2017-11-06

 سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان رایگەیاند،  دەبێ بەغدا واز لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بهێنێ و، بۆ دایەلۆگێکی جیددی و بناتنەر بۆ ئێستا و داهاتوویش لەپێناو چارەی کێشەکان ئامادەی گوفتوگۆی ستراتیژیی جیددی بێ کە خواست بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەبێ لە عێراق.

(نێچیڤان بارزانی) لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "دەبێ بە هیواوە بڕوانێنە پاشەڕۆژی خۆمان و ، دەبێ بە یەکڕیزیی نێوخۆییمان ئەم قۆناغە سەختەش تێبپەڕینین و واز لە بەرژەوەندیی کەسیی تەسک بهێنین."
لەو پرێسکۆنفڕانسەدا کە قسەکردن بوو لەبارەی دۆخی هەنووکەیی و کیشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان هاوکات گوتی،  پاش ڕاپرسییەکەی ٢٦ی مانگ زۆر شتی ناخۆش ڕوویان دا.

ئەو پاتی کردەوە کە، حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ بەرقەراریی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا تا لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات.
گوتیشی "باوەڕمان وایە کێشەکان لە ڕێی سەربازییەوە چارە نابن، جونکە چارەی کێشەکان دایەلۆگی جیددی سیاسی دەوێ لەگەڵ بەغدا بۆ کۆی کێشەکان."

١٤(نێچیرڤان بارزانی) ساڵی رابردوویشی لە پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، بە باشترین ئەزموون بۆ هەردوولا ناو برد و گوتی، ئێمە ئەم کێشانە وا دەبینین کە کێشەی نێو ماڵێکن و هەر دەبێ بە دایەلۆگ و شێوەی ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بکرێن. هەرچەند لێکدانەوەی جیا بۆ ماددەکانی دەستوور هەیە، بەڵام دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و جێبەجێ بکرێ."

لەبارەی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ـەوە لەلاەن پەرلەمانەوە، گوتی، "دوێنێ بەغدا پڕۆژەیاسای بودجەیان پەسند کردووە، ئێمە لەوبارەوە تێبینیی زۆرمان هەیە، یەکەم، پێمان وایە لەم پڕۆژە یاسایەدا، بە شێوەیەکی ڕوون باسی قەوارەی یاساییی هەرێم ناکات و ئەمەش پێشێلی دەستوورە. دووەم، دەبێ و دەبوو ئەم پڕۆژەیاسایە لەگەڵ هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە بکرێ کە نەکراوە."


ئەو لەبارەی پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە کە وێرای ئەوەی باوەڕی وابوو کە، ئەمە یارییە کە دەڵێن مووچە دەدەن، چونکە لە راستیدا ئەوان ئامادەییان نییە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدەن، گوتی "قسە لەو بارەوە دەکرێ کە گوایە بەغدا ئامادەیە مووچەی هەرێمی کوردستان بدات، لێرەوە دووپاتی دەکەمەوە، لیستی مووچەخۆران بەگوێرەی سیستمی بایۆمەتری ئامادەیە، کە بیانەوێ مووچە بدەن بەگوێرەی ئەم لیستە، ئامادەین و پێشوازی دەکەین."
گوتیشی، "ئەگەر ڕێژەی ١٧لە سەدی بودجەی کوردستان بدەن ئامادەین نەوتیان ڕادەست بکەین."
لەسەر ئەو باوەرەش بوو کە، تا هەردوو لا دەگەنە ئەو قۆناغە، دەبێ بابەتەکان وەک خۆیان بمێننەوە و دەبێ لەگەڵ عێراق لەوبارەوە گفتوگۆی جیددیی ساز بدرێ."


دەربارەی لەشکرکێشی و کۆکردنەوەی هێز لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێمان وایە ئەو ئاگربەستەی ئێستا هەیە، لە کاتێکدایە کە سوپایەکی زۆر لە حەشدی‌شەعبی و هێزەکانی دیکە لە سحێلا و ناوچەی دیکە کۆ کراونەتەوە، خۆی دەبێ ئاگربەستی بەردەوام هەبێ، چونکە بە شەڕ کێشەکان چارە نابن."

دەربارەی هەڵوێستی ‌هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش لەهەمبەر دۆخی هەرێم کوردستان پێوەست بە پیوەندی لەگەڵ بەغدا، (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێ، ڕەنگدانەوەی لە نێو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕوونە و یەکگرتوویێک هەیە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، دەخوازین بەغدایش یاریی بەم کارتەوە نەکات، خۆی کێشەکانی عێراق بەوە چارە نابن، کێ هێزی هەیە و کێیش لاوازە. گفتوگۆی جیددی و بە مێشکی کراوەوە دەکرێ، کە دەمانەوێ سەقامگیری و ئاسایش هەبێ و دەمانەوێ لە چوارچێوەی عێراقدا بژیێن، دەبێ دانوستان بکەین و بە هێز کێشەکان یەکلا نەکەینەوە."


هەڵویستی نێودەوڵەتی جەختکردنە لەسەر چارەی کیشەکان لەگەڵ بەغدا، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بێ و ئێمەش جەختمان لیی کردووەتەوە.
لەبارەی ئەوەشەوە کە چ هەوڵێک هەیە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدادا، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، "هێشتا بەغدا ئامادە نییە دانوستان لەگەڵ ئێمەدا بکات، ئەگەرنا ئێمە ئامادەین."
گوتیشی، هێشتا هەوڵێک نییە بۆ ئامادەسازیی دیداری ئەو و سەرۆکوەزیرانی عێراق، "ئەمە لەکاتێکدایە ئێمە دەخوازین کۆ ببینەوە دایەلۆگ بکەین."
جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە هەرێمێکی ددانپێدانراوە و ئێستایش گوشار و هەوڵێک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارە یاسایی و دەستوورییە.
"خۆی دەبێ لە وادۆخێکدا کارتی گوشار بەرانبەر بە یەکتر وەلابنری و بەم لۆژیکە سیاسەت بەرانبەر بە یەکدی نەکرێ. دەمانەوێ لەو کارت و گوشراخستنە سەر یەکدی ڕزگارمان ببێ."
لەبارەی ڕادەستکردنی دەروازە سنوورییەکانیشەوە گوتی، "دەمانەوێ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەیان بکەین و ئێمە لەوەدا کێشەمان نییە، بەڵام بە زمانی هەڕەشە و سەربازی نا، هەڵبەت ئەمە ناکرێ و ئەمە چارە نییە. ئێمە دەڵێین وەرن با بە دانوستان چارەی کۆی کێشەکانمان بکەین. دەمانەوێ بەم دەستوورە بۆ ئێستا و نەوەکانی داهاتوویش و بە یەکجاری کێشەکانمان چارە بکەین، دەبێ بەغدا ئامادەیی نیشان بدا و چاوەڕێیان دەکەین."

لەبارەی پاشگەزبوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتنی سەربازی لەگەڵ بەغدا، گوتی "هیچ ڕێککەوتنێکی سەربازی نەبووە و لە هیچیش پەشیوان نەبووینەوە، کۆبوونەوە هەبووە، بەڵام ڕێککەوتن نەکراوە. هەڵبەت خواستی ئەوەمان هەیە کێشەکان بە دانوستان و دوور لە پەنابردنە بەر هێز چارە بکرێن، هیواداریشین سەرۆکوەزیران عێراق سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان کە لە بەرژەوەندیی عێراقیش نییە، واز لێ بێنێ."

هەر لەو کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بۆی ساز درا، (نێچیرڤان بارزانی) پیوەست بە پیوەندی بە دراوسێکانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی "لەگەڵ دراوسێکان و تورکیا دەمانەوێ و خواستی خۆمان بۆ ئاشتی نیشان بدەین. تورکیا لە ساڵانی ناخۆشیدا دەرگاکانی بۆ ئێمە کردووەتەوە و لە ڕۆژە سەختەکاندا یارمەتیی هەرێمی کوردستانیان داوە و ئێرانیش هەروا، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێ پێوەندیی دراوسێیەتی لەگەڵیاندا درێژە پێ بدات و گفتوگۆ و دایەلۆگمان هەبێ و دەشمانەوێ یارمەتیدەر بن تا ئێمە و بەغدا بە دانوستان بگەیەنە چارە بۆ کێشەکانمان."

گوتیشی، "لەگەڵ تورکیا و ئێرانیش پێوندیمان هەیە و کە ئەوان ئامادە بن، شاند دەنێرین بۆ هەردوو وڵات."

سەرۆکوەزیرانی کوردستان جەختیشی کردەوە "عێراق هەڵەیە کە بیەوێ و کار لەسەر ئەوە بکات ئەو دەستکەوتانەی هەرێمی کوردستان بە دەستی ‌هێناون، لێ وەربگرنەوە و ئەمەشیان بۆ ناچێتە سەر."

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌