ هه‌وڵه‌كانى عیراق بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ پێشڕه‌ویى سه‌ربازى، هه‌موو ئاماده‌ییه‌كى هه‌رێمى كوردستانیش بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگێكى سیاسى له‌پێناو چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى كێشه‌كان دووپات كرده‌وه‌‌ و، هیواى خواست ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تى و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌ گشتى، هانى عیراق بده‌ن بۆ گفتوگۆ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گرتنه‌به‌رى ڕێكارى سه‌ربازى.
جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان شه‌ڕ و پێكدادانى ناوێت چونكه‌ هیچ شتێك چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت هه‌موو كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عیراقدا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراقى فیدرال چاره‌سه‌ر بكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌