2017-11-04

 بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک ھۆشداریی ئەوە دەدات، بە ھۆی ھێنانی عەرەب لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە بۆ کەرکووک مەترسی ھەیە زەویی کورد لە کەرکووک داگیر بکرێن و دەشڵێت، بەغدا پیلانی ھەیە کەسێکی عەرەب بکاتە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک و شەش ھەزار گرێبەست بەناوی عەرەبەوە بکات.

(مەھدی موبارەک)، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ھێرشی ھێزە عێراقیەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک، ئێستا بەغدا پیلانێکی دیکە جێبەجێ دەکات بۆ گەڕانەوەی ئەو عەرەبانەی بە ھۆی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بۆ ئەوەی دیسان بگەڕێنەوە کەرکووک و، بە ھۆی پڕۆسەی تەعریبەوە ژمارەیەکی بەرچاوی خێزانی عەرەب لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ھێنرابوونە کەرکووک و دوای دەرچوونی ماددەی ١٤٠ ئەو خێزانانە قەربوو کراونەتەوە و چوونەتەوە ناوچەکانیان، بەڵام دوای ھێرشەکەی کەرکووک لە ناوچەکانی دوبز و یایچی و داقووق و زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی کەرکووک پیلان ھەیە ئەو عەرەبانەی ھاوردەن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و تەعریبێکی دیکە لە کەرکووک بکرێت.''

لەبارەی زیانەکانی گەڕانەوەی ئەو عەرەبانەی بە ھۆی تەعریبەوە دێنە کەرکووک، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک ڕوونی کردەوە: ''زیانی گەڕانەوەی عەرەبەکانی بتەعریب زۆرن، لەوانەش دەست بەسەر زەویی کشتوکاڵی ھاووڵاتییانی کورددا دەگرن و پێشتر لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە شەش ھەزار گرێبەستی زەویی کشتوکاڵمان ھەڵوەشاندووەتەوە و زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەکانیان گەڕێندراونەتەوە، بەغدا چەندین جار نووسراوی بۆ کردووین و نەمانھێشت جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا بەغدا دووبارە کار بۆ ئەوە دەکات ئەو شەش ھەزار گرێبەستە بە ناوی عەرەبەکانی ھاوردە بکات و زیانی گەورە بە جووتیارانی کورد دەگەیەنێت.''

سەبارەت بە پرسی گۆڕینی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک، (مەھدی موبارەک) گوتی: ''منیش وەک ھاووڵاتییەکی کەرکووک ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوومە و لە ھەولێرم، زانیاریی ئەوەم پێ گەیشتووە، کە حکوومەتی عێراق بەنیازە کەسێکی عەرەب لە شوێنی من وەک بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دادەنێت و من دوور دەخرێمەوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە و مەبەست لەوەش بۆ ئەوەیە دەستکاریی گرێبەستەکانی زەویی کەرکووک بکەن و بە ئارەزووی خۆیان کار بکەن.''

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌