2017-11-12

دڵشاد مستەفا وەسانی

ئەو ناكۆكییە حزبییەی‮ ‬بەرۆكی‮ ‬كوردستانی‮ ‬گرتووە،‮ ‬كۆسپێكی‮ ‬گەورە و بەردەوامی‮ ‬سەر رێگەی‮ ‬بۆ‮ ‬پێشەوەچوونە،‮ ‬بەداخەوە زیاتر لە نیوسەدە بەسەر كەرتبوون و سەرهەڵدانیدا تێپەڕیوە،‮ ‬هێشتا سەرچاوە و هۆكاری‮ ‬شكستەكانە،‮ ‬ئەو پەتایە نەوە بە نەوە گوازراوەتەوە،‮ ‬بەناوی‮ ‬جیاوازیی‮ ‬بیركردنەوە و ئازادی‮ ‬بیروڕا هەموو شتێكی‮ ‬دابەشكردووە،‮ ‬لێنەگەڕاوە هێڵی‮ ‬سوور بۆ‮ ‬نیشتمان هەبێ،‮ ‬وایكردووە حزب و گرووپ لە نیشتمان لەپێشتربن،‮ ‬بەمەش گەورەترین كەلێن دروستبووە،‮ ‬بەدرێژایی‮ ‬مێژوو دوژمنان لەو كەلێنەدا هاتوونەتە ژوور و گورزی‮ ‬خۆیان وەشاندووە،‮ ‬ئەو پەتایە كاریگەریی‮ ‬بەجۆرێكە لە ناو شكستیشدا،‮ ‬بۆ‮ ‬هەڵسانەوەی‮ ‬حزب نەك نیشتمان بیردەكاتەوە‮.‬

ئەو زەبرەی‮ ‬لە‮ ‬16ی‮ ‬ئۆكتۆبەر بەهۆی‮ ‬دەستكێشیی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬و سوپای‮ ‬عێراق بەر كوردستان كەوت،‮ ‬زەبری‮ ‬لە چۆنییەتی‮ ‬بیركردنەوەش داوە،‮ ‬ئەوەی‮ ‬پێش ئەو رووداوە بەتەمای‮ ‬بووین و پێمان دەگووت‮ ‬یەكگوتاری،‮ ‬دوای‮ ‬ئەو مێژووە لەبەرچاوان نەما،‮ ‬بەوپێیەی‮ ‬ئەو گرووپەی‮ ‬ناو‮ ‬یەكێتی،‮ ‬بە هەماهەنگییەكی‮ ‬ئیقلیمی‮ ‬ئیشی‮ ‬خۆیان كرد،‮ ‬ناكۆكییەكان هەر لە ئاستێكدا نەمانەوە،‮ ‬بەڵكو راستەوخۆ‮ ‬لە ناو‮ ‬یەكێتیدا رەنگی‮ ‬دایەوە،‮ ‬چونكە رێككەوتنی‮ ‬بەر لە‮ ‬16ی‮ ‬ئۆكتۆبەر بەسەرپەرشتیی‮ ‬ئێران و هاوكاریی‮ ‬توركیا،‮ ‬بۆ‮ ‬ئەوەبوو كەركووك رادەستی‮ ‬بەغدا بكرێتەوە،‮ ‬لەبەرامبەریشدا كۆدەتایەك بەسەر پارتی‮ ‬و ناوخۆی‮ ‬یەكێتیدا بكرێت،‮ ‬لایەنی‮ ‬بەغدا بەشی‮ ‬خۆی‮ ‬لە رێككەوتنەكە بەزیادەوە دەسكەوت،‮ ‬چونكە لەڕێی‮ ‬ئەو شاڵاوە دڕندانەیەوە،‮ ‬دوای‮ ‬كوشتن و تاڵانكردن و سوتاندنی‮ ‬ماڵ و شوێنی‮ ‬بازرگانی،‮ ‬كوردی‮ ‬لە خورماتوو تەواو دەرپەڕاند،‮ ‬لە كەركووكیش رێژەیەكی‮ ‬بەرز ئاوارە بوون،‮ ‬بەعەرەبكردنیش دەستی‮ ‬پێكردەوە،‮ ‬لایەنی‮ ‬دووەمی‮ ‬رێككەوتنەكەش تەنیا ئەوەی‮ ‬دەستكەوتووە كە پارتی‮ ‬لە كەركووك نەماوە،‮ ‬بەڵام كۆدەتای‮ ‬ناو‮ ‬یەكێتی‮ ‬تا ئێستا سەرنەكەوتووە،‮ ‬بۆیە لەسەر هەموو ئاستەكاندا ناكۆكی‮ ‬توند دەبنەوە،‮ ‬ئەو گرووپەی‮ ‬ویستی‮ ‬بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت،‮ ‬تا ئێستا لەوەدا سەركەوتووە كە توانیویەتی‮ ‬كوردستان لە چەقبەستووییدا بهێڵێتەوە لەبەر ئەم هۆیانە‮.

1-‬ بەغدا بەداگیركردنەوەی‮ ‬كەركووك‮ ‬غرور بووە،‮ ‬گوێ لە دەستپێشخەری‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێم ناگرێت‮.‬

2‮‬- یەكێتیی‮ ‬بە كێشەكانی‮ ‬ناوخۆوە‮ ‬زیاتر سەرقاڵكردووە‮.‬

3‮‬- بەشێكی‮ ‬زۆری‮ ‬میدیای‮ ‬ئەو حزبانەی‮ ‬مەیلی‮ ‬یەكپارچەیی‮ ‬عێراقیان هەیە،‮ ‬ناوچە داگیركراوەكانیان بە ئارام پیشان دا‮.‬

بۆیە جیا لە گوتاری‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان كە داوای‮ ‬گفتوگۆ‮ ‬لەگەڵ بەغدا دەكات،‮ ‬گوتارێكیش بەجۆرێك كاردەكات كە جگە لە خۆڕادەستكردنێكی‮ ‬بێ مەرج بە بەغدا هیچ دەرەتانێك ناهێڵێتەوە،‮ ‬بەغداش تا دەرفەتی‮ ‬بەعەرەبكردنەوەی‮ ‬هەبێت گوێ لە كورد ناگرێت،‮ ‬خۆیشی‮ ‬لە پێدانی‮ ‬مووچە بە خەڵكی‮ ‬كوردستان دەدزێتەوە،‮ ‬گرەویش لەسەر دووبەرەكی‮ ‬و ناتەبایی‮ ‬حزبەكان دەكات،‮ ‬لەبەرئەوە پێویستە بەخۆداچوونەوەمان بۆ‮ ‬پاشەكشە نەبێت،‮ ‬قۆناغی‮ ‬یەكلاییكردنەوە هێشتا ماوە،‮ ‬ئەو رووداوانەی‮ ‬بەڕێوەن ئەوەمان بۆ‮ ‬دیاری‮ ‬دەكەن،‮ ‬ئاخۆ‮ ‬عێراق دەبێتەوە دەوڵەتێكی‮ ‬بەهێزی‮ ‬مەركەزی،‮ ‬یان دوای‮ ‬شەڕێكی‮ ‬خوێناوی‮ ‬دابەش دەبێت؟ لە سۆنگەی‮ ‬ئەمەوە پێویستە بەخۆداچوونەوەمان بۆ‮ ‬دوورمەودا بێت،‮ ‬نەك بۆ‮ ‬بێ هیوابوون و مانەوە لە چوارچێوەی‮ ‬دۆخی‮ ‬ئێستا‮.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌