2017-11-09

  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشوازیی جێگری باڵیۆزی ئۆستراڵیا لە عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە تەبایی و یەکڕیزی ئەم دۆخەش تێپەڕ دەکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی دابین دەکات.

ئەمڕۆ9/11/2017 (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە  (تیم ستێیپۆلتن) جێگری باڵیۆزی ئۆستراڵیا لە عێراق کرد.
هەردوولا لە میانەی وتوێژەکانیاندا پەیوەندیی هەرێم و ئۆسترالیا و دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێوەندیەکانی هەولێر و بەغدایان تاوتوو کرد.

لە بارەی گرژیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا شاندی ئۆسترالیایی پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دەربڕی و ئاواتیان خواست دەستوور بە تێگەیشتن و خوێندنەوەی هاوبەش ببێت بە فاکتەری چارەسەریی کێشەکانی ناوخۆی عێراق.

لە پەیوەندی بەم رەوشەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە، کە حکوومەتی هەرێم ئامادەکاریی تەواوی دەربڕیوە بۆ دانوستانی فراوان لە بارەی سەرجەم کێشەکان، بە مەرجێک گشت مافە دەستووریەکانی هەرێم ڕەچاو بکرێن.

هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە، کە هەرێم هەمیشە خوازیاری ئەوە بووە بە رێگەی ئاشتیانە کێشەکان چارە بکات و ئەنجامدانی ریفراندۆمیش یەکێ لەو رێکارە دیموکراتیک و ئاشتیانە بووە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بە تەبایی و یەکڕیزی ئەم دۆخەش تێپەڕ دەکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی دابین دەکات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌