2017-11-13

 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق تا ئێستا هه‌ر ڕه‌شنووسه‌ و خراپترین ڕوشنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراقه‌ و ئه‌و ته‌عریف و ده‌سته‌واژانه‌ی له‌ناویاندا به‌كار هاتوون بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوه‌تییه‌.
 
دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی خسته‌ ڕوو.
 
سه‌ره‌تا له‌ وته‌یه‌كدا گوتی: "هه‌روه‌ك ئاگادارن دوێنێ شه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌ هێزی 7.3 پله‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ربه‌ندیخان و هه‌موو هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌، لێره‌وه‌ سه‌ره‌خۆشیی خۆم ئاراسته‌ی كه‌سوكاری هه‌موو قوربانیانی ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌كه‌م و هیوای چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازم. ئێمه‌ هه‌ر له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پارێزگاری سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت و قایمه‌قامی ده‌ربه‌ندیخان و به‌رپرسی ئیداره‌ی گه‌رمیان كردووه‌ و له‌سه‌ر هێڵ بووین له‌گه‌ڵیان. به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ و ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌مانه،‌ تا ئێستا (7) كه‌س شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون و هه‌ندێكی دیكه‌ش تووشی شۆك بوون. ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بڕیاری ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ لیژنه‌یه‌ك بنێرین بۆ ئه‌و سنوورانه‌ تاكو دۆخه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێت، ئه‌وه‌ی بۆمان بكرێ له‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا هاتووه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان درێغی ناكات. هه‌ر له‌ دوێنی شه‌وه‌وه‌ و له‌ كاتی ڕوودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، به‌ سوپاسه‌وه‌ نووسینگه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆك كۆماری توركیا و به‌ڕێز كونسوڵه‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یان‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردووین و ده‌ستبه‌جێ هاوكارییان ناردووه. دوێنێ شه‌و له‌ ڕێگه‌ی خاڵی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ هاوكارییان ناردووه‌ و فڕۆكه‌یه‌كیشیان بۆ سلێمانی ناردووه‌ تاكو هاوكاری خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌كه‌ بكه‌ن".
 
هه‌روه‌ها گوتى: "ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ سوپاسی خۆم ئاراسته‌ی ده‌زگا‌ی (ئافاد)ی توركی و نووسینگه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار و جه‌نابی سه‌رۆك كۆماری توركیا بكه‌م، هه‌ر ئه‌وه له‌وان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان داوه‌ و به‌ سوپاسه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌ر له‌ ساته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دروستبوونی ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ بڕیاری خۆیان بۆ هاوكاری و یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوان جێبه‌جێ كرد. ده‌مه‌وێ سوپاسی ده‌زگاكانی كارگێڕیی پارێزگای سلێمانی و گه‌رمیان بكه‌م كه‌ له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ پۆلیس، ئاسایش، فریاكه‌وتن و هه‌موو ده‌زگاكانی دیكه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و شوێنه‌ لێقه‌وماوه‌كان چوون و ده‌ستیان به‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی لێقه‌وماوی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌".
 
له‌ به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا (نێچیرڤان بارزانی) تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق و ڕایگه‌یاند "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێبینییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عیراق بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ناردووه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پێمان وابووه‌ كێشه‌ن بۆ بابه‌تی بودجه‌ و یاسایی و ده‌ستووری نین، هه‌موومان خستۆته‌ ڕوو و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانمان دووپات كردۆته‌وه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه‌ پێشتر هه‌مانبووه‌ كه‌ له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌یه‌ و به‌ فه‌رمی بۆمان ناردوون و تا ئێستا وه‌ڵاممان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه"‌‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه‌ ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستانیش، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "به‌داخه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ناردنی ده‌رمان بۆ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ دروست بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ شتێكه‌ یه‌كجار زۆر پێویسته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ خۆتان ده‌زانن جگه‌ له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی ملیۆنێك و چوارسه‌د تا پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ری سووریا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن كه‌ نه‌ناردنی ده‌رمان كێشه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌كات".
 
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كان له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: "له‌ ڕووی سه‌بازییه‌وه‌ تا ئێستا هیچ جموجۆڵێكی سه‌ربازی له‌ هێڵی به‌ریه‌ككه‌وتن نییه‌ و وه‌ك هه‌رێمی كوردستان پێشتر گوتوومانه‌ و جه‌ختیش ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ دیالۆگێكی ڕێكوپێك له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق به‌ چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ ده‌زانین كه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن".
 
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی په‌یامی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا و وه‌ڵامی به‌غدا بۆ ئه‌و داوایه‌ی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكوه‌زیران ئاشكرای كرد: "تا ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌ی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵوێستی ئێمه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ و دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن".
 
سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و واده‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ و دابینكردنی سووته‌مه‌نی بۆ هاووڵاتیان بۆ وه‌رزی زستان، به‌ڕێزیان گوتی: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان لێره‌ نه‌بوون، بۆیه‌ سه‌ردانه‌كه‌ دواخرا، له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی بڕیارمان داوه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ ده‌ست به‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ین و دواتر دۆخه‌كه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین كه‌ چۆن به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین دوا واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان دیاری بكه‌ین. ده‌رباره‌ی دابینكردنی سووته‌مه‌نی، ئیمكانیاتی ئێمه‌ سنوورداره‌ له‌م ڕووه‌وه‌ و له‌ هه‌وڵه‌كانیشمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌".
 
ده‌رباره‌ی پرسى سه‌ردانی شاندی حكوومه‌ت بۆ لای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و وه‌رگرتنی خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كانی پاكێجه‌كه‌یان و دانه‌وه‌ی قه‌رزی دانه‌ غاز له‌لایه‌ن كۆمپانیای ڕۆسنه‌فته‌وه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: "نازانم پاكێجی گۆڕان چییه‌ و نه‌مدیوه‌، حكوومه‌تی ئێستا خۆی كاتییه، هه‌شت مانگ ماوه‌ی كاری په‌رله‌مان درێژكراوه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و هه‌ر بۆچوونێك و دیدگایه‌ك كه‌ بتوانێت یارمه‌تیی دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بدات، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و ئاماده‌ین گوێ له‌ هه‌موو بیروبۆچوونه‌كان بگرین. بڕیار وایه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی گۆڕان بكرێت و ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیش نه‌كرابێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌ و وه‌كو دوو حزب له‌گه‌ڵ یه‌كتری داده‌نیشن. سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی دانا غاز، ئێمه‌ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ دانا غاز هه‌بوو و له‌ له‌نده‌ن چوو بۆ دادگا و دواتر له‌گه‌ڵیان ڕێككه‌وتین و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كرا و بێگومان كۆمپانیای ڕۆسنه‌فتیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ له‌گه‌ڵ دانا غاز، یارمه‌تیده‌ر بوو".
 
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی بڕیاری دادگای فیدرالی عیراق كه‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانی به‌ ناده‌ستووری ناساندووه‌ و پڕۆژه‌یاسای كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بۆ ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌ك بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و ناونه‌هاتنی پێشمه‌رگه‌ له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق و دوا زانیاری له‌سه‌ر ڕه‌وشی (كۆسره‌ت ڕه‌سوول) عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌رێزیان گوتی: "زۆر به‌ وردی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵیمان تاوتوێ كردووه‌ و له‌م نزیكانه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆچوونی خۆمان به‌ فه‌رمی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌رده‌بڕین. ئێمه‌ پێشتر ڕێككه‌وتنێمكان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌ندێك یارمه‌تییان به‌ پێشمه‌رگه‌ داوه‌ و ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ كراوه‌ ته‌واو بووه‌ و ئێستا خه‌ریكین ئه‌و گرێبه‌سته‌یان له‌گه‌ڵ نوێ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكاش ئه‌وه‌ ڕه‌چاو كراوه. بێگومان پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگریی عیراق پێویستی به‌و هاوكارییه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ پرسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا. به‌ بیستی هه‌واڵی نه‌خۆشكه‌وتنی كاك كۆسره‌ت زۆر نیگه‌ران و خه‌مبار بووین و ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كانی و كاك ده‌ربازی كوڕی، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێمان گه‌یشتووه‌ سوپاس بۆ خوا ته‌ندروستی به‌ڕێزیان به‌ره‌و جێگیربوون و باشتربوون ده‌ڕوات و هیوادارین به‌ خێر و خۆشی باری ته‌ندروستیی ئاسایی ببێته‌وه‌ و ده‌ست به‌ كاره‌كانی خۆی بكاته‌وه‌".
 
سه‌باره‌ت به‌ تواناكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دابینكردنی مووچه‌ ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عیراق به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی نه‌نێرێت و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێزیان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێك سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگه‌یاند: "پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق تا ئێستا هه‌ر ڕه‌شنووسه‌ و خراپترین ڕوشنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراقه‌ و ئه‌و ته‌عریف و ده‌سته‌واژانه‌ی له‌ناویاندا به‌كار هاتوون بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوه‌تییه‌، له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌ستوورێكمان هه‌یه‌ و پێناسه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و هه‌ڵوێستی پارێزگاكانی هه‌رێمیش زۆر ڕوون بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ده‌نگن و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ بپارێزرێت‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێك، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ یاسای بوجه‌ی عیراقدا هاتووه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ دایانناوه‌ و ئه‌و زوڵمه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌، به‌شی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی یه‌ك پارێزگاش ناكات، پێشتر گوتوومه‌ و ئێستاش دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌ ڕاستی ئاماده‌ بێ و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێت مووچه‌ بدات، سیستمێكی بایۆمه‌تریی زۆر ڕێكوپێكمان هه‌یه‌ و هه‌رچی مووچه‌خۆرانی كوردستان هه‌یه‌ له‌و سیسته‌مه‌دا جێگیر كراون، گه‌ر به‌غدا بیه‌وێت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بدات، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ قبووڵی ده‌كه‌ین و ده‌شمانه‌وێت ئه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام به‌غدا ئێستا دوولایه‌نه‌ كار ده‌كات، له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ خه‌ڵك بڵێت مووچه‌تان بۆ دابین ده‌كه‌م كه‌ نایكات و ڕاست نییه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌یه‌ك ده‌نێرێت بۆ په‌ر‌له‌مان كه‌ نه‌ك ته‌نها ناتوانێت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت به‌ به‌كارهێنانی هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ به‌پێی ده‌ستوور دانپێدانراوه‌، تێكی بدات و ئه‌مه‌ ڕوونه‌ كه‌ نایه‌وێت ئه‌م شته‌ جێبه‌جی بكات، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیسان ده‌یڵێینه‌وه‌ ئاماده‌ین و بایۆمه‌تریمان كردووه‌ و بابێن وردبینی له‌ ناوه‌كانیشدا بكه‌ن و ئاماده ‌بن ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ چوونی شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا، نه‌خێر تا ئێستا واده‌یه‌ك بۆ چوونی ئه‌و شانده‌ دیاری نه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و ئاماده‌ین وه‌ك هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیه‌كی بونیاتنه‌رانه‌ و ڕێكوپێك دروست بكه‌ین و له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌وینه‌ گفتوگۆیه‌كی زۆر زۆر جددی بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، ئه‌م خواسته‌ لای ئێمه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئه‌و خواسته‌ی هه‌بێت".
 
ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی هه‌وڵی سه‌ردانیان بۆ توركیا و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی عیراق بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌ و سه‌ردانی تیمه‌ ته‌كنیكییه‌كانى هه‌رێم بۆ به‌غدا و ده‌نگۆى پێدانی ملیارێك دۆلار له‌لایه‌ن ڕۆسنه‌فته‌وه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا، به‌ڕێزیان گوتی: "مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هی ئه‌و مانگه‌ و مانگێكی دیكه‌ش دابه‌ش ده‌كرێت و ئێستا ئه‌گه‌ر هی ئه‌و مانگه‌ ته‌واو بوو ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگێكی دیكه‌ش ده‌كه‌ین. ئایا ڕۆسنه‌فت ملیارێك دۆلاری به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوه‌؟ نه‌خێر شتی وا نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌پێی ڕێككه‌وتنێك كه‌ پێشتر ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌مانبووه‌ هه‌ندێك پاره‌ى به‌ هه‌رێمی كوردستان داوه‌ و هیچ پاره‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌داوه‌. سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی توركیا، توركیا دراوسێى ئێمه‌یه‌، هه‌وڵه‌كانمان هه‌میشه‌ وابووه‌ كه‌ خواستمان بووه‌ سه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ بكه‌ین و په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵیان هه‌بێت، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ بڕه‌خسێ بۆ سه‌ردانی توركیا، ئێمه‌ پێمانخۆش ده‌بێت و ئاماده‌ین سه‌ردانی توركیا بكه‌ین، به‌ڵام هیچ هه‌وڵێكی وا نییه‌ كه‌ بڵێیت شكستی هێناوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ جه‌نابت باسی ده‌كه‌ی، پێمانخۆشه‌ سه‌ردان بكه‌ین و ئه‌گه‌ر بكرێت ده‌چین. سه‌باره‌ت به‌ هاوكارییه‌كانی به‌غدا بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌، به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندروستیی عیراق په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ و داوای لیستی بریندار و زیانه‌كانی كردووه‌ و هاوكارییه‌كانی به‌غدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌. پێویسته‌ كێشه‌كان له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق چاره‌سه‌ر بكرێن، كه‌ باسی سه‌ردانی تیمی ته‌كنیكی ده‌كرێت، ئه‌و تیمانه‌ن كه‌ شاره‌زاییان هه‌یه‌ و پێویستیمان به‌ تیمی یاسایی و دارایی هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ن كه‌ ده‌بێت گفتوگۆی جددی له‌گه‌ل هاوبه‌شه‌كانیان له‌ به‌غدا بكه‌ن".
 
سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی سه‌ردانی شاندێكی حكوومه‌تی عیراق بۆ وردبینیكردنی لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ولێر و بوونی بندیوار له‌ سیستمی بایۆمه‌تریدا و داخستنی سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوورییه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ و كردنه‌وه‌ی ته‌نیا خاڵی سنووری باشماخ، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد: "سه‌باره‌ت به‌ بوونی بندیوار له‌ لیستی بایۆمه‌تریدا، ئه‌مه‌یان وا نییه‌ و ئێستا وردبینی له‌ ناوه‌كانی ناو ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كرێت. سیستمی بایۆمه‌تری پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌رده‌وام وردبینی له‌ ناوه‌كاندا ده‌كرێت، من ناتوانم ژماره‌ی كۆتایی بڵێم چونكه‌ تا ئێستا دیار نییه،‌ به‌ڵام پڕۆژه‌یه‌كی وردبینی ده‌ستپێكراوه‌ و ئه‌و ناوانه‌ی زیاده‌ن یان كه‌من دیاری ده‌كرێن. ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ر خانه‌نشینان بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی بۆ نییه‌ كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ 200 هه‌زار خانه‌نشینی بندیوارمان هه‌یه‌، هه‌موو خانه‌نشینانی كوردستان 240 هه‌زار كه‌سن و له‌وه‌ تێناپه‌ڕێت، هیچ شاندێكی به‌غداش بۆ وردبینی لێره‌ نین. سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كانیش ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران بكه‌ن كه‌ ئێستا تاكه‌ ده‌روازه‌ی كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ده‌روازه‌ی سنووری باشماخه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌مه‌، ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌بده‌ئی ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه‌ خاڵه‌ سنووره‌ییه‌كانی دیكه‌ش بكه‌نه‌وه‌ و ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین ده‌روازه‌كان بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ پێمان وایه‌ كردنه‌وه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خودی ئێران و هه‌رێمی كوردستاندایه‌ و چاوه‌ڕێی بڕیاری‌ كۆماری ئیسلامیی ئێرانین و له‌سه‌ر هێڵین و به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان و هیوادارین له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا بكرێنه‌وه‌".
 
ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا و گۆڕانی هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان و چالاككردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا و بێده‌نگیی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كانی به‌غدا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كار و چالاكیی چه‌ند ده‌زگایه‌كی میدیایی، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی به‌غدا كه‌ ڕایانگه‌یاندوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ مافێكی ده‌ستووریی ئێمه‌یه‌ و ده‌ستووری عیراق به‌و شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارێزگاكان كارێكی ده‌ستووری نییه‌ و سیاسه‌ته‌ ڕاست و دروسته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی ئێستا ئه‌وان ده‌یكه‌ن، سێ نموونه‌تان بۆ ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ن. یه‌كه‌میان له‌ ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌ی عیراقدا و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ی كه‌ به‌كار هاتووه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه. دووهه‌م لادانی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندنی عیراق هه‌بووه‌ كه‌ گوتوویانه‌ سێ پارێزگاكه،‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك قه‌واره‌ی سیاسییه‌. سێیه‌م گشتاندندێك له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عیراق ده‌رچووه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ بچێت بۆ مۆڵه‌ت ده‌بێت بنووسێت ده‌چێت بۆ كام پارێزگا، نابێت بنووسرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌چێت!، ئه‌مانه‌ هه‌مووی خۆی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م قسانه‌یه‌ كه‌ چۆن ڕێز له‌و ده‌ستووره‌ ده‌گرن و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێز بۆ ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ داده‌نێن كه‌ پێی ده‌ڵێن هه‌رێمی كوردستانی عیراق. به‌داخه‌وه‌ سیاسه‌تی ئێستا مه‌سه‌له‌ نه‌ ڕیفراندۆمه‌ و نه‌ هیچ، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌یبینین هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌مه‌یان ترسناكه‌ و ته‌نیا بۆ حزبێكی سیاسیش نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌، هیوادارین و داوا ده‌كه‌ین و پێمان وایه‌ و دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن كه‌ گه‌لی عیراق ده‌نگیان پێداوه‌، ده‌مانه‌وێت گفتوگۆیه‌كی جددی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بكه‌ین و ئه‌وه‌ش له‌ به‌غدا چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین پابه‌ندی ئه‌و ده‌ستووره‌ بێت و جێبه‌جێ بكات. زۆر بڕیاری كه‌ ده‌رده‌كرێن ناده‌ستوورین، زۆر له‌و بڕیارانه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عیراق دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركراون، ناده‌ستوورین و ده‌ستوور ڕێگه‌ نادات به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت، كاتێك باسی ده‌ستوور ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و ماددانه‌‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی خۆیاندایه، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رژوه‌ندیی خۆیاندا نه‌بێت باسی ده‌ستوور ناكرێت، ده‌بێت هه‌موو مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان وه‌ك خۆی ببینرێن. سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش، به‌ سوپاسه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ئێستا ده‌رباره‌ی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی ئێمه‌ قسه‌ی تێدا ده‌كه‌ین هیچ واده‌یه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ دیار نییه‌. ئه‌گه‌ر دانوستانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌و نووسینگه‌یه‌ی له‌ به‌غدا هه‌مانه‌ ده‌بێت گرنگی پێبدرێت و زۆر چالاكتر ببێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی كاری چه‌ند ده‌زگایه‌كی میدیاییش، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وه‌ كارێكی دروست نییه‌ و هیوادارین ئه‌م بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".
 
ده‌رباره‌ی قه‌یرانی ده‌رمان و هه‌وڵی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه و پرسی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ ئه‌گه‌ر له‌ نه‌فه‌قاتی سیادیی عیراق نه‌درا، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ پێمانوایه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عیراق سه‌دا حه‌ڤده‌یه‌ و له‌ ده‌ستووریشدا هاتووه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شێكه‌ له‌ سیسته‌میی به‌رگریی عیراق و شه‌ڕی داعشیش باشترین نموونه‌یه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوكاریی سوپای عیراق به‌یه‌كه‌وه‌ كارێكی زۆر جددییان كرد بۆ به‌رگریكردن له‌ عیراق به‌گشتی، گه‌ر ئه‌و یارمه‌تییه‌ی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌ زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بوو سوپای عیراق بتوانێت بچێته‌ ناو مووسڵ، ئه‌مانه‌ هه‌مووی ئه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شێكه‌ له‌ سیستمی به‌رگریی عیراق و به‌غداش ده‌بێت به‌پێی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بكات. به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا دوازده‌ نییه‌ و به‌پێی ڕێككه‌وتنێكی سیاسیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌یه.‌ كاتی خۆی به‌ ئاماده‌بوونی خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال له‌گه‌ڵ وه‌زیری داراییی عیراق كه‌ خۆشم له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاماده ‌بووم، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ سه‌دا حه‌ڤده‌‌ دیاری كرا، ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری له‌ عیراق كرا ئه‌و كاته‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌نده‌ با ئه‌وه‌نده‌ دیاری بكرێت، تا سه‌رژمێری ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و حه‌ڤده‌ له‌سه‌ده‌ درا، ئێمه‌ داوای بیست و سێ له‌ سه‌دمان ده‌كرد و ئه‌وان ده‌یانگوت ئه‌وه‌ زۆره‌ و هاتین له‌سه‌ر ژماره‌ی حه‌ڤده‌ له‌سه‌د ڕێككه‌وتین تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رژمێری له‌ عیراق ده‌كرێت و كه‌ ئه‌وه‌ش كرا ئێمه‌ لاریمان نییه‌ چه‌ند داده‌نێن، ده‌بێت عیراق پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بێت و ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری كرا به‌شی ئێمه‌ زیاتر یان كه‌متر ببێت كێشه‌یه‌كمان نابێت، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ ده‌بێت ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بكرێت. سه‌باره‌ت به‌ ده‌رمان ناڵێین كه‌ ئه‌وان هیچیان نه‌ناردووه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین كه‌میان كردۆته‌وه‌، له‌سه‌ر هێڵین له‌گه‌ڵیان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئێمه‌ پێویستیمان به‌ ده‌رمانه‌، ئێستا ملیۆنێك و چوارسه‌د تا پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و خزمه‌تگوزاریی له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن و به‌هۆیه‌وه‌ ڕێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی‌ كوردستان سی له‌سه‌د زیادی كردووه‌، تێچوویان له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم نزیكه‌ی ملیارێك و پێنجسه‌د ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دابین ده‌كرێت، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌و یارمه‌تییه‌ هه‌یه‌ و له‌ هه‌موو جیهانیش وایه‌ كه‌ ده‌بێت ناوه‌ند خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌و كێشانه‌ بزانێت".
 
سه‌باره‌ت به‌ ڕازینه‌بوونی به‌غدا به‌ دانی حه‌ڤده‌ له‌ سه‌دی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵوێستی هه‌رێم له‌مباره‌یه‌وه‌، به‌ڕێزیان گوتی: "هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌ تاكو بڕیارێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بده‌ن، ئێمه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان حه‌ڤده‌ له‌سه‌د بێت و هیچ كاتێكیش داوای داخستنی ده‌رگاكان له‌گه‌ڵ به‌غدا ناكه‌ین، به‌ڵكو داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ین. له‌ گفتوگۆدا ده‌توانین بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێك، لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئارامییه‌كی به‌رده‌وام له‌ عیراقدا هه‌بێت یان به‌رده‌وام ئه‌و كێشانه‌ هه‌بن؟ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئارامی له‌ عیراقدا هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و لۆژیكه‌ به‌لاوه‌ بنێین كێ به‌هێزه‌ و كێ نا، ده‌بێت دابنیشین ئه‌و كێشانه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌گه‌ر به ‌ڕاستی به‌غدا نایه‌وێت ئارامی له‌ عیراق هه‌بێت، ئه‌م كێشانه‌ هه‌ر ده‌مینێن و گه‌لی كوردیش هه‌ر ده‌مێنێت و هه‌رده‌م داوای مافی خۆیشی ده‌كات، واته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ نابێت به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ حزبێكه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ گه‌لێكه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ داوای مافی خۆی ده‌كات و ئه‌و مافه‌ش ده‌ستوورییه‌ و له‌ ده‌ستووری عیراقدا هاتووه‌. بۆ وایلێهات‌ بگه‌ینه‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم؟ چونكه‌ ئێمه‌ بێئومێد بووین ئه‌م ده‌ستووره‌ جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستووری عیراق به ‌ڕاستی جێبه‌جێ ده‌كرێت و گه‌لی ئێمه‌ دڵنیا ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ پاشه‌ڕۆژێكی باشی ده‌بێت، بێگومان په‌نا ناباته‌ به‌ر هیچ ئامراز و شتی دیكه‌. ده‌بێت‌ به‌غدا بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئارامی له‌ عیراقدا هه‌بێت و هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌ عیراق ده‌بێت ئه‌و ئارامییه‌ی تێدا بێت، ڕێگه‌ی گه‌یشتن به‌و ئارامییه‌ گفتوگۆییه‌كی جدییه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه‌ گه‌لی عیراق ده‌نگیان پێداوه‌".
 
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا له‌ جیاتی پێشوازیكردن له‌ شاندێكی سیاسی، ئاماده‌یه‌ پێشوازی له‌ شاندێكی ته‌كنیكی بكات و به‌شدارینه‌كردنی گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم و كاریگه‌ریی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر دواخستنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد: "ئێمه‌ نه‌مانبیستووه‌ به‌غدا داوایه‌كی فه‌رمی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردبێت پێشوازی له‌ شاندی ته‌كنیكی ده‌كه‌ن و شتی وا نه‌بووه‌. ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی دوێنی بڕیاربوو له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان ئه‌نجام بدرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو كه‌ بڕیار درا دوابخرێت بۆ كاتێكی دیكه‌ و پێشبینیی ئه‌وه‌ش ناكه‌م بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بیانه‌وێ كێشه‌ دروست بكه‌ن تاكو گفتوگۆكان ئه‌نجام نه‌درێن و ئه‌و بۆچوونه‌م له‌سه‌ریان نییه، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌وه‌ نییه‌ كه‌ گفتوگۆكان هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌نجام نه‌دران، با هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌نجام بدرێن".
 
ده‌رباره‌ی داوای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆڵیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و باڵاده‌ستبوونی ئێران له‌ عیراق، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: "وا باشتر ده‌بێ له‌و بابه‌ته‌دا پرسیار له‌ خودی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بكرێت. ئێران دراوسێی ئێمه‌ و عیراقیشه‌ و ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك باش بێت و به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاش باش بێت. له‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق، باسی داواكارییه‌كانی خۆمان كردووه، ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یامی فه‌رمیی خۆیدا ده‌ڵێت ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حكوومه‌تێكی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌مه‌ریكا ده‌یكات ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ نییه‌، ئێمه‌ وای ده‌بنین‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش لایه‌نگری به‌غدا ده‌كات نه‌ك هاوسه‌نگی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڕابگرێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوای ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ ڕابگرێت و یارمه‌تیی هه‌ردوولامان بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا".
 
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری كۆتاییشدا ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: "زۆر قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كردووه‌ و هه‌رچی بیڵێم دووباره‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت گفتوگۆ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و هیچ جێگره‌وه‌یه‌كیش بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا نابینین. خواستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات".
 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌