2017-11-08


ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، دوای کۆبوونەوەیان، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/11/2017، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، دوای کۆبوونەوەیان، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە، تێدا چەند خاڵێک خراوەتە روو، ئاماژە بەوەش دراوە: "لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و نەھێشتنی کۆسپەکان و ھەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە گرنگ دەزانین کە دەست بەری یەکرێزی و یەک گوتاری بکات لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کە لەم قۆناغەدا میللەتەکەمان پێیدا تێپەر دەبێت، داوا دەکەین پەلە بکرێت بۆ ئەم مەبەستە".


دەقی راگەیەندراوەکە:

رۆژی چوارشەممە کاتژمێر 11ی پێش نیوەرۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامدرا، دوای ئەوەی کە وەرزی تەشریعی لە رۆژی 6/11/2017، راگەیەندرا بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی کاری ئایندەی پەرلەمان و دانیشتنەکان پەرلەمان و ئەو یاسا و بڕیارانەی کە پێویستن پەرلەمانی کوردستان پەسندیان بکات بە تایبەت ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە دۆخی خەڵک و ھەرێمی کوردستان و رۆڵی دامەزراوە دەستووریەکانی ھەرێم.


لەو بارەیەوە کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:


1- لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و نەھێشتنی کۆسپەکان و ھەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە گرنگ دەزانین کە دەست بەری یەکرێزی و یەک گوتاری بکات لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کە لەم قۆناغەدا میللەتەکەمان پێیدا تێپەر دەبێت، داوا دەکەین پەلە بکرێت بۆ ئەم مەبەستە.


2- پەرلەمان و حکوومەت ھاوکار و ھەماھەنگی تەواوی یەکتربن و ھەروەھا جەخت کرایەوە بە چالاکردنی لێژنەکانی پەرلەمان و کاری چاودێری و بەدواداچوون و ھەر رێکارێکی یاسایی کە پێویست بێت بۆ بەھێزکردنی دامەزراوەکان و ھەرچی زیاتر خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی ھەرێمی کوردستان.

3- پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئامادەییان پیشان داوە بۆ دانوستان و چارەسەری ریشەیی کێشەکان بۆ ئەم مەبەستە ھەرچی زووە وادەی دانوستان دیاری بکرێت و لەم نێوەندەشدا داوا لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەکەین ھاوکاری جدی بن، چونکە مانەوەی دۆخەکە بەم جۆرە ھۆکار دەبێت بۆ تێکچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ تەئکیدکردنەوە ھیچ جۆرە پێشێلکارییەکی دەستووری لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە رووی نەداوە، بە پێچەوانەوە لەسەرجەم راگەیاندراو ولێدوانە فەرمییەکاندا پابەندبوون بە یاسا و ماددە دەستوورییەکانی عێراق بە روونی ئاماژەی پێکراوە و دووپات کراوەتەوە.


4- جەخت دەکەینەوە شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی دانوستان دەچێتە بەغدا، پاکێجێکی یاسایی و دارایی ورد ئامادە بکات و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی نوێنەری خۆی بۆ ئەو ئامادەکارییە لە خەڵکانی پسپۆر و شارەزا دیاریکردووە و ھەماھەنگی تەواوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، دەبێت ھەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دانووستانی بەپەلە بەتایبەت قوتی خەڵکی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی جددی و داوا دەکەین کە ناوی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی بایۆمەتری بۆ دانوستانەکانی نێوان ھەردوولا کاری پێبکرێت و رێژەی (17%) شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.

5- بۆ وەرزی تەشریعی نوێ، بریاردرا ھەموو ئەو یاسا و پڕۆژانەی کە گرنگن و پێویستی ھەنوکەیی ئەم قۆناغەن بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەرەچاوکردنی ئەو یاسایانەی کە رەھەندی نیشتمانییان ھەیە و مەبدەئی توافق کاری پێبکرێت.


6- کۆبوونەوە بڕیاری دا لە پێناوی بەدواداچوونی مەیدانی و ئامادەکردنی راپۆڕتێکی گشتگیر لەسەر کۆی ئەو رووداوانەی کە بەسەر ناوچە جێناکۆکەکاندا ھاتووە لێژنەیەکی بەدواداچوون لە ھەرچوار لیژنەکانی (ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە و ناوخۆ و مافی مرۆڤ)، پێکبھێندرێت بۆ ئامادەکردنی راپۆڕتێکی مەیدانی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

7- بڕیاردرا بەپەلە دانیشتنێکی ھاوبەشی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت بۆ گەڵاڵەکردنی بۆچوونی ھاوبەشی ھەردوولا.

8- پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەرجەم رێکارەکانی دانوستان و دەرئەنجامەکانی پێویستە ئاگاداربێت و راوێژی بەردەوام لە نێوان حکوومەت و پەرلەمان دەستەبەر بکرێت.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌