2017-11-14

 حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیێندراوێك لەبارەی ڕاڤەكردنی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەكەمی دەستووری عێراق بڵاو دەكاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، "ڕێز لەو ڕاڤەكردنەی دادگای باڵای فیدراڵی دەگرین و، دووپاتیشی دەكەینەوە كە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەك بۆ دەسپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەكردنی ناكۆكییەكان".

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

لەسەر داوای ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە ڕۆژی 5/11/2017، دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕۆژی 6/11/2017 بڕیاری ژمارە 122ـی دەركرد سەبارەت بە ڕاڤەكردنی ماددەی یەكەم لە دەستووری عێراق، كە ئەمە دەقەكەیەتی: (كۆماری عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵیی سەربەخۆیە، خاوەن سەروەریی تەواوە كە سیستمی حوكمڕانی تێیدا كۆماریی پەرلەمانیی دیموكراتییە، ئەم دەستوورە زامنی یەكێتیی عێراقە).

وەك چۆن هەمیشە هەرێمی كوردستان جەختی كردووەتەوە كە پابەندی گرتنەبەری ڕێگەی دەستووری و یاسایییە بۆ چارەكردنی ناكۆییەكانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و هەرێم، لە ڕوانگەی هەڵوێستی ڕوونمانەوە بە پێشوازیكردن لە هەر دەستپێشخەرییەك بەم ئاڕاستەیە، لە پێش هەموویشیانەوە دەستپێشخەریی ئایەتوڵڵا عوزما (سەید سیستانی) و هەندێك لە كەسایەتییە عێراقییەكان و وڵاتانی دۆستی گەلی عێراق بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق بۆ چارەكردنی ناكۆكییەكان، ڕێز لەو ڕاڤەكردنەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەكەم لە دەستوور دەگرین، لە هەمان كاتیشدا دووپاتی دەكەینەوە، بڕوامان وایە كە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەك بۆ دەسپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەكردنی ناكۆكییەكان لە ڕێگەی جێبەجێكردنی تەواوی هەموو ماددەكانی دەستووری عێراقەوە، بە جۆرێك ببێتە هۆی زامنكردنی پاراستنی ماف و دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هاتوو لە دەستووردا بەو پێیەی ئەمە تاكە ڕێگەیە بۆ زامنكردنی یەكێتیی عێراق وەك لە ماددەی یەكەمی دەستووردا هاتووە.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

14/11/2017

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌